ڕۆژی چوارشه‌مه ٢٣ی مانگی خاكه‌لێوه، “مۆرته‌زا سه‌یدی” چالاكی كرێكاری خه‌ڵكی كامیاران له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی تارانه‌وه بانگهێشت كرا.
به‌پێی ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی ڕاده‌ستی “مۆرته‌زا” كراوه، ناوبراو ئه‌بێ ڕۆژی شه‌شی مانگی گوڵان به تۆمه‌تی “ڕێكخستنی گرووپێك له‌ژێر ناوی یه‌كیه‌تی كرێكاری به مه‌به‌ستی تێكدانی ئاسایشی گشتی” خۆی به لقی ٢ی دادگای ئینقلابی تاران بناسێنێت. جێگای ئاماژه‌یه كه “مۆرته‌زا سه‌یدی”، “نه‌سرۆڵڵا ئه‌میرلوو” و “محه‌ممه‌د ئێران نژاد” له ڕێكه‌وتی ٢ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠١ی هه‌تاوی بانگهێشتی دادسه‌رای گشتی و ئینقلابی شارۆچكه‌ی قودس كرابوون. ئه‌و سێ چالاكه كرێكاریه له مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ڕابردووش له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌دانانی بارمته ئازاد كرابوون.