کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی بەرینی کۆمەڵایەتی فەرانسە دژ به‌ گه‌لاله‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ گورینی یاسای كار

ئیواره‌ی رۆژی شەممە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی فەرانسە لە کرێکاران، خوێندکاران و دانش ئاموزان لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئەم وڵاتە بۆ دەیەمین شەوی بەردەوام لە ناڕەزایەتی بە لایەحەی ئیسلاحی قانونی کار دەستیاندایە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری. ڕاپۆرتەکان باس لە بەڕێوەچوونی زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندان لە سەرتاسەری وڵات ده‌كه‌ن. خۆپیشاندەران لە پاریس بە دانی دروشم و هەڵگرتنی کۆمەڵێک پلاکارد بە ناوەرۆکی ” یاری کۆتایی هات، خەڵک وشیار بوونەوە”، بەرەو ماڵی سەرۆک وەزیری فەرانسە رۆیشتن. هێزە ئەمنیەتیەکان جارێکی تر بە هێرش کردنەسەر ناڕازیان لەگەڵیان دەرگیر بوون. لە جەریانی هێرشی توندوتیژ و سه‌ركوتگه‌رانه‌ی پۆلیسدا دەیان کەس بریندار بوون و ژمارەیەکیش ده‌ستبه‌سه‌ر کران. قەرارە لایەحەی پێشنیهادی دەوڵەت بۆ ئیسلاح کردنی قانونی کار لە سێی مانگی مەی داهاتودا لە مەجلیسی میللی ئەم وڵاتەدا بدرێتە بەر باس و وتووێژ. سەندیکاکانی کرێکاران، خوێندکاری و دانش ئاموزی فەرانسە دەیانەوێ تا ئەو رۆژە بە بەڕیوەبردنی خۆپیشاندان و کۆبونەوەی بەرینی خیابانی درێژە بە گوشارەکانیان بۆسەر دەوڵەت بدەن.زیاتر لە مانگێکە ئەم ناڕەزایەتیانە لە فەرانسەدا درێژەیان هەیە و مەیدانی کۆماری لە شاری پاریس هەموو شەوێک لە کۆنترۆڵی ناڕازیاندایە. ئەو شەو وه‌خه‌به‌ر مانەوانەی کە لەژێر ناوی ” شەوی ڕاوەستان” دا لە مەیدانە جۆراو جۆرەکان و لەوانە لە مەیدانی کۆماری پاریس به‌رده‌وامه‌، بۆتە زەرفێک بۆ قسەوباسی گشتی. ئەو باسانە گەلێک لە ئامانجی ئەم ناڕەزایەتیانە واوەتر ئەچێت و بزوتنەوەی ئەم دواییە لە فەرانسە دەخاتە ریزی بزوتنەوە کۆمەڵاتیە دژی سەرمایەداریەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە وانە بزوتنەوەی داگیر کردنی وال ئیستریت و بزوتنەوەی ٩٩ لەسەدیەکان. لەم شەو بێداریانەدا شارۆمەندان سەبارەت بە مەسایل و موشکلاتی جۆراو جۆری کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتردا قسەو باس دەکەن. ئەم ئەزمونە کە لە دەرەوەی چوارچێوە سوننەتیەکانی حێزبه‌كان و سەندیکاکاندا روو ئەدات، گرنگترین لایەنی ئاموزەندەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستای نێو فەرانسەیە. زۆربەی خەڵکی فەرانسە، پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکان دەکەن. حوزوری کرێکارانی کەرتی تایبەت و بەشداری بەرینی لاوان لە ڕێپێوانەکاندا سەرمایەدارانی گەورەی لە فەرانسە خستوەتەوە بیری مانگرتنە ١٠ ملیۆن کەسیەکانی کریکاران و باقی ئاکسیۆنەکانی ساڵی ١٩٦٨ ی خوێندکاران و کرێکاران لەم وڵاتەدا.690
گەڵاڵەی نوێی قانونی کاری فه‌رانسە، بەشێک لە سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکانی دەوڵەتی فەرانسەیە کە ئامانجی ئەساسەن بەرگرتنە لە هەڵاتنی سەرمایەکان و هاندانی سەرمایەداران و خاوەنکاران ئەم وڵاتە بۆ مانەوە لە فەرانسە و بەهرەمەند بوون لە هێزی کاری هەرزان لەنێوخۆی ئەم وڵاتەدا. لە دوو دەیەی دواییدا بەشێکی بەرین لە سەرمایەکانی فەرانسە بەرەو چین و وڵاتانی ئاسیای باشوری رۆژهەڵات رۆیشتون. دەوڵەتی فەرانسە لە ڕێگای ئەم لایەحەیەوە وەعدە و بەڵین بە سەرمایەداران ئەدات کە سفرەی ڕەنگینی چەوساندنەوەی کاری هەرزان لەم وڵاتەدا بۆ ئەوان ڕادەخات. دەوڵەت ئەم سیاسەتەی لەژێر ناوی هەوڵدان بۆ دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری باس دەکات. بەڵام بەشی پێشڕەو و وشیاری کۆمەڵگای فەرانسە ئەم بیانوەی دەوڵەتیان قەبوڵ نییە. ئەوان دەڵێن بۆ دابەزاندنی ئاستی بێکاری بۆچی کاتژمێرەکانی کار کەم ناکەنەوە؟

بە هۆی ئەم لایەحەیەوە ماف و ئیختیاراتی سەندیکاکان کەم دەبێتەوە. دەستی خاوەنکاران بۆ دەرکردنی کرێکاران کراوەتر دەبێت. نرخی پەرداختیەکان بۆ ئیزافە کاری لە شەودا کەم دەبێتەوە. ئیختیاراتی شیرکەتەکان لە گۆڕينی ساعاتی قانونیی کاری حەفتانەدا زیاتر دەبێت. خۆپیشاندەران داواکاری پەشیمان بوونەوەی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەت لە تەرحی ئیسلامی قانونی کار، کەم کردنەوەی ساعاتی کار و ڕاگرتنی كرده‌وه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی پۆلیس دژ به‌ ناڕزیان و خۆپیشاندەرانن.

کرێکارانی فەڕانسە، یەکێک لە خه‌باتكارترین گوردانەکانی ئەڕتەشی جیهانی چینی کرێکارن. ئەوان لە مانگرتنەکان، خۆپیشاندەناکان و کۆبونەوە جۆراو جۆرەکاندا، ئەم ڕەزمنەدەگیەیان نیشان داوە. بورژوازی فەرانسە بە خۆراگری کردن لە بەرانبەر ویست و داواکاری کرێکارانی ئەم وڵاتەدا بەکردەوە ئاڵا هەڵگری دابین کردنی بەرژەوەندی هاوچینەکانی لە باقی وڵاتانی ئوروپایی دایە. لەم روەوە سەرکەوتنی کرێکاران و شکست خواردنی بۆرژوازی فەرانسە لەم سەنگەرەدا، سەرجەم بۆرژوازی ئوروپا ناچار به‌ هەنگاوێک پاشەکشە دەکات. لە شۆڕشی کەبیری فەرانسەوە لە ساڵی ١٧٨٩ بەملاوە، بە تایبەت کومۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ و بزوتنەوەی کرێکاران و خوێندکاران لە ساڵی ١٩٦٨، کێشەی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران، کێشەی نێوان ڕاست و چەپی کۆمەڵگا لە فەرانسە، ره‌وتی ئاڵوگۆری لە سەرجەم ئوروپایدا دیاری کردوە. ئەوەی کە وێڕای بوونی بزوتنەوەیەکی بەرینی کرێکاری و پشتیوانی بێ وێنەی لاوان لێی، بۆچی کرێکاران تا ئێستا نەیانتوانیوە دەوڵەت ناچار بکەن لایەحەکەی وەربگرێتەوە، وڵامی ئەم پرسیارە لە کورت ترین بەیاندا ئەوەیە کە لەم نەبەردە گەورە چینایەتیەدا، بۆرژوازی فەرانسە ڕێکخراوە و ڕێبەری دەکرێت، بەڵام چینی کرێکار لە سازمانی کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵی خۆیدا ڕێك نەخراوە. رێبه‌رانی سه‌ندیكاكان توانای به‌ ئاكام گه‌یاندنی ئه‌و خه‌باته‌یان نییه‌ و به‌ كرده‌وه‌ چاوه‌ریی بارودۆخێك ده‌كه‌ن كه‌ تێیدا فورموله‌كانی سازشی خۆیان له‌ گه‌ل ده‌وله‌ت بێننه‌ گۆرێ . له‌ راستیدا ده‌وڵه‌تی فه‌رانسه‌ش به‌ زانینی ئه‌و راستییه‌ كه‌ به‌رانه‌به‌ر به‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ راوه‌ستاوه‌ و نیشانه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سنندیكاكان له‌ هه‌مان كاتدا توانای كونترول كردنی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته‌شیان نییه‌. ئاكامی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ر كوێ بگات هه‌تا ئیره‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی به‌ نیسبه‌ت سیاسه‌ته‌كانی سوننه‌تی تا ئیستای سندیكاكانی فه‌رانسه‌ هه‌لگرتۆه‌ و ده‌سكه‌وتێكی به‌ نرخه‌ له‌ پێناو قوولتر بونه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی له‌ وڵاتی فه‌رانسه‌ دا.