ڕۆژی شه‌ممه و یه‌كشه‌ممه ١٦ و ١٧ی به‌فرانبار، دوو كۆڵبه‌ری خه‌ڵكی سه‌قز به ناوه‌كانی “تاها گوڵمحه‌ممه‌دی” و “ڕه‌زا حه‌سه‌نی” به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له سنووری هه‌نگه‌ژاڵی بانه بریندار كران.
به‌پێی ڕاپۆرتی كۆڵبه‌رنیووز، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه كۆمه‌ڵێك كۆڵبه‌ر له سنووری هه‌نگه‌ژاڵی بانه كه‌وتوونه‌ته بۆسه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم و ڕاسته‌وخۆ ته‌قه‌یان لێكراوه. له ئاكامی ئه‌و هێرشه‌دا كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی سه‌قز به ناوی “تاها گوڵمحه‌ممه‌دی” ته‌مه‌ن ٣٣ ساڵ به‌سه‌ختی بریندار و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی بانه گوزرایه‌وه. هه‌روه‌ها شه‌وی شه‌ممه، كۆڵبه‌رێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی سه‌قز به ناوی “ڕه‌زا حه‌سه‌نی” به فیشه‌كی ساچمه‌یی هێزه‌كانی هه‌نگی مه‌رزی بانه پێكرا و ده‌ستی به‌سه‌ختی بریندار بوو.