بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوون، ڕۆژی سێشەممە بهرواری ٩ی مانگی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش لە نزیک ئاوایی ” دەرەوەران” و “مێرگەسوور”ی سەربە بەشی “خاومیراوا”ی شارستانی مەریوانن دهكهونه کەمینی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی و لە ئاکامی تەقەکردن لێیان، ٥ کەس لەم کۆڵبەرانه دەکوژرێن یاخود بریندار دەبن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ” کەماڵ بامەرز” ٣٧ ساڵ تەمەن و خێزاندار، خەڵکی ئاوایی “قتوەند” بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە گیانی لە دەست دەدات و ٣ کەسی دیکەشیان بەناوەکانی “تۆفیق” و “جەمیل نەقاش” و ” محەممەد نادریی” و ههروهها کەسێکی دیكه کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەبووە، بە سهختیی بریندار دەبن کە باری تهندرووستیی دوو کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
کۆڵبەران لە ناوچەکانی سەرسنووری کوردستان، وێڕای تەحەمولکردنی مەترسیی و ڕیسکی کەوتەنە کەمینی بەکرێکیراوانی ڕژیم و تەحەمۆلکردنی تەلەفات، گەلێک جاریش دەبنە قوربانیی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە دەورانی جێگیربوونی هێزەکانی ڕژیم لەم ناوچانە. کەواتە دهبێ بە ئاماری تەلەفاتی تەقەی هێزەکانی ڕژیمەوە لە کەمینگهکان، دەیان کەسی دیکەش زیاد بکرێن کە ساڵانە بەهۆی کەوتنە نێو مەیدانهكانی مینەوه، گیانیان لە ڕێگهی دابینکردنی لانیکەمی بەڕێچوونی ژیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان، لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوهكانی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵهوه ههتا ئێستا، زیاتر لە ٧٠ کۆڵبەر لە کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕژیمهوه کوژراون و بهدەیان کەسی دیکەش بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا هێزە نیزامییەکانی ڕژیم، سەدان ئەسپی ئەم کاسبکارانەیان دوای دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان، بە گوللە کوشتووە.
کۆڵبەریی ئەم کارە سەخت و تاقەت پڕووکێنەیه كه سهرهڕای ئهم گشته دژواریی و مەترسییانهش کە هەیەتی، بۆ خەڵکێک کە سەرچاوەیهكی داهاتیان نییە، وەک “کار” دێته ئهژمار و جەماوەرێکی بەرین لە کرێکارانی بێکاریش ڕوویان تێکردووە. پەرەسەندنی ئاستی بێکاریی و هەژاریی، ئەم “کار”ە پڕمهترسییهی بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا سەپاندووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بێکاریی لە کوردستان ئاستێکی کارەساتباری بەخۆیەوە گرتووە. بۆ نموونە شاری کرماشان بانترین ڕێژهی بێکاریی لەناو شارەکانی ئێراندا هەیە و لە شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستانیش، ڕێژهی بێکاریی ههر دێ و ڕووی لە ههڵكشانه. لە سایهی ئەم دۆخەدایه كه کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوورییەکان، کەمتر لە هەر شوێنێکی ئێڕانیش شانسی دۆزینەوەی کاریان هەیە. لەمڕووەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە لەڕووی ناچاریی و بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕوو دەکەنە کارێکی مهترسیداری لهم چهشنه و بەهەڵگرتنی کۆڵێکی قورس، گەلێک ڕێگای هەڵدێر و کەمینگهی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم تێدهپهڕێنن کە هەرکامەو گوزهرگهیەکی مەرگن. ئهمانه ههمووی به ئومێدی ئهوه ئهنجام دهدهن كه بەشكهم لەم ڕێگهیەوە بتوانن چەرخی ژیانی مەینەتباریان بسووڕێنن. ئەو کۆڵبەرانەی کە ڕوویان کردووهتە کاری گواستنەوەی بار لەسەر سنوورەکانەوە، لەڕاستیدا هێزێکی کاری بەکرێگیراوی ئەو تاجر و دەڵاڵانەن کە بە دەفتەر و دەستەکێک کە لە شار و گوندهكانی سەرسنووردا ههیانە، کالایەک لە شوێنکی سنوورەوە ههنارده یاخود هاورده دهكهن و زیاترین و بانترین قازانجیش دهكهن، بەبێ ئەوەیكه هیچ مەترسییەکیان لەسەر بێت، دەخەنە گیرفانیانەوە و هەقدەستێکی کەمیش دەدەن بە کۆڵبەرەکان.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ پاساوی جەنایەتەکانی بەرانبەر بە کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی ناوچە سنوورییەکان، ئەوان بە قاچاغچی و بەکرێگیراو دەناسێنێ و بە گواستنەوەی کالایەک تاوانباریان دەکات کە مافی یاسایی و گومرکهکەی نەدراوە. وتەبێژی هێزی ئینتیزامیی ڕژیم لە لێدوانێكیدا بۆ ڕاگەیەنەرەکان، وتبووی کە کۆڵبەرەکان بە هێنانی چەک و تەقەمەنیی و ماددەی هۆشبەر لە شکڵی جۆاروجۆردا بۆ ناو خاكی ئێران ئەمنییەتی ئەم وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە. کاربەدەستانی ڕژیم لە بارودۆخێکدا هەوڵ ئەدەن کە کۆڵبەرانی زەحمەتکێش بە تاوانكار و قاچاغچیی بناسێنن کە خەڵکی کوردستان زۆر بەباشیی دەزانن کە ئەم ئینسانە شەریفانە، قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین. کۆڵبەرانی سەرسنوور لە حاڵێکدا ئەم جاددەی مەرگ و ڕێگه پڕ لە مەترسییەیان بۆ دابینکردنی لانیكهمی هەزینە سەرسووڕهێنەرەکانی ژیان گرتووهتەبەر کە، لەژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمە جەنایهتکارەدا، هیچ ڕێگهیەکی دیكه بۆ دەستەبەرکردنی هەزینەکانی ژیان و بەڕێچوونیان بۆ نەماوەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە بارودۆخێکدا هەموو ڕۆژێک کۆڵبەرانی سەرسنوور بە تاوانی قاچاغچێتیی دەداتەبەر هێرشی وەحشییانە و قوربانیان لێ دەستێنێ کە خەڵکی کوردستان زۆر بەباشیی دەزانن كه ئهوه خودی مافیای سپای پاسداران و تاجر و باندە گەورەکانی هاودەستیانن كه سهبهبكاری سەرەکیی ههڵكشانی ڕێژهی قاچاغی كالا بۆ ئێرانن.
ڕژیمی ئیسلامیی لە حاڵێکدا کۆڵبەرانی سەرسنوور بە تاوانكار دەناسێنێ و دەیانکاتە ئامانجی هێرشه وهحشییانهكانی، کە بەشێک لە خەڵکی شەریف و زەحمەتکێش لە ناوچەکانی سەرسنوری سەردەشت، بانە، پیرانشار و مەریوان، ماوهی ساڵانێکە لە ڕێگهی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی کالاکانی جێی پێداویستی هەردوو دیوی سنووری ئێران و عێراق، لهڕێگهی کۆڵبەریی و تەحەمۆلی گەلێک دژواریی و مەترسیی، ژیانێکی سادە و مەمرە و مەژییان پێكهوه ناوه. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەیدا لە کوردستانن به دروستکردنی دیوار، لێدانی کاناڵ و زیاترکردنی پۆستی کۆنتڕۆڵ، ئەم باریکە ڕێگهیەش دادهخات کە خەڵک بۆ گوزهرانی ژیان دۆزیویانهتهوه و تهنانهت بهوهش ناوهستێت و بە تەقەکردن و هێرشی وەحشییانە بۆسەر ئەم ئینسانە زەحمەتکێشانە، بارەکانیان تاڵان دهكات و ژیانیان دەخاته مهترسییهوه.
ئەم بارودۆخە دژوارەی کە ڕژیم بەسەر زەحمەتکێشانی سهرسنووری داسەپاندووە، گۆشەیەکە لە دهرهاویشتهكانی سیاسەتێکی شۆڤێنیستیی کۆماری ئیسلامیی لەدژی خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی زیاتر لە ٣ دەیەی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە مێلیتاریزەکردنی ئەم ناوچانە و بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنییەتیکردنی فەزای شارەکان بەرەوپێشی بردووە. خەڵکی کوردستان نابێ لەبەرانبەر ئەم جەنایهت و زۆروێژییە ئاشکرایهی ڕژیمدا بێدەنگ بن. قین و نهفرهت و ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری سەردەشت لە ماوهی ساڵانی ڕابردوودا لەدژی جەنایەتەکانی هێزی ئینتیزامیی ڕژیم کە بووههۆی کوژرانی یەکێک لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، گۆشەیەکه لە هەڵچوونی قین و نەفرەتی خەڵکی کوردستان لەبهرامبهر جەنایەتەکانی ڕژیم دژ به كاسبکاران و کۆڵبەرانی شەریف و زەحمەتکێشی گوندهكانی دهوری سنوور. درێژهی ئەمجۆرە ناڕەزایەتیاینە لە ماوهی ساڵانی ڕابردوودا، نیشاندهری ئهوهیه کە کۆڵبەرەکان، ئەو ئینسانە شەریف و ستەمدیتووانە، ڕای گشتیی خهڵكی كوردستانیشیان له پشته و لهمبارهوه جهماوهری خهڵكیش هاودڵیانن. خەڵکی شارەکانی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی ئازادیخوازی مەریوان و دهوروبهری کە لەماوهی ئهم مانگانەی دواییدا بە ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی قەدەغەكرانی دوچەرخەسواریی ژنان، ناڕەزایەتیی بهرانبهر به نائەمنیی جادەکان و ئاوڕنەدانەوەی کاربەدەستانی حکومەتیی لەم مەسەلانە چەندین دیمهنی پڕشووریان لە خەبات لەدژی زۆرداریی و پێشێلکارییەکانی ڕژیم پیشاندا، نابێ سەبارەت بەم کوشتارەی کۆڵبەران بێ تەفاوەت بن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە حاڵێکدا تەقە لە کۆڵبەران دەکات و دەیانکوژێ کە ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە، هیچ ڕێگهیەکی دیكهیان بۆ دابینکردنی هەزینەکانی بەڕێچوونی ژیان نییە. تاكه ڕێگهی پاشهكشهپێكردن به ڕژیمی ئیسلامیی له پهلاماردانی گیان و ماڵی كۆڵبهران و ههروهها ناچاركردنی به وازهێنان لهم سیاسهتهی، هاتنەسەر شەقام و ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەیە.