×

مێنۆی سه‌ره‌وه‌

مێنۆی سه‌ره‌كی

ده‌ستڕاگه‌یشتنی خێرا

هه‌واڵی ماڵپه‌ڕ

false
true
false

شنبه – ۲۰ بهمن – ۱۳۹۷ , 09 – 02 – 2019

سەعید ئەمانی

 

کۆمەڵە لەو رۆژەوە کار و چالاکیەکانی ئاشکرا کردوە و وەک هێزێکی چەپ و کومونیست و لایەنگری مافەکانی توێژی زۆر لێکراوی کۆمەڵگا هاتۆتە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە، وەک قەڵایەکی قایم و پتەو بۆتە جێگای هیوای ئەو جەماوەرە و ورەی پێداون تا لە بەرانبەر هەرچەشنە زوڵم و زۆرداریەک دا بە متمانە بەخۆییەوە بوەستنەوە.

کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٦٩ لە لایەن کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی سیاسی چەپ و کۆمونیستەوە، کە لە زانکۆکانی ئێراندا دەیانخوێند، پێکهاتوە.

ئەم ئینسانە تێکۆشەرانە سەرەڕای هەر کەموکوڕیەک لە کار و بیرکردنەوە و دەرکی سیاسیاندا هەبوو بێت، لە گۆڕەپانی کردەوەدا لەنێو جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، لە کارخانەکان، لە نێوشار و تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکی زەحمەتکێشی ئاواییەکاندا سەلماندیان کە شێلگیر، دڵسۆز، بوێر و ڕاستگۆ ترین تێکۆشەرانی سیاسی ڕێبازێکن کە سڕینەوەی هەموو جۆرە ستمێکی وەک چەوساندنەوەی کرێکاران بەدەستی سەرمایەداران، زەحمەتکێشانی ئاواییەکان بەدەستی دەرەبەگەکان و کاربەدەستان و مەئمورانی گەندەڵی ڕژیمی پاشایەتی، چەوسانەوەی ژنان بەدەست زولمی کۆمەڵگا، بنەماڵە و یاسا و ڕێسای کۆن و داڕزیوی کولتوری دواکەتوانە و پیاوسالاری مەوجودەوە، داکۆکی کردن لە مافی نەتەوایەتی، ئازادی گەلان بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان بە دەستی خۆیان و دژایەتی کردن لەگەڵ هەموو چەشنە ستمێک بەرانبەر بە کەمینە نەتەوایەتی، ئاینی و ئەتنیکیەکانیان کردۆتە بەرنامەی کاری خۆیان.

کۆمەڵە ڕێبەری باڵی چەپی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان بووە بۆ خەباتێکی وشیارانە و ئامانجدار لە پێناو ڕیکخستن و وشیار کردنەوەی کرێکاران سەبارەت بە مافە سینفی، سیاسی و چینایەتیەکانیان و ئاگادار کرنەوەیان سەبارەت بە گرنگی یەکگرتوویی و هاو خەباتی لەگەڵ چینی کرێکاری سەرتاسەری ئێران و هاوچینەکانیان لە ئاستی دنیادا، بۆ لە گوڕنانی نیزامی چەوسێنەری سەرماداری و بنیاد نان و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و بێ ستەم و چەسانەوە. لە پێناو وشیار کردنەوەی ژناندا خەباتی کردوە و ئەوانی بە مافەکانیان ئاشنا کردوە و تێیگەیاندون کە تا چ ئاستێک ژێر دەستە و چەوساوەن و کۆیلەی نیزامی پاڵپشتی پیاوسالاری و سەرکوتگەرن. بانگهێشتی کردون بۆنێو گوڕەپانی خەبات و ڕێکیخستون و وەک پێشمەرگە لە ڕیزەکانی تەشکیلاتیدا هاوشانی پیاوان جێی کردونەوەتە، سەرمەشق و ئۆلگوی ژنێکی لە ستەم یاغی و جێی ڕێز و پشتیوانی باقی ژنانی هاوچارەنووسیان لە کۆمەڵگادا و تۆوی هیوایان لە دڵی بە هەزاران کچ و ژندا چاندوە و ئەوانیش بوێرانە لە دژی زوڵم و ستەم ڕاساون.

جوتیاران و زەحمەتکێشانی دێهاتەکانی لە یەکێتی جوتیاران و شوڕاکانی ئاواییدا ڕیکخستوە، وشیاری کردونەتە و ورەی وەبەرناون بۆ دیفاع لە مافەکانیان و بەرەنگار بوونەوەی زوڵم و زۆرداری ئاغا و دەرەبەگ و خاوەن مڵکە کەورەکان، زەوی ئاغاکانی دەست بەسەردا گرتوە لە بەینی گوند نشینە هەژارەکاندا دابەشی کردون و پارێزگاریشی لێکردون.

مەزهەبی وەک بە شێک لە ئامرازی دەستی دەسەڵات داران و کۆنە پەرستەکان بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی چەوساوە و ژێردەستە ناساندوە و بەگژ ئەو دەستە و تاقمە کۆنەپەرستانەدا چۆتەوە کە ویستویانە وەک مۆتەکە هەروا بەسەر شانی خەڵکەوە بن و لە بەرهەمی ڕەنجی شانی ئەوان بەهەشتێک لەم دنیایەدا بۆخۆیان دروست بکەن و تێیدا پەروار بن، و ئەوانیش بە هیوای بەهەشتی ئاخیرەت لە خۆشیەکانی ئەم دنیایە بێزار و بێگانە بکەن.

بەخەڵکی وت مەزهەب ئەمرێکی شەخسی و تاکە کەسیە و نابێ لە دەسەڵاتدا دەخاڵەت بکات. پێی وتن هەموو کەسێک ئازادە هەر مەزهەب و ئاینێک ئیختیار بکات، یان هیچ مەزهەبێکی نەبێ. کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی دڵنیا کردوە کە دەتوانن لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە و حەوزەی نفوزی خۆیدا بە ئازادی بژین و خاونی مافی یەکسان بن لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لەگەڵ باقی دانیشتوان.

جاڕی ئازادی بێشەرت و مەرجی سیاسی، ڕێکخراو بوون، ڕادەربڕین، رۆژنامەگەری، چالاکی سیاسی و مەدەنی دا لە چوارچێوە و حەزەی فەعالیەتی خۆیدا و هەزینەی قورسی بۆ داکۆکی کردن لێی تەحەمول کرد.

وەک هێزێکی خاوەن نفوز و موتەعەهد بەرپەسانە بەرەو رووی هەموو پێشهاتەکان دەبۆوە و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی ئازادی خوازی سەرتاسەریەوە هەڵوێستی دەگرت. باوەڕی بە چالاکی سەربەخۆی ئەحزاب هەبووە و هیچ هێزێکی بە زیادی نەدەزانی لە گۆڕەپانەکەدا و لەبیری لادانی فیزیکی هیچ لایەنێکدا نەبووە. بە متمانە بەخۆیی تەواوەوە بەرەنگاری پیلانەکانیان بۆتەوە، و لە هێندێک بواردا لەگەڵیان چۆتە هاوکاری و هاوهەڵوێستیەوە. لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە قازانجی ڕێکخراوەکەی خۆی سازشی نەدەکرد و وێرای بەشداری شێلگیرانە لە خەبات و بەرەنگاری چەکدارانەدا، بەشداری وتووێژی لەگەڵ ڕژیمیش کردوە، کاتێک هاوسەنگی هێز ئیجازەی داوە، لە هەیئەتی نوێنەرایتی خەڵکی کورد دا.

لایەنگری مافەکانی منداڵان بووە و تا ئەو جێگایەی بۆی کراوە هانی کۆمەڵگا، بنەماڵەکان و خەڵکی مافخوازی داوە پارێزگاری لە مافی منداڵان بکەن و لە هەوڵی بەدی هێنانی دنیایەکی ئارام، پڕ لە ڕێفاه، ئاسودە و سالم دا بن بۆ داهاتوی منداڵان.

پارێزگاری لە ژینگە کردوە و بەردەوام بەگژ تێگدەرانی ژینگەدا چۆتەوە و بەرنامە وێرانگەرەکانی نیزامی سەرمایەداری، کە لە پێناو بەرژەوەندی دەسەڵات داران و تاقمێک سەرمایەداردا، لەهەوڵی وێرانکردنی ژینگەدا بوون لە قاو داوە.

بە خەڵکی وتووە ئامانجی نیهایی کۆمەڵە لەبەر یەک هەڵتەکاندنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی دنیایەکی یەکسان و بە دوور لە هەر چەشنە چەوسانەوەیەک، واتە بنیادنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیە. لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوەیە بەکردەوە، هەوڵی بۆ سڕینەوەی هەنگاو بەهەنگاوی سەرجەم زوڵم و زۆرداری، دەستەبەر کردنی مافە پێشێل کراوەکانی بەشێکی بەرینی دانیشتوانی کۆمەڵگای داوە، زۆرینەی زۆری خەڵک متمانەیان پێکردوە و وێڕای پشتگیری و پشتیوانی لێکردنی، خەباتی خۆشیان لە ڕێزەکانی کۆمەڵەدا، بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی درێژە پێداوە. تەنانەت بەشی مامناوەند و وردە بۆرژوازی شاری و بازاڕیەکان لە کوردستانی ئێران بەپێر بانگەوازەکانیەوە هاتون کاتێک مانگرتنی گشتی ڕاگەیاندوە و شان بەشانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەشداری مانگرتنەکان بوون. ئەم ڕوانگە سۆسیالیستیە بۆتە رووگەی ئاواتی لاوانی کچ و کوڕی ئەم کۆمەڵگایە و دەستەبەر بوونی خەونەکانیان لە ڕێبازەکەیدا بینیوەتەوە، و وەک پێشمەرگە و هەڵسوڕاوی سیاسی و چینایەتی پێیەوە پەیویست بوون.

ئەم جەریانە کە ڕێکخراوێک بووە بە ئامانج و بەرنامەی سەرتاسەریەوە، لەپێناو یەکخستنی خەباتی یەکگراتوانەی هێزە چەپ و کۆمونیستەکانی ئێران، بەشداری لە پێکهێنانی حیزبی کومونیستی ئێران دا کردوە و بۆتە یەکێک لە کۆڵکە سەرەکیەکانی. تا ئەو جێگایەی بۆی کراوە لەپێناو بەهێزی کردنی خەبات و بزوتنەوەی سەتاسەریدا، بەتایبەت بەهێز کردنی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی ئێران دا هەوڵیداوە و هەزینەی بۆ داوە.

پاڵپشتیەکی هەست پێکراوی لە بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کورد لە هەرچوار پارەچەی کوردستان کردوە و وێڕای ڕێنمایی بەجێ، ڕەخنەشی ئاڕاستە کردون، و بەلاڕێدا چوون و مەترسی سیاست و هەڵوێستە نەگونجاوەکانیشیانی خستونەتە بەرچاو. دیفاعی شێلگیرانەی لە خەباتی گەلانی بندەست، بە تایبەت خەڵکی فەلەستین و بزوتنەوەکەی کردوە و خوازیاری چارەسەر کردنیان بووە بەشیوەیەک لە بەرژەوەندی ئەو گەلانەدا بێت.

ئەم ڕێکراوەوەیە کە سەرەتا نەمامێک بوو، لە ڕەوتی گەشە و هەڵدانی دا بوو بە دارێک بنج و ڕیشەی سەرتاسەری کۆمەڵگای کوردستانی ئێرانی داگرت. سایەی ئەم دارە ببووە جێگای دڵنیایی و حەسانەوەی خەڵکی زۆرلێکراو و ماندو بەدەست زوڵمی زۆداران و چەرمەسەریەکانی ژیانەوە. هەرچەند جارە جارە تەوری جیا بوونەوەکان هەندێک پەلو پۆی هەڵپاچیوە، بەڵام پەیکەر و ڕێشەی پتەو لە جێگای خۆیان ماونەتەوە و زۆری نەبردوە خەڵفی تازەی دەرکردۆتەوە و جێگای برینەکانی سارێژ کردۆتەوە. تەنانەت ئەو هۆرانەی لەخۆشی چێ کرابوون نەیانتوانی درز بخەنە جەستەی و بەر بە گەشەکردنی بگرێت.

کۆمەڵە بەم تایبەت مەندیانەوە بۆتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵاتی، جێگای هیوا، متمانە و خۆشەویستی خەڵکی بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستان و ئێران و دەستەبەر بوونی مافەکانیان لە ئاوێنەی بەرنامە و ڕێباز و هەوڵ و تێکۆشانیدا دەبینن. با گشتمان، شێلگیر تر لە ڕابردو، لەپێناو پەرەدان بە ڕێکخراوە جەماوەریەکانی کرێکاران و خەڵکی ئازادی خواز، ڕێزەکانی خەباتمان پتەوتر بکەین و پشت گەرم بە هێزی لەبن نەهاتوی خەڵکی خەباتکار و ئازادی خواز هەنگاو بەرەو روخاندنی شۆڕشگێرانەی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی بنێین و ڕێنوێنی کۆمەڵگا بین بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری.

true
Tags :

ئه‌م بابه‌ته‌ بێ ته‌گ دانراوه‌.

true
true
true

ئێوه‌یش ده‌توانن ڕای خۆتان تۆمار بكه‌ن


- بابەتێک لێرە نییە-


false