×

مێنۆی سه‌ره‌وه‌

مێنۆی سه‌ره‌كی

ده‌ستڕاگه‌یشتنی خێرا

هه‌واڵی ماڵپه‌ڕ

false
true
false

 

سەبارەت بە فیلمنامەیەك

 

ن: گابریل گارسیا ماركێز

 

لە فارسیەوە: سەعید امانی

 

كاتێك كە لە سیپتامبری ١٩٧٨ دا دەستەیەك لە تێكۆشەرانی “بەرەی ڕزگاری بەخشی میللی ساندینیست” هێرشیان كردە سەر” كۆشكی میللی”( مەجلیسی نوێنەران) ی نیكاراگوئە، دەستیان بەسەر مەجلیسدا گرت و عەمەلیاتەكەیان سەركەوتوانە بەڕێوەبرد، كەم كەس پێیانوابوو دوای كەمتر لە ساڵێكی تر ئاناستازیا سوموزا دیكتاتۆری حەڵقە لە گوێی ئەو وڵاتە لە كورسی دەسەڵات بكێشرێتە خوارێ‌ و كۆتایی بە دەسەڵاتی سەرەرۆیانەی بنەماڵەیی ئەو خوێن ڕێژە بهێنرێ‌. ئەم عەمەلیاتە بە جێ و ڕێ‌ و گەڵاڵە بۆ داڕێژراوە، كە گریلاكان بەو بۆنەیەوە كە ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ڕژێمی سوموزای تێدا بە بارمتە گیرابوون ناوی” عەمەلیاتی هۆڵی بەرازەكان”یان لێنابوو، وە بە دوای خۆیدا بواری بۆ ڕاپەڕینی سەرتاسەری جەماوەری، مانگرتنی گشتی كرێكاران، وەرزێران، كارمەندانی ناوەندە خزمەتگوزاریەكانی شارەكان، مامۆستایان و باقی سینف و چینەكانی تر، تیری كۆتایی نابوو بە مێشكی ڕژێمی دیكتاتۆری نیكاراگوئەوە.

هەر لەو سەردەمەدا گارسیا ماركێز ڕاپۆرتێكی زیندوو، هەمە لایەنە و بەڵگەنامەیی لەم عەمەلیاتی بارمتە گرتنە، كە ڕەنگە تا ئەو كاتە یەكێك لەو چالاكیە جەسوورانە، دەقیق و شۆڕشگێڕانە بووبێت كە بەڕێوە چووبوو، بەرهەم هێنابوو كە هەر ئەوكات چاپ و بڵاو كرایەوە. فەرماندەیی و ڕێبەری ئەم چالاكیە سەركەوتوانەیە لە ئەستۆی “ئادن پاستورا” بوو. پاستورا ئەو فەرماندە “سفرە” بە نێو بانگە بوو كە بە وتەی ماركێز “قسە خۆش ی و شۆخیبازیەكەی” نەدەبوە هۆی ئەوەی زەڕەیەك لە شایستەگی و لێهاتوویی ئەو بۆ ڕێبەری و فەرماندەیی وەها چالاكیەك دابشكێنێ‌ كە یەكێك لە دژوارترین و بێ‌ وینەترین چالاكیە چریكیەكانی ئامریكای لاتین بوو. ( لە بەشێك لە فیلمنامەكەی ماركێزدا ژومارەی سفر بە چەشنێكی گاڵتە ئامێزانە بە پالائیس دەڵێت:” هەموو لایەكت بانگهێشتی میوانیەكەت كردبوو ئێمە نەبێ‌…” پالائیس لە وڵامدا دەڵێ‌:” كاكی برا! ئەگەر ویستبات دەتتوانی تۆش بێیت… درگا بۆ هەمووان كراوە بوو…)

“چالاكی هۆڵی بەرازەكان” بە بەشداری ٢٦ گریلای چەكداری بە ئەزموون بەڕێوەچوو. یەكێك لە تایبەتمەندی و خاڵە بەهێز و بەر چاوەكانی ئەم گوروپە ئەوە بوو كە هەموویان گەنج بوون و بێجگە لە خودی پاستورا كە لەو سردەمەدا پێی نابووە تەمەنی چل و دوو ساڵیەوە، باقی ئەندامانی گوروپەكە لە تەمەنی هەژدە بۆ بیست ساڵی دا بوون.

یەكەم ئەندامی گوروپەكە كە پێشتر پێی نابووە كۆشكی پاڕلمانەوە فەرماندە” سفر” بوو. پاستوڕا، ئەویش بە منداڵی لەگەڵ دایكی بۆ دانی ماڵیات چووبوونە ئەوێ‌. فەرماندەی ژومارە دوو، دورا ماریابلز، تەنیا ئەندامی ژنی گوروپ شكڵ و شێوەیەكی ناڕۆشنی لە ساڵۆنی سەوزی پاڕلمان كە شوێنی كۆبوونەوەی نوێنەرانی بوو، لە زەین دا مابوو ئەویشی لە تەلەفزیۆنەوە چەند جارێك دیبوو. باقی ئەندامانی گوروپەكە یان” مەجلیسی مەیللی”یان نەدیبوو یان تا ئەو كاتە تەنانەت پێیان نەنابووە نێو ماناگوای پێتەختەوە. ڕێبەڕانی بەرەی ڕزگاری بەخش ڕۆژی ٢٢ ی ئاگۆستیان بۆ دەست پێكردنی ئەم چالاكیە هەڵبژارد چون لەو ڕۆژەدا باس و وتووێژ سەبارەت بە” بووجەی ساڵانە” سەرنج و لێورد بوونەوەیەكی تایبەتی دەویست. لە كاتژمێر ٣٠/٩ سەر لە بەیانی ڕۆژی دیاری كراو، كاتێ‌ تۆڕی ئەمنیەتی ئەوەی تەئید كرد كە نوێنەران بەبێ‌ ترس و دوو دڵی دەتوانن كۆبوونەوە بكەن، بیست و سێ‌ گەریلای بەشدار لە چالاكیەكەدا لە گشت وردەكاری عەمەلیاتەكە ئاگادار كران و هەر كامە و مەئموریەتێكی تایبەتی خرایە ئەستۆ. گوروپەكە بەسەر شەش دەستەی چوار كەسی دا دابەشكرا.

لە كاتژمێر ٥٠/١١ دا” مەجلیسی نوێنەران” بە پێی ڕەواڵی ئاسایی كۆبوونەوەی خۆی لە” ژووری سەوز” دا گرێدا. لەو هەلومەرج و سەردەمەدا تەنیا دوو حیزب ئیزنی چالاكی یاساییان پێدرابوو: حیزبی لیبڕاڵ، كە حیزبێكی سوننەتی و سەر بە بنەماڵەی سوموزای دیكتاتۆر بوو، لەگەڵ حیزبی پارێزگاران كە ڕۆڵی” ئۆپۆزسیۆن”ی وەفاداری وەئەستۆ گرتبوو. نزیك بە تەواوی نوێنەران هاتبوونە كۆبوونەوەی ئەوێڕۆژی پاڕلمان و لانیكەم دوانیان بە ئەندازەی كێشی خۆیان، بە بەراورد لەگەڵ تەڵادا، بۆ ساندینیستەكان بایەخدار بوون:” نوئل پالائیس دبایلە”( كە لە فیلمنامەكەی ماركێزدا بەو ناوە هاتووە) ئامۆزای ئاناستازیا سوموزا و خوزە ئابرگۆ، كوڕی ژنڕاڵ خوزە سوموزا، كوڕی زڕ برای دیكتاتۆر. قسە و باس سەبارەت بە” بوجەی میللی” دەستی پێكردبوو كە دوو كامیۆنی زەیتوونی ڕەنگی نیزامی چوونە حەوشەی پاڕلمانەوە. هەر وەك چاوەڕوان دەكرا دوو پاسەوان لەملا و لای درگای چوونە ژووری حەساری پاڕلمانەوە وێستابوون بەڵام بە چەشنێك غەرقی ئەرك و وەزیفەی ڕۆژانەیان بوون كە سەرنجیان نەدایە ئەوەی ڕەنگی ئەم دوو كامیۆنە سەوزتر و ڕۆشنترە لە ڕەنگی ماشێن و كامیۆنەكانی” گاردی نەتەوەیی”. لە پڕێكدا سێ‌ دەستە لە كۆماندۆكان بە بیستنی فەرمانی نیزامی بە فرزی لە سەیارەكان پەڕینە خوارێ‌ و ڕوویان كردە كۆشكی نوێنەران. لە بەشی خۆر هەڵاتی درگای چوونە ژووری كۆشكی پاڕلمانەوە یەكەم كەس كە لە كامیۆنەكان دابەزی فەرماندە” سفر” بوو. سێ‌ دەستە لە كۆماندۆكانی بە شوێنەوە بوو. ژومارە دوو، دورا ماریا، دەستەی سێهەمی ڕێبەڕی دەكرد. كاتێك كە فەرماندە” سفر” دابەزی و فەرمانیدا:” ڕێگا چۆڵكەن! دوور كەونەوە! سەرۆك بە ڕێوەیە!” پۆلیس و پاسەوانەكان لە ڕێوە كشانەوە و ڕێگایان كردەوە. فەرماندە” سفر” هاوڕێ‌ لەگەڵ دەستەكەی بە پلیكانەكاندا سەركەوت و گەیشتە نهۆمی یەكەم و هەروا بە چەشنێكی وەحشیانەی هاو شێوەی كرداری ئەفسەرانی” گاردی نەتەوەیی”، كە بە شێوەی ئاسایی كاتی هاتنی دیكتاتۆریان ڕادەگەیاند، درێژەی بە هەراوهوریا و توڕەبوون دەدا. كاتێ‌ گەیشتنە دوو پاسەوانی كۆشك فەرماندە” سیفر” یەكێكیانی چەك كرد و فەرماندەی ژومارە دووش چەكی ئەویتریانی وەرگرت و هەروا بە تووڕەییەوە فەرمانیان ئەدا و ئەیان وت “سەرۆك بە ڕێوەیە!”. دواتر جەماوەری نێو ڕێ‌ ڕەوەكان بە بیستنی فەرمان و بینینی كەسانی چەك بە دەست هەر كەسە و خۆی خزاندە سووچێكەوە. لە ماناگوا پێتەختی نیكاراگوئە ئەم هەڵسوكەوتە، بە كردەوە، وەك دژكردەوەی ڕۆژانەی جەماوەر چاولێدەكرا: هەر كاتێك سوموزای دیكتاتۆر لە شوێنێك نزیك دەبۆوە، جەماوەر هەڵدەهات و لەو ئاقارە نەدەمان.

كاتێكی كە فەرماندە” سفر” گەیشتە بەردەم درگای شوشە بەندی” ژووری سەوز” بە لوولە تفەنگە G-3 كەی درگاكەی كردەوە و” مەجلیسی نوێنەران”ی یەكسەر بە زەویدا ڕاكشاو دیت: چل و نۆ ئەندامی نوێنەرانی مەجلیس ترساو و ڕەنگ پەڕیو لەوپەڕی سەرسوڕماندا چاویان بڕیبووە درگاكە.” سفر” كە بەشێكی بەر چاو لە ئەندامانی مەجلیسی نوێنەران لە هاوپۆلەكانی دەورانی پەیمانگای ژوزئیتەكان بوون، لەبەر ئەوەی نەیناسنەوە ڕەگبارێكی لە میچی كۆشكی نوینەران كرد و هاواری كرد:” گارد! هەموو خۆ بە زەویدادەن!” ئەندامانی مەجلیس بە گشتی بێجگە لە” پاڵائیس دبایلە” بە پەلە لە پشت میزەكانیانەوە خۆیان بە زەویدا كێشا. پاڵائیس كە بە تەلەفون سەرگەرمی قسە كردن بوو گێژ و سەرسوڕماو وێستا. دواتر  ئەندامانی مەلیس هۆكاری ترس و وەحشەتی خێرای خۆیان باس كرد و وتیان: ئەوان پێیان وابوو” گاردی نەتەوەیی” بەسەر سوموزادا ڕاپەڕیوە و چۆتە كۆشكی نوێنەرایەتی تا ئەندامەكانی تیر باران بكات.

گەریلا كۆماندۆكان بە پێی گەڵاڵەیەكی لە پێشدا داڕێژراو درگاكانیان لە ژوورەوە بە قوفڵ و زنجیر داخست. چەند ساتێك پێش، زیاتر لە ٢٥٠٠ كەس لە( نوێنەرانی مەجلیس و كارمەندانی ئیداری كوشك) بە زەویدا كەوتبوون و بیریان لە چارەنووسی خۆیان دەكردەوە. بە پێی بەرنامەی دارێژراو سەرجەمی چالاكیە كە لە مەودای سێ‌ خولەكدا كۆتای هات. بیست خولەك دوای عەمەلیاتی دەست بەسەردا گرتن، سوموزا یەكەمین پەیامی بەرەی ساندینیستەكانی لە كۆشكی نوێنەران و لە ڕێگای تەلەفوونەوە پێگەیشت. ئەم پەیامەی لە زمان ئامۆزاكەیەوە پێ ڕاگەیەنرا كە تێیدا هاتبوو: یان تیرەندازیەكان ڕاگرن یان ئێمەش دەست دەكەین بە ئیعدای بارمتەكان، هەردوو كاتژمێر و كەسێك ئیعدام دەكەین تا ناچار دەبن وتووێژ لە پێوەند لەگەڵ داواكاریەكانی ئێمەدا قەبوڵ بكەن. لێرەدا بوو كە سوموزا دەستی لە گەمارۆی كۆشكی مەجلیسی نوێنەران هەڵگرت.

لە نێو بینای نوێنەراندا كەشێكی ئارامتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا دەبیندرا. زۆربەی كارمەندانی بینای مەجلیسی نوێنەران هاودەردی خۆیان لەگەڵ گریلاكاندا دەردەبڕی. لە یەكێك لە ژوورەكاندا بەردەوام قاوەیان بۆ نوینەران و گریلاكان ساز دەكرد، خزمەت و پێڕاگەیشتن لەو پەڕی خۆی دابوو هەست بە كەم و كەسری نەدەكرا. گریلاكان سێ‌ ئوسقۆفیان بۆ میانجگەری كردن قەبوڵ كرد كە یەكێكیان هەر ئەو كەسە بوو كە ناوی لە فیلمنامەكەشدا هاتوە:” ئوباندۆی براوو”. هەر لە رێگای ئەم سێ‌ كەسەوە داواكاریەكانیان هێنایە گۆڕێ‌ كە بریتی بوون لە ئازادی خێرا و بێ‌ ڕاوەستانی هەموو زیندانیانی سیاسی، بڵاو بوونەوەی ڕادیۆ و چاپەمەنیەكانی بەرەی ساندینیست وەك ڕاگەیاندنە سیاسی و نیزامیەكان، پاشەكشەی هێزە چەكدارەكانی دەوڵەتی تا مەودای سێسەت میتری دەور و بەری كۆشكی مەجلیسی نوێنەران، قوبوڵ كردنی داواكاریەكانی كرێكارانی مانگرتووی نەخۆشخانەكان، ١٠ ملیۆن دۆلار پوڵ، و دوای گەیشتن بە تەوافوق و پێكهاتن زەمانەتی پاراستنی گیانی زیندانیان و گریلاكان.

سەموزا سێ‌ وڵام نامەی بۆ ساندینیستەكان نووسی. دیكتاتۆر لە سەرەتاوە پێی وابوو بە كوشتنی كات دەتوانێ‌ هەلێك بۆ هێرش كردنە سەر كۆشكی مەجلیس بڕەخسێنێ‌. بەڵام بەرە بەرە پاشە كشەی كرد. هەر وەك چۆن لە فیلمنامەكە دا ئاماژەی پێ‌ كراوە سەبارەت بە دانی پارە، گەلێك دەست قووچاوی لە خۆی نیشاندا و تەنیا حازر بە دانی ٥٠٠ هەزار دۆلار بوو. ماركێز لەو ڕاپۆرتەدا كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد دەڵێ‌: لە دەقی وڵامنامە سەرەكیەكەی سوموزادا گریلایەك لە بەرانبەر وشەی پێنج هەزار دۆلاردا سێ‌ نیشانەی سەرسوورمانی داناوە!

ئاخرین داواكاری كۆماندۆكانی بەرەی ساندینیست ئەوە بوو كە نابێ‌ هیچ چەشنە ڕێبەندان و ترافیك و هێزێكی نیزامی لە مەودای نێوان كۆشك و فرودگادا لەسەر ڕێیاندا بێت. هیچ كام لەم داواكاریانە جێ‌ بە جێ‌ نەكران. حكومەت” گاردی نەتەوەیی” لە تەواوی شەقامەكاندا جێگیر كرد تا بەربە هەرچەشنە خۆپیشاندانێكی پشتگیری، لەلایەن جەماوەرەوە لە گەریلاكان بگرێ‌. لەمپەر و پێشگرتن كەڵكی نەبوو چون تێپەڕینی ئوتوبوس( پاس)ی هەڵگری گەریلا و بارمتەكان بانگ و هاواری هەور ئاسای جەماوەری بەرز كردەوە، خەڵك ڕژانە سەر شەقامكان تا جێژنی سەركەوتن بەرپا بكەن. كاروانێك لە ماشێن و ماتۆڕ سكلێت، كە سات بە سات ڕوو لە زیادبوون بوو، ئوتوبوسی هەڵگری گریلاكانی تا فرودگا بەڕێ‌ كرد. لەم نێوەدا نوێنەرێك بە ناوی “ئیدواردوچامورتو” بە توندی كەوتبوە ژێر كاردانەوەی ئەم گڕكانی شادی دەربڕینەی جەماوەر و داچڵەكابوو. فەرماندەی ژومارە یەك كە لە پەنایەوە دانیشتبوو وە ئێستا دەیتوانی پشویەكی ئاسودە هەڵكێشێ‌ بە تەوسەوە ڕووی تێكرد و وتی:” جوان بڕوانە، ئەمە تەنیا شتێكە كە ناكرێ‌ بە پارە بكڕدرێ‌.”

گارسیا ماركێز لە فیلمنامەكەی دا ئاماژەی بە نزیك بە تەواوی ئەو ڕووداوە گرینگانەی لە پەیوەند بە بەڕێوەچوونی ئەو چالاكی و عەمەلیاتە دەقیق و سەرسووڕ هێنەرە سەركەوتوانەیە كردوە، چالاكیەكی كە بە” عەمەلیاتی هۆڵی بەرازەكان” بە نێوبانگە. بەڵام بۆ ڕیعایەت كردنی پێداویستی و هەڵگریی ڕاگەیاندنی سینەما نموونەیەكی چەند بەرابەر بچووكتر لە” چالاكی هۆڵی بەرازەكان”ی لەبەر چاو گرتبوو تا هەر كات پێویست بێت دەست بداتە كورت و درێژ كردنەوەی. سینەما هونەری جووڵە و بزووتنە بەڵام زیاتری ڕووداوەكان لە نێو ماڵەكەی كاستیلۆدا ڕوو دەدات و لە ئاكامدا فەزای زاڵ بەسەر فیلمنامەكەدا فەزایەكی شێوە تیاتریانە و بەدیهێنانی كردارێكی دراماتیك( ئاكسیۆن) دوو جۆر ئامادە كاری بۆ بەكار هێناوە: یەكەم ئەوەی كە لە سەرەتای فیلم نامەكەدا بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، واتە( فلاش بەگێك) ڕووداوەكانی كێشاوەتە شەقامەكانی ماناگوئەوە، سەری كێشاوەتە مەخفیگاكانی گەریلاكانەوە و بە چاو گێڕانێك بەسەر پڕۆسەی خۆ ئامادە كردنی گریلاكان بۆ بەڕێەوەبردنی عەمەلیاتەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەحنەی یەكەم و دواتر لە سەرتاسەری فیلمنامەكەدا بە چوون بۆ زیندان، نیشاندانی ئەشكەنجەدانی زیندانیانی ئەشكەنجە كراو، گاردی نەتەوەیی و شتی تری لەم بابەتە جووڵەیەك دەخاتە پێكهاتەی فیلمەكەوە. دووەم ئەوەی كە بە تێوەگلاندنی ڕووداوی لاوەكی و لە رێگای كورتە وتووێژی چەندوشەییەوە( كە زیاتر بەرهەمی زمانی چڕكراوە، زیندوو وە ژورنالیستی ماركێز خۆیەتی) و بڕگە گەلی تیژ تێپەڕ و تێكشكاندنی ئوسلوب و قەواعیدی زەمانی تەك هێڵی و لابردنی توخم و ڕەگەزە زیادییەكان خۆی لە درێژوێژی لە سەحنەكاندا دەبوێرێ‌. زمانی فیلمنامە بە تایبەتی لەو شوێنەدا كە دەچێتە سەر ناوەڕۆكی حەرەكەتی گریلاكان بەرەو فرودگا هەر ئەڵێی دادخاستێك بەدژی گشت ستەمگەران، تاڵانگەران و دیكتاتۆرە سەرەڕۆ و گوێ لە مستەكانی ئامریكا دەخوێنێتەوە، حەماسی، داپڵۆسینەر و زیندووە.

 

سەرچاوە: گۆڤاری ئادینە

true
Tags :

ئه‌م بابه‌ته‌ بێ ته‌گ دانراوه‌.

true
true
true

ئێوه‌یش ده‌توانن ڕای خۆتان تۆمار بكه‌ن


- بابەتێک لێرە نییە-


false