ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٨ی مانگی خاكه‌لێوه، ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری ماكوو بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوی سیاسی “محه‌ممه‌د دره‌فشی” كه ڕۆژی شه‌ممه به هۆی گۆشاره‌كانی به‌رپرسانی زیندان ئاوری له جسته‌ی به‌ردابوو، بانگهێشتی ئه‌و ناوه‌نده كرد و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون كه نابێت له‌به‌رده‌م زیندان كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه ببه‌ن.
به وته‌ی بنه‌ماڵه‌ی “محه‌ممه‌د دره‌فشی” پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی خۆسووتاندنی ڕووڵه‌كه‌یان بیست سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی چاویان به “محه‌ممه‌د” كه‌وێت، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان ڕێگه‌یان نه‌داوه و ڕایانگه‌یاندووه: ڕۆڵه‌كه‌تان لێره نییه و له ده‌رمانگای زیندان چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت. دواجار بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و به‌ندكراوه سیاسیه له‌به‌رده‌م زیندانی ماكوو كۆده‌بنه‌وه و خوازیاری چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یان ئه‌بن به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش له‌گه‌ڵ بێڕێزی ڕێگرییان لێده‌كه‌ن و له‌و شوێنه دووریان ده‌خه‌نه‌وه.