×

مێنۆی سه‌ره‌وه‌

مێنۆی سه‌ره‌كی

ده‌ستڕاگه‌یشتنی خێرا

هه‌واڵی ماڵپه‌ڕ

false
true
false

قەیرانی مەسکەنیش بەشێوەی بەرین تر، بە کۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی كۆمه‌ڵگای ئێرانیان گرتوە زیاد بووە. ئەم قەیرانە بۆ سەرمایەدارانی گەورەی مالیکی موجتەمەعە مەسکونیەکان بە شێوەی ڕکودی بازاڕی مەسکەن و بۆ کرێکاران و هەژاران و کرێنشینانی کۆمەڵ بەشێوەی گرانیەکی سەر سور هێنەری کرێ ماڵ، سەری هەڵداوە. لە ئاکامی ئەم بارودۆخەدا قەبارەی معامەلاتی پێوەندیدار بە مەسکەنەوە بە لانیکەم و ڕێژە و کرێ ماڵیش گەیشتۆتە بانترین ئاستی خۆی. ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە لە لایەن سەرچاوەکانی ڕژیمەوە کە مەعمولەن زۆریش جێی متمانە نین، نیشانەی ئاستی کارەساتباری ئەم قەیرانەن.
ئیرنا هەواڵنێری کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا ئەڵی:” لە کۆی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ماڵی چۆڵ ته‌نیا له‌ تاران دا، زیاتر لە نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبونی چۆڵ هەیە.” لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک کە لە سایتی” وەرزی ئابوور”دا هاتوە، ” زیاتر لە ٧ ملیۆن بنەماڵە له‌ ئێران لە هەبوونی یەکەیەکی مەسکونی بێبەشن.” هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەگەر بێبەش بوون لە هەبوونی مەسکەنی گونجاو و ئیمه‌ن وەک بنەما بگرین، دانیشتوانی ئەو ماڵانەی بافتی کۆن، دانیشتوانی پەڕاوێزی شارەکان كه‌ لە ماڵی قوڕین دا ده‌ژین و لە لانیکەمی خزمه‌تگوزاری شاریی بێبه‌شن دەبێ لە زومرەی ئەو بنەماڵانە حیساب بکرێن کە هەرکامە و بە شێوەیەک لەگەڵ گرفتی مەسکەندا بەرەو روون. بەرئاوردەکانی ناوەندی ئاماری ئێران نیشانی ئەدات کە هەر ئێستا زیاتر لە ٦ ملیۆن ماڵی کۆن لە ئێراندا هەیە کە پێویستیان بە نۆژەن کردنەوه‌یه‌. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن زه‌وجی تازە بە ئاماری خوازیارانی ماڵەوە لە ئێران زیاد دەبێت.
چەند رۆژ لەوەپێش حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە زیاد کردنی درۆیەکی تر لەسەر درۆکانی هەمیشەی خۆی، بە خۆشحاڵیەکی فریوکارانە ئیدیعای کرد کە<< نرخی کرێ ماڵ لە تاران، بە شێوەی مامناوەند تەنیا ٣٠ لەسەد زیادی کردوە، کە ئەم رەقەمە هیوابەخشە>>. روحانی لە حاڵێکدا ئەم ئیدیعایەی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ مودیرانی سەرەوەی کەرتی مەسکەن هێنایە گۆڕێ کە سەرجەم بەردەنگەکانی بەباشیی دەیانزانی کە مەسکەن زیاتر لە ٧٠ لەسەدی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەک بۆخۆی دەبات. تەقریبەن هاوکات لەگەڵ قسەکانی روحانی مێهرداد سالاری، جێگەری عومڕانی ئوستانداری کرماشان وتی کە”: لە هێندێک لە گه‌ره‌كه‌كانی شاردا شاهیدی زیاد بوونی ٤٠٠ لەسەدی و تەنانەت زیاتری کرێی ماڵین.”
بەڵام ئەم قەیرانە چۆن دەستی پێکرد و چۆن بەرین بۆوە؟ قەیرانی مەسکەن لە شێوازی هێور تریدا چ لە دەورەی ڕژیمی پەهلەوی و چ لە دەورەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام بوونی هەبووە. بەڵام توند بوونەوەی ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌م ساڵانەی دواییدا و کارەسات بار بوونی لە یەک دوو ساڵی ڕابردودا، ڕیشەی لە قیرانی گشتی و شپرزەیی ئابووری هەمەلایەنەی ئێستادا و له‌ گەندەڵی هەوسار پچراوی ئەم دەورەیەی ڕژیمدایە.
لە بارودۆخێکدا کە کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی یەک لە دوای یەک دادەخران، ئەو بەشە لە سەرمایە کە ڕێگای هەڵاتنی لە ئێران نەگرتبوەبەر، بە خێراییەکی کەم وێنە رووی کردە سەرمایەگوزاری لە کەرتی مەسکەندا. بەڵام ڕەونەقێکی کاتی لە بەشی بەرهەمهێنانی کەرەسەی بینا سازیدا پێكهات، نەیتوانی وڵامدەرەوەی بێکارسازیە بەرینەکان بێت كه‌ لە بەشی بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا ڕوویدابوو. له‌ هه‌مان كاتدا داخرانی کارگا گەورە و چکۆلەکان و ڕکودی بازاڕ، بەشێکی بەرین لە چینی مامناوەندیشی بە ڕیزی کرێکاران و هەژارانەوە زیاد کرد. بەرین بوونەوەی هەژاری لە ئاستی کۆمەڵگادا توانایی کڕینی زۆربەی خەڵکی وەها هێنایە خوارێ، کە نەتەنیا توانایی دانەوەی قیستەکانی کڕینی ماڵیان نەبوو، بەڵکو لە دانی کرێی ماڵی ئێستای خۆشیان بێتوانا بوون. گەلێک لە کرێکاران و بنەماڵەکانی چینی مامناوەند لە شارە گەورەکانی ئێران ناچار بوون مالەکانیان بفرۆشن، یان پەنا بەرنەبەر پەڕاوێزی شارەکان و یان تەنانەت ببنە خێوەت نشین، دیاردەیەک کە لەم سالانەی دواییدا برەوێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە. بەم جۆرە لەگەڵ ئەوەی کە بەرهەمهێنانی مەسکەن زیادی کردبو، پێویستی به‌ ماڵیش هه‌ر وا له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ دابوو، داخوازی بۆ کڕینی دابەزیبوو. ئەم قەیرانە دیاردەیەکی تریشی بەشوێنەوە بوو.
لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردودا جەریانی ماڵباختەکان بۆتە یەکێک لە ته‌وه‌ره‌كانی ناڕەزایەتی جەماوەری. ئەم ماڵ لە دەست چوانە زیاتر لە توێژی مامناوەند و کەم داهاتی کۆمەڵن. گرفتی زۆربەی ئەم کەسانە بەشێوەیەک پەیوەستە بە قەیرانی مەسکەنەوە لە ئێران. ژمارەیەکی زۆر لەو بنەماڵانەی کە داهاتیان بەشی ژیانیانی نەدەکرد، ماڵەکانیان دەفرۆشت و دەبوونە کرێ نشین لە ماڵێکی هەرزاندا. ئەم کرێ نشینە تازانە و خاوەن ماڵەکانی پێشو، بە پارەیەک کە لەم ڕێگایەوە بەدەستیان دینا، بەرەو دامەزراوە ماڵی و ئیعتیبارەیەکان و ئەو بانکانەی کە سودی ٢٥ دەرسەدیان ئەدا بە سپوردەکانی خەڵک، ڕاکێشران. ئەوان بەشێک لە سەرمایەی بەرهەمهاتویان سەرفی ڕەهنی جێگایەکی تر کرد بۆ ژیان تا بە سپوردە گوزاری مابەقی پوڵی بەدەستهاتو لە فرۆشتنی ماڵە فرۆشراوەکەیان لە ڕێگای وەگرتنی سودەکەیەوە بەڕێبچن. هه‌ندێک لەم کەسانە لە زومڕەی ماڵبه‌تاڵانچووانی دامەزراوە ماڵی و ئیعتیباریەکانن كه‌ ئیفلاسیان هێناوه‌. ئه‌مڕۆ لە ئێران زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەژار یان بێماڵن و یان لە ماڵی بە بافتی کۆندا دەژین کە پێیان دەوترێت ماڵی کولەنگی. هەموو ئەم ماڵانە لە پاڵ ئەو ماڵە تازانەدا کە یاسا و ڕێسای ئیمنی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە بەردەوام بومەلەزەی تێدا روو ئەدات تییاندا ڕەچاو نەکراوە و وەک نا ئەمن بە ئەژمار دێن و لە بەرانبەر هەموو جۆرە بەڵایەکی سروشتیدا ئاسیب پەزیرن. ڕژیم لە هەموو دەورەیەکدا بەجۆرێک خەڵک بەهیوای بوونە خاوەن ماڵێکی گونجاو بێنەو بەرە پێ دەکات. گەڵاڵەی شکست خواردوی مەسکەنی مێهر کە بە میلیاردها دۆلار لە سەروەتی ئەم وڵاتە و لە داهاتی بنەماڵە هەژارەکانی بە فیڕۆدا لە زومرەی ئەوانەیه‌.
له‌ ڕاستیدا تا کاتێک کە ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی لەسەر کارە، نان و کار و مەسکەن و ئازادی خەڵکی به‌ بارمته‌ گرتووه‌. هەر تەرح و پرۆژەیەک لە بواری خزمەتگوزاری گشتیدا چارەنووسێکی باشتری لە چارەنووسی” تەرحی مەسکەنی مێهر” نابێت. دەزگایەکی ئیداری گەندەڵ کە ئەم ڕژیمە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردوە، ناتوانێ پرۆژە ئابووریەکانی جێی سەرنجی ڕژیمیش بەرئاوردە بکات، چی بگات بە به‌ڕێوه‌بردنی تەرحەکانی پێوەندیدار بە خزمەتگوزاری گشتی بۆ کرێکاران و توێژی کەم داهات. بۆ ئەم ڕژیمە ئەولەویەت، بەردەوام سەرکوتی خەباتی عەداڵەت خوازانەی خەڵک و بەند کردنی نەیارانی بووە. ئەم ڕژیمە هیچ داخوازیەک بەبێ ئەوەی کە لە لایەن خەڵکەوە هەست بە مەترسی جیدی بکات، دابین ناکات. ژیان لەژێر سه‌ر په‌نایه‌ك دا و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتێکی ئیمنی و ڕیفاهی و فەرهەنگی مافی سەلمێندراوی سەرجەم ئینسانەکانە و ڕژیم وەزیفەیەتی وڵامدەرەوەیان بێت. بەڵام خەڵکی بێ ماڵ و مەسکەن و کرێ نشین بۆ داسەپاندنی داخوازیەکانیان بەسەر ئەم ڕژیمەدا ڕێگایەکیان بێجگە لە خستنە ژێر گوشاری لە ڕێگای حوزوری ملیۆنی خۆیانەوە لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتیەوە نییە.

true
true
true
true

ئێوه‌یش ده‌توانن ڕای خۆتان تۆمار بكه‌ن


- بابەتێک لێرە نییە-


false