×

مێنۆی سه‌ره‌وه‌

مێنۆی سه‌ره‌كی

ده‌ستڕاگه‌یشتنی خێرا

هه‌واڵی ماڵپه‌ڕ

false
true
false

  ڕۆژی چوارشەممە ٩ی مانگی گەلاوێژ، عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵه‌تی ڕووحانی باسی لە پەسند کردنی کولیاتی لایەحەی لابردنی چوار سفر لە پارەی ئێران کرد. بە وته‌ی رەبیعی بەپێی پەسند کراوی دەوڵەت، یەکەی پایەی پوڵی ئێران لە ڕیاڵەوە دەگۆڕێت بۆ تەمەن و یەک تمەنی تازە بەرابەری ١٠٠ ڕیاڵ دەبێت. بەم جۆرە ١٠ هەزار ڕیاڵی ئێستا دەبێتە تمەنێکی تازە. بڵاوکراوەکانی چاپی تاران و دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم هەرا و هوریایەکی زۆریان سەبارەت بەم بابەتە ناوه‌ته‌وه‌. ئەوان هۆکارگەلێکی بێ بایه‌خ وه‌كوو هۆكاری ئەم بڕیارەی دەوڵەت باس دەکەن. لەوانە ئەوەیکە بەم جۆرە کاری ژماردنی پوڵ هاسانتر دەبێت، یان بەم ئاڵوگۆڕە سکە دوبارە دێتەوە نێو ئاڵوگۆڕی ئابووری، ئەوان هەروەها کەم بوونەوەی هەزینەی چاپی ئەسکیناس و دابەزینی هەزینەی سەرچاوەگرتوو لە خراپ بوونی دەزگای خودپورداز و پارەژمێر، وەک بەشێک لە دواهاتە باشەکانی لابردنی چوار سفر لە پوڵی وڵات و گۆڕینی یەکە پایەییەکەی لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن ناو دەبەن.

  ئەگەر لە بەشێک لە وڵاتەکان و لە بارودۆخێکی بەتەواوەتی جیاواز له‌ ئەمرۆی ئێران، هەنگاوێکی هاوشێوە بەڕێوەچووە و بەشێوەی نیسبی سەرکەوتنێکی دەستەبەر کردووە، لە بارودۆخی ئێستای سیاسی و ئابووری ئێراندا ئەم هەنگاوە ئەگەر مەسیرە یاساییەکانی پێچاوپێچی ڕژیمیشی تێپه‌ڕبكات و بە کردەوە دەربێت، هیچ کرانەوەیەک لە ئابووری لە قوڕ چەقیوی ڕژیمدا بەدی ناهێنێ. ئەگەر لەمرۆدا بە چاپی ئەسکیناسی بەبێ پشتیوانە، بەردەوام قەبارەی ڕێژەی پارەی لە گەردش دا، زیادی کردووە، به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ هۆکاری بنەڕەتی زیاد بوونی نەغدینەگی لە بەین نەچووە، بە لابردنی سفرەکان، ئەمجارە کۆماری ئیسلامیی دەست ئەداتە چاپ کردنی ئەسکیناسی درشت تری بێ پشتیوانە.

  ڕژیمی ئێران لە بارودۆخێکدا دەست ئەداتە لابردنی سفرەکان لە پوڵی ئێران کە لەوپەڕی قەیران و شپرزەیی ئابووریدایە. سەرچاوە ڕەسمییەکان خۆیان دان به‌وه‌ داده‌نێن کە ئابووری ئێران ٤ لەسەد گەشەی مەنفی هەیە و بەپێی پێش بینییەکانی سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە ٦ لەسەدی مەنفی. ئەرزشی پوڵی ئێران لە بەرانبەر ئەرزە دەرەکییەکاندا گەلێک دابەزیوە، شیرکەت و دامەزراوە ماڵی و ئیعتیبارییەکان یەک لەدوای یەک وەرشکست دەبن. بانکی ناوەندی ئێران بە تەحریمە کەمەرشکێنە دەرەکییەکان بە کردەوە ئیفلیج بووە. سەرمایە خاریجییەکان لە ئێران ڕایانکردووە، فرۆشتنی نەوت لە ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیلەوە لە ڕۆژدا بەر لە چوونه‌ه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا لە بەرجام بۆتە ١٠٠ هەزار بەرمیل له‌ ڕۆژدا. کەسری بودجەی دەوڵەت سەر لە ئەرقامی نجومی دەسوێ، تەوەڕوم گەیشتۆتە ٥٠ لەسەد و بێکاریش ڕەقەمێکی لەو ئاستە دایە. هەژاریەکی به‌رین کۆمەڵگای ئێرانی داگرتووە. له‌وه‌ ها بارودۆخێك دا، لابردنی چوار سفر له‌ پاره‌ی ئێران، ته‌نانه‌ت ناتوانێ موسه‌كێنی كاتیش بێ و له‌وانه‌یه‌ به‌ دژی خۆشی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ ڕاستیدا بەم زوانە، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رنایه‌ت و ئەو جۆرەی کە کاربەدەستانی بانکی ناوەندی ئەڵێن، دەبێ موقەدەماتی کار فەراهەم بکرێت و ئه‌وه‌ش زه‌مه‌نی گه‌ره‌كه‌. بەڵام ئامانجی هێنانه‌گۆڕی جەنجاڵی ئه‌م ته‌رحه‌ لە کورتماوەدا ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی لە مەشغەڵەی گرانی و تەوەڕومەوە بەرەو بابەتێکی لاوه‌كی ئاشكرایه‌ کە ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ سەرچاوەی هیچ گۆڕانێک لە ژیانی زۆربەی خەڵکی ئێراندا نابێت. لابردنی سفرەکان بۆ کۆماری ئیسلامی نەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی بە تەواوەتی ئابووری بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئێستا، کە ئیسلاح کردنی نیزامی پوڵیش بەشێک بێ له‌و پڕۆژه‌یه‌، بەڵکوو کردارێکی به‌جیایه‌ کە ڕژیم لەوپەڕی داماویدا لەبەرانبەر قەیرانی ئابووری و سیاسی ئیستادا هێناویه‌ته‌ گۆرێ و هەڵبەت خۆی بەباشیی ئەزانێ کە بە هاسانی و بە سادەییش عەمەلی نابێت.

  ئابووری سەرمایەداری ئێران لەژێر هیدایەت و ڕێبەریی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیدا، بەپێی چەندین هۆکاری سیاسی، ئابووری لە بۆنبەستی تەواودا گیری خواردوە. ئەم قەیرانە ته‌نانه‌ت بە لاچوونی تەحریمەکان و باشتر بوونی داهاتە دەوڵەتییەکان له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی نەوتیش چارەسەر نابێت. لەمڕۆدا سەرمایە دەرەکییەکان، تەنانەت ئەگەر تەحریمەکانیش لابچن، بەهۆی بێ سوباتی سیاسی، مەیلێکی ئەوتۆ بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێراندا لە خۆیان نیشان نادەن. سەرمایە نێوخۆییەکان توانایی بەرەنگار بوونەوەیان لەگەڵ ڕانت خۆری سپای پاسداران کە بەشێکی گەورە لە ئابووری ئێرانی کۆنترۆڵ کردوە، نییە. به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت به‌هۆی بەرز بوونه‌وه‌ی هەزینەی بەرهەمهینان، دڵنیا نەبوون له‌ داهاتوو و هیتر، زیاتر بەرەو بازرگانی و توجاڕەت دەچن و بەشێکیشی لە باشترین حاڵەتدا دەبنە پاشکۆی ئابووری ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران.

  له‌ ڕاستیدا دەرچوونی نیزامی سەرمایەداری ئێران لەم قەیرانە ڕێگا چارەی ناوخۆیی نییە. ئەگەر بۆ دەرچوونی سەرمایەداری ئێران لە قەیرانی ئێستا ڕێگا چارەیەک هەبێت، بێجگە لە گرێدانەوەی چارەنووسی بە هەوراز و نشێوەکانی سەرمایەی جیهانیەوە نییە. ئابووری سەرمایەداری ئێران تەنیا بە فەراهەم کردنی پێداویستیە سیاسی، ئابووری و حقوقییەکانی پێویست دەتوانێ تێکەڵ بە سەرمایەی جیهانی بێت و ئه‌مه‌ش ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تییه‌ لە پێکهاتەی ده‌سه‌ڵاتی ئێراندا دەوێ كه‌ ده‌زگای ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌ك بگۆڕێ كه‌ بتوانێ ئەو کارە ئەنجام بدات. بەڵام پرسیاری گرینگ ئەوەیە کە ئایا شۆڕشی بناغە هەڵتەکێنی کۆمەڵایەتی سبەی ڕۆژی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستمەدیتوی ئێران ئەو دەرفەتە بە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداری ئێران ئەدات تا بە خەیاڵی ئاسودە بۆ مانەوەی خۆی بەرنامە دابرێژێت و به‌كرده‌وه‌ ده‌ریبێنێ؟ راستیەکانی تا ئێستا و ڕەوتی ڕووداوە زیندوە کۆمەڵایەتییەکان پێمان ئەڵێن کە کۆماری ئیسلامیی وەها دەرفەتێکی دەست ناکەوێ.

 

 

 

 

true
true
true
true

ئێوه‌یش ده‌توانن ڕای خۆتان تۆمار بكه‌ن


- بابەتێک لێرە نییە-


false