کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ مانگرتنی گشتیی “نا بۆ لەسێدارەدان”

بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ مانگرتنی گشتیی نا بۆ لەسێدارەدان

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٩ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٢، پاش له‌سێداره‌دانی “پژمان فاتحی”، “محەممەد فەرامەرزی”، “وەفا ئازەربار” و “موحسن مەزڵووم” له‌ زیندانی قزلحه‌ساری كه‌ره‌ج، حه‌وت ڕێكخراوی مافی مرۆڤ له‌ ڕاگه‌یاندنێكدا بانگه‌شه‌ی مانگرتنی گشتیان له‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕاگه‌یاند.

له‌ به‌شێكی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌: “ڕیژەی لەسێدارەدان لە کوردستاندا بە ئاستێکی لەڕادەبەدەر چووەتە سەرەوە و ماشینی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دڕندانە و بێشەرمانە لاوانی ئەم نیشتمانە دەکاتە قوربانی، وەک ئەوەی پەتی سێدارە و هێزی بێناوەڕۆکی خۆی بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان و کوشتنی ئازادی و ئازادیخوازان بەکار دەهێنێت. لە دوایین هەوڵه‌ نەزۆکانەی حکوومەتی ئێراندا بەداخەوە سەرلەبەیانیی دووشه‌ممه‌، چوار لاوی بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا و سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی سیاسی و ئایینیی دیکەی کورد لە دادگای باڵای ئێران پەسەند کراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزای ئەو شەش هاووڵاتییەش لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە. ئێمە، کۆمەڵێک لە چالاکان و ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین کە لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەهمەنی ١٤٠٢ بە بەشداریکردن

لە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری، ناڕەزایەتیی خۆتان بەرانبەر بەم ڕەوتە نامرۆڤانەی حکوومەتی ئێران کە دژی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن، دەرببڕن. مەبەست لەم مانگرتنە تەنیا نیشاندانی دژایەتیی سزای سێدارە نییە، بەڵکوو ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە بۆ دۆخی خراپ و نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدانە.