×

مێنۆی سه‌ره‌وه‌

مێنۆی سه‌ره‌كی

ده‌ستڕاگه‌یشتنی خێرا

هه‌واڵی ماڵپه‌ڕ

false
true
false

چهارشنبه – ۱۴ فروردین – ۱۳۹۸ , 03 – 04 – 2019

نەسیر کوشا

 

وتەی ئالكۆس: ” بێنە بەرچاو كە ژیان بەردەوامە و تۆ ونی، بەهار بەگشت پەنجەرە كراوەكانیەوە لە ڕێدایە و تۆ ونی، كچان بە كراسە ڕەنگاوڕەنگەكانیانەوە لەسەر نیمكەتی باخە گشتیەكان دانیشتوون و تۆ ونی، لاوان لەكاتی نیوەرۆدا مەلە دەكەن و تۆ ونی، داری گوڵ كردوو بەسەر ئاودا دەچەمیتەوە و تۆ ونی، ئەم هەموو ئاڵایە بەسەر گویسوانەكانەوە دەشەكێنەوە، لە شەقامی “ئوستاد Stade” سان ئەبینن جەماوەرێكی بێ‌ ئەژمار ئاڵا سوورەكان بە دەستەوە دەگرێت واتە خەونەكانی بەدەستەوە دەگرێت،‌ بە بانگی بەرز وشەی هاورێ‌ دەڵێتەوە و تۆ ونی. دواتر كلیلێك كە با ئەدرێت و هۆدەیەكی تاریك دوو زار كە لە تاریكی دا بە یەكەوە پەیوەست دەبن و تۆ ونی، دوو پەیكەر بێنە بەر زەین كە یەكتری ئەگرنە ئامێز و تۆ لەژێر گڵدا ئارامت گرتوە و دوگمەكانی كۆتەكەت، كە ماوەیەكی دوور و درێژ پتر لە خۆت لەژێر گڵدا دەوام دێنن و ئەو كاتەی دڵت كە ئەم هەمووە دنیای خۆشویستوە جیا بووبێتەوە، گوللەیەك كە ڕێگای كەوتە دڵتەوە، جیا نابێتەوە.

هەر ئەو شەوە ئەوان” ئاڵكۆس”یان قۆڵبەست كرد.” ئالكۆس” كەسی ئاشكرا نەكرد. “ئالكۆس” سێ‌ شەو و سێ‌ رۆژ بە هەڵواسراوی مایەوە “ئالكۆس” وەك تێكۆشەرێك مرد. ئەو وەك هاورێیەكی ڕاستەقینە مرد. ئەو لە ئاخرین ساتەكاندا هاواری كرد:” هەزاران ئەستێرە لە قووڵایی وجوودی ئێمەدایە. ئێوە ناتوانن بیانكوژن” و ” ئالكۆس” ئەستێرەكانی بەخشیە ئاڵای شەڕ.

وتەكانی یانیس ریتوس

ئای کە ئەم با ساردە سرەوتنی نیە، ئەلوورێنێ‌ و ئەلوورێنێ‌ و ئەلوورێنێ‌. دەنگەكان و سەفحەی میژوو تێك هەڵدەگلێن و تیكەڵ دەبن بڵێسەی گشت گڕكانەكانی دنیا، پێكەوە دەلكێنێ‌ لێڕەواری گەورەی هیواكان‌، ئاڵای وەزارەتخانەكان ئەدڕێنێ،‌ ساتێك دەوێستێ‌ بۆ ئەوەی قەیتانی كەوشەكانی لەپشت ماڵێكی سووتاوەوە توند كاتەوە و دەڕوات، دەڕوات، دەڕوات. و چ ساڵانێك ڕۆیشتوون و ئەو ئێستاش هەر كۆتایی نەهاتووە، بە هەنگاوی بڵیند لە پەنجێرەی ماڵە سووتاوەكانەوە تێدەپەڕێ، ئەو كەوشی ناقۆڵای كوژاوەكانی لە پێدایە، لە شەقامە قیل تاو كراوەكاندا دەنگی پێیەكانی دەبیسترێ‌. هەنگاوەكانی لەو بیابانە ڕووتەنەدا كە تۆوی ئێسقانی تێدا چێندراوە، هەنگاوەكانی بەسەر كوێستانی گەورەی پڕ لە كەللە سەر و قەل و داڵدا، هەنگاوەكانی لەناو سەرنگەر و سەربازخانەكاندا، لە كاتی شەودا و لە كاتێكدا كە شەیپوورەكان كاتی خامۆشی لە سەربازخانەكاندا ڕادەگەیەنن دەنگی هەنگاوەكانی باشتر دەبیسترێ‌. و دایە گەورە ” لنی” دەست لە كارەكەی هەڵدەگرێ و سەر بەرز دەكاتەوە و گوێی بۆ ڕادەدێرێ و سێبەری دەستی كە دەرزییەكەی ڕاگرتووە بەسەر دیوارەكەوە نەخش دەبەستێ. سیبەری دەستی دەمانچەیەكە كە لەودیو دیوارەوە دڵی ” فاشیست” ی كردۆتە نیشانە.

باڵا بەرز، ڕەش تاڵە كراسێكی چینی زۆر خاوێن و شەڕواڵێكی جینی كاڵەوە بوو لەبەردا. پاییز و زستان كۆتێكی سوورمەیی یەخە بچووك و یەخە هەڵگەراوە، قەد باریك و گەردەن فەراز. گەردنێكی كە هێشتا جێگای هیچ تاسمە و برینێكی پێوە دیار نیە. پێدەكەنی پێكەنینەكەی هاوارێكە. لەگەڵ پیكەنینەكەیدا ئاسمان شین دادەگەرێ. ئێستا هیچ كەس نازانێ كە خوێندكاری دەورەی كۆمەڵناسی لە یەكێ‌ لە زانکۆكانی فەڕانسە بوە و بە هەوای شۆڕش و بەشداری كردن تێیدا بە نیوەچڵی بەجێی هێشتوە. ئێستاش كەس نازانێ كە ئەو دەیتوانی قازییەكی پایەبەرز و یان پارێزەرێكی لێهاتوو بێت. فەوقی لینسانسی لە زانکۆی تاران وەرگرتوە، و هەر ڕۆژە لە شوێنێك كاری كردوە و هیچ ڕەنج و ئازارێك چۆكی پێدانەداوە. زمانی فەرانسەوی بە هەوڵی خۆی و لە ئەنجوومەنی ئێران و فەڕانسە فێر بووە و ڕووی كردۆتە ئەو وڵاتە. لە فەڕانسە خزمەتکار بووە، كرێكاری كردوە و لە هۆدەیەكی تەنگ و تاریكدا زەردە لەسەر لێو و چاوە گەشەكانی بڕیوەتە هیواكانی سبەینێی داهاتوو، چاوەڕوانی ئەوە بوە ئاسمان ساوبێتەوە و یان لەگەڵ … شایەد ئەستێرەیەك سوور و گەش بە بەرۆكییەوە. بۆ دابین كردنی بژیوی رۆژانە لە هیچ كارێكی تاقەت پڕوکێن ناپرینكێتەوە. ئێستا جێگای هیچ چەشنە تاسمە و برینێكی بە ئەستۆوە دیار نیە. مەگەر بەهۆی نووشتانەوە بەسەر كتێبەكاندا جار جارەیەك ژان بکات.

ئەو هاوینە لە سەرانسەر ئوروپا لە دارستانە چڕەكانی ئاڵمان، ئەو و سەفەری دارستان و دەریا. ئەو كە زادەی بیابان و كەوێرە باش دەزانێ دەریا یانی چی. تەڕایی چ تامێكی هەیە. گەردنی بەرزی بە دوو چاوی كراوەوە و بە پێكەنینێك لەسەر لێو بە گشت لایەكدا دەگێرێ‌. نا! ئێستا جێگای هیچ چەشنە تاسمە و برینێكی پێوە دیار نیە.

بە ئارامی كتیبەكان لەسەر شتەكانی هاورێ‌ برایم دادەنێ‌. دەكشێتەوە. چاوم تێبڕیوە. پێدەكەنم. پێدەكەنێ‌. بە شۆڕش پەیوەست بووە. لەگەڵ گشت شور و پێكەنینێكدا لە ئێمە گەورەترە، ڕیش و سمێڵی هاتووە، ڕیش دەتاشێ و بەغیلیان پێی دێ‌. سیگار ناكێشێ و ئێمە دەكێشین. كە لە یەك نزیكتر دەبینەوە، دەڵێ: “هاوڕێ‌ ئەگەر بتوانی وەلای نێی…” دەڵێم ئەگەر وەلای نەنێم؟ پێم دەڵێ:” خۆ ئێمە وەلا نانێی” دەلێم….

هێشتا زووە تا فرمێسك لەچاومدا كۆ ببێتەوە، گریان سەر بدەم. نازانم واتای تەرك یان جیا بوونەوە یانی چی. دواتر پێدەزانم. كاتێكی كە ئەمیر و مەجید و بێهرووز و داریوش و باقی هاورێیان ئێعدام دەكرێن، پێی دەزانم كە جیابوونەوە یانی چی. وە یان ئەوكاتەی كە جەعفەر بە جێگای تاسمە و چەند برین بە گەردنەوە دەبینم.

ساڵی 60 هەموو چاوەڕێ بوون. دەڵێ: ڕەفیق زۆر دژوارە ئینسان دۆستەكەی لە شەقام ببینێ و ڕووی نەداتێ. وە یان هەر وا سەربنێتەوە و بڕوات. بەڵام ئەو تاقەت ناهێنێ و پێدەكەنێ. بە دەنگی بەرز. دێتە پێشێ‌. كاتێك دەگریم، كاتێك كە بێهروز و ئەمیریان ئێعدام كرد و داریوش مرد، دەگریم. دەگری. دەڵێت: هاوڕێ هێندێك لە شتەكان لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمەن. یانی كە دەبێ لە بەرانبەریاندا چۆك دادەین؟، دەڵێت: نا، خۆڕاگر بە و هەوڵ بدە بیگۆڕی، بنەڕەتی شتەكە ئەوەیە كە دەبێ ببی. بنیادەم دەبێ هەوڵ بدات ببێ بمرە و ببە. ئەوان بوون. وە پوویەندە مرد وبوو. هاوڕێ بمرە و ببە. ساڵە سەختەكانی سەرەتای شەست تێپەڕ دەبێ، ماوەیەكە كە نەمدیوە. لە نزیكی مەیدانی بەهارستان كاتێكی كە چاوم بڕیوەتە كتێبی حەلاج ماسینیون لەناو ویترینی كتێب فرۆشی مەنووچهری، دەستێك دەكەوێتە سەرشانم. لە ئامێزی دەگرم. ماچی دەكەم. شەش مانگ بوو كە ونم كردبوو.

خۆزگە هەر ون دەبوو. كاتێكی گوتیان شوێنەواری نیە، هاوسەرەكەم وتی: ون بووە، شوینەواری نیە، نەیان كوشتوە، سیماش وتی جەعفەر دوو رۆژە كە دیار نیە. سەد خۆزگە ون دەبوو. ئەی نازنین.

لە چاپخانە كار دەكەین. كاتێك كە دێ و لە پلیكانەكان دێتە خوارێ هەموو گەش دەبینەوە. لە داریوش دەكوتم. دەڵێ: چیە؟ دەڵێم: هات پێم دەڵێ مەیكە بە هەرا، ڕووی مەدەیە. بۆتە بەرپرسی كڕینی چاپخانە. شەوانە وردە كاغەزەكان دەباتە ناو لیتۆگرافی و لە سەریان دەخەوێ‌.

من تەنیا شەوانە كار دەكەم، ئەویش رۆژانە. شەوانەش نایەڵم بخەوێ‌. من بە ڕۆژدا لەنێو عەمباری كتێب فرۆشییەكەی ئەكبەردا دەخەوم و ئەویش بە شەو لەنێو لیتۆگرافییە سارد و شێدارەكەدا دەنوێ‌. تا دەمەو بەیانی كتێب دەخوێنێتەوە. لە ساڵی ٦٢ وەوە دەستی بە وەرگێران كرد. یانی پێشتریش ئەو كارەی كردبوو بەڵام نەك ڕۆمان و فەلسەفە.” بابا گوریو” هەوەڵین وەرگیرانێتی كە بە چاپ دەگات. دوای وەرگێڕانی چەند شوێنەوارێكی تر دەمەوکازیوەی فەلسەفەی بوڕژوازی هۆركهایم هەوەڵین كتێبێكی فەلسەفییە كە تەرجمەی دەكات و كۆتایی ئەو كتێبانەشە كە بە چاپیان دەگەیەنێت، وە یان بە چاپ دەسپێردرین. ئێستا ئیتر گلدمن و باختین بە تەواوی زەینیان داگیر كردوە. تەواوی هەست و هۆشی چۆتە سەر كۆمەڵناسی، ڕۆمان( ئەدەبیات)، هاورێ‌! لەژێر عەرزیش بێ‌ فیلمی سووكایەتی” ژان لۆك گدار” بەدەست بێنە بیبینین. بەهۆی گلدمنەوە ئێمەش گشت شوێنەوارەكانی مالرو دەخوێنینەوە. و بەهۆی جەعفەرەوە دەبینە ئەوینداری چارەنووسی بەشەر و دژی بیرەوەری. هاوڕێ ئیتر تەنیا بە چەك و تەنیا بە توند وتیژی ناكرێ ئەمانە بگۆڕین. مەسەلەكە لەوە ئاڵۆزترە. بۆ هەرچی روونتر هەست كردن بە نەزمی چەپەڵی سەرمایە و گشت بۆن و بۆسارەكانی ئەو” دێوەزمانە” ی ئەمرۆ دەسەڵات دارن پێویستە لە بنچینەی بابەتەکە حاڵی بین. پێویستە سەرەتا خاوەنی بۆچوونێكی تەواو و کەماڵ و بێ عەیب و مۆدێڕن بین. پێویستە بزانین مەسەلە چیە و دوایی لەم كەرەستەیە واتە:( ماركسیسم) كەڵك وەربگرین.

بە توندی سەوداسەری لوكاچ و گلدمن و كۆمەلناسی ڕۆمانی ( ئەدەبیات) بووە. زۆر شادمان بوو كاتێک بیستی كە كۆمەڵناسی رۆمانی ( ئەدەبیات) وەكوو گرایشێك لەنێو كۆڵیجی كۆمەڵناسیدا بە ڕەسمی ناسراوە و بۆتە كتیبێكی دەرسی.

پێدەكەنێ. باختینی دۆزیوەتەوە. سەوداسەری وت ووێژ، پێكەنین و ئازادی. هاوڕێ! پێویستە ماركس ئیپیكووری ( بە چیژ و هۆگریەكی تایبەتییەوە) بخوێندرێتەوە. پێدەكەنێ. و ئێستاش جێگای تاسمە و برینێك بە گەردنیەوە دیار نیە. لە چایی خانەیەكی نەناسراودا كە ئێمە ناوی مستەفا پایان مان لێناوە چاوەرێ‌یە. شەممە و سێ‌شەممە زۆركەس ڕۆیشتن بۆ دەرەوە و!. دەڵێم: بڕیویانە یان ماندوو بوون؟ دەڵێ: نا هاوڕێ. پێدەكەنێ. لەسالێ ٦٤ دا هەوەڵین ماڵ بەكرێ‌ دەگرێ و كەلوپەلی بۆ بەدەست دێنێ. بەڵام لە كەمتر لە سێ ‌مانگ دا زیاتر لە دە ماڵ، دەگۆرێ. لە زۆر شوێن خەریكی كارە، زۆربەی كارەكان لە پێوەند لەگەڵ شوێنە چاپەمەنیەكان دایە. شەوانەش ئارام دادەنیشێ و سەرگەرمی وەرگێڕانە. بۆ ڕێك و پێك كردنی ڕستەیەك چەندین جار سەردانی ئەبولحەسنی نەجەفی، ڕەزا سەید حسینی و كەسانیتر دەكات. هیچ كات لەكاری فیربوون ماندوو نابێت. نەسرێكی ڕەوانی بە دەست هێناوە. سەرگەرمی وەرگێڕانی فەلسەفە و ڕەوشی ڕۆمانە. شیرین و سەرنج ڕاكێش. تۆدرۆف، ئپیكا، باختین، دریدا، یاكوبسین… بۆ وەرگێڕانی دێڕێك جاری وایە پێویستە بیست كتێب بخوێنێتەوە و سەردانی چەندین سەرچاوە بكات.

كاتێك بە یەكەوە چاو لە فیلمی نوستالژی تاركوفسكی دەكەین بە زەردە خەنەیەكەوە فرمێسك لە چاویدا ئاڵقە دەبەستێ. پێی دەڵێم زۆركەس ڕەنگە لەم دنیایەدا وەك تۆ غەریبە بن! لە غەریبە بوونی دڵت گیرا، وانیە؟ ئەڵێت نا هاوڕی، یەك ڕستەی، تەنیایەك ڕەستەی “….. دایكی هەوا ئەو شتەیە كە بە پێكەنینی تۆ سافتر ئەبێت” دواتر لە ساڵی ١٣٦٧ دا دایكی بەهۆی سەكتەی دڵەوە گیانی لەدەست ئەدات و خوشكیشی سەرەتان دەگرێت و هەر لەو كاتەدا كە فرمێسك لە چاویدا پۆنگی خواردۆتەوە پێدەكەنێ بە گەردنێكی بەرزەوە كە جێگای هیچ تاسمە و برینێكی پێوە دیار نیە.

جیا لە دەستێك مۆبلی حەسیری و تەختێکی خەو كە نازنینیشی لەسەر دەخەوێ‌ شتێك لە ماڵە بچووكەكەیدا نیە. كتێبی ئەگەر منداڵی كچتان هەیە( لەلایەن كچانی منداڵەوە) وەردەگێرێ‌ بۆ دایكی و كچە بچكۆلانەكەی نازەنین، هاوڕێ! حەیفە درۆ و دەلەسە لە مێشكی نازەنین بئاخنن. دەبێ بچێتە قوتابخانەی مۆسیقا. حەتمەن ئێستا نازەنین زۆر گەورە بووە و زۆریش تەنیایە. قەد وباڵای لە بابی دەچێ‌، باڵا بەرزە. لەسەر كۆڵانێك لە نزیك مەیدانی شۆڕش ڕووبەرووی ژاندارمەی پێشوو كە جێگای دەست بە ئاوی موعتادان و شەوزیندەداران و كۆپین فرۆشەكان و دەڵاڵەكانە، ماڵێكی چووكەی فەقیرانەی بەكرێ گرتوە كە شەو تا بەیانی چرای دیوەكەی دایسێ‌. كاتژمێر دووی شەو بە ئاستەم لە پەنجێرەكەی دەدەم. سێ‌جار، دەرگا دەكاتەوە، هیچ كات دەرگا داناخاتەوە. دواتر شوێنی نەهێنی كلیلەكەم پێ‌نیشان دەدات. كاتێك تەواوی دەرگاكان داخرابن، كاتێك تمەنێكت پووڵ لە گیرفاندا نەبێت یان پێویستیت بە زەردە خەنەیەك، چشتێكی گەرم بێت، پێویستە تەنیا چەند كەڕەت بە قامك لە شووشەی پەنجێرەكەی بدەی. حەتمەن دەیكاتەوە. بە زۆر كارگم دەرخوار دەدات. بە نازەنین دەڵێ: “بابە گیان! تاریفی باشیەكانی كارگی بۆ بكە”.

ئەگەر هەستت بە مەترسی كرد، فرمێسكت چاوی تەڕ كردی، پێویستە تەنیا چەند پەلەپیتكە لە شووشەی پەنجێرەكەی بدەی. دەیكاتەوە. هەموو خۆشیان دەوێ‌: كرێكارەكانی چاپخانە، لیتۆگرافی و سەحافی كاتێك ماوەیەك دیار نابێت هەموویان….

سەد خۆزگە ون دەبوو. سەد خۆزگە قەت نەیان دەدۆزیەوە. هەر نەبێت دڵمان بەوە خۆش بوو كە رۆژێك دەگەرێتەوە. ئەو ناكەسانە بەبێ‌ هۆ لە ئیرانشارەوە بردیانە شەهریار. شەهریار، ئێرانشار، ئارمانشار، ئدیپ شەهریار، ماكیاولی، کازیوەی فەلسەفەی بورژوازی، ئاخوندی بورژوا، سەودایی پوویەنەدە، وت و وێژ، پێكەنین و ئازادی، سەودایی پێكەنین، ئازادی و دوایەش جێگای تاسمە بە گەردنیەوە و ئەو دەستانەی بە گوشینی گەرووی دەیانەوێ‌ بیگریەنن. ئەگەر لە ڕووسیە باختینیان سانسۆر كرد، ئەگەر لە مەجارستان لۆكاچیان وادار كرد بچێتە ژێر فەرمانی حیزبەوە تا بتوانێ زیندوو بمێنێتەوە و هەروا فیلسوف، لە ئێرانیش موختاریان بە نەهێنی كوشت و پویەندەیان خنكاند، غەفاری حوسەینی، زالزادە، سەعیدی سیرجانی، سوڵتان پوور و زۆر كەسی دیكەش …نا… زانیاری و تێكۆشانی چینایەتی لەژێر توندترین گوشاری چینایەتیدا لە چاپ دەدرێ‌ و پوویەندە هیچ كات كتێبەكەی لەپشت ویترینی كتیب فرۆشیەكانەوە نابینێت. دەستی كرێكارانی سەحافی بە شیرازەوە ویشك دەبێ كاتێك كە موحسینی ئەوی لە ئیدارەی پزشكی قانوونی دۆزیەوە بە گەردنێكی بەرزەوە بەهۆی گوشاری تاسمەوە ڕەش هەڵگەرابوو. وە پێكەنینێك، پێكەنینێكی كە ئاسمانی دەكردە ساماڵ پێكەنینێكی كە زۆرجار نازەنین ڕەسمی كردوە و سروودی جیهان بەرێوەیە. پێكەنینێكی پڕ زایەڵەی كە كۆمەڵگای دژی پێشكەوتن و حاكمیەتی عەدلی ئیسلامی وەلەرزە دێنێ‌ و رۆژیك دەیڕووخێنێ. پێكەنینێک‌ كە دنیا دادەگرێت. پێكەنینی، پێكەنینەكانی پویەندە.

بابەتیک سەبارەت بە ژیانی محەمەد جەعفەری پویەندە

ن: نەسیر کوشا

و: سەعید ئەمانی

true
Tags :

ئه‌م بابه‌ته‌ بێ ته‌گ دانراوه‌.

true
true
true

ئێوه‌یش ده‌توانن ڕای خۆتان تۆمار بكه‌ن


- بابەتێک لێرە نییە-


false