کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

باشتر كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش، ڕێگای ده‌رباز بوونی كۆماری ئیسلامی نییه‌

IMG11114988 1

ئه‌م ڕاستییه‌ به‌ ڕوونی هه‌ستی  پێده‌كرێ كه‌ هاوسه‌نگیی هێز له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و سته‌ملێكراوی كۆمه‌ڵگا، به‌ قازانجی به‌ره‌ی خه‌ڵك گۆڕاوه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ ڕژیم، ستراتێژییه‌كی ڕوونی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌ نییه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، به‌كارهێنانی هێزی سه‌ركوتی ڕژیم، جه‌ماوه‌ری ناڕازی چاوترسێن ناكات. ئه‌م گۆڕانكارییه،‌ به‌ڵام، یه‌ك شه‌وه‌ ڕووی نه‌داوه‌ و به‌رهه‌می كێشمه‌كێشی درێژخایه‌نی بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی خه‌باتی سیاسی و چینایه‌تییه‌ له‌ ئێران. ئه‌گه‌ر له‌ مانگی به‌فرانباری ٩٦ه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا، گۆڕانی هاوسه‌نگیی هێز تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ستی پێده‌كرا، له‌ئێستادا ئیتر، بووه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر. زۆرێك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه ئه‌م‌ ڕاستییه‌ش قه‌بووڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هۆگری ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ گوشاره‌كانی ئه‌مریكا و گه‌مارۆی ئابووریی سه‌ر كۆماری ئیسلامی بگه‌ڕێننه‌وه‌. لایه‌نگرانی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ناخی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا له‌ ئارا دایه‌، نابینن و یان له‌ ڕاستیدا، نایانهه‌وێ بیبینن. با بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌، زیاتر شی بكه‌ینه‌وه‌.

گوشاره‌كانی ناسراو به‌ “زۆرترین“ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، هاوكات هه‌م له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی قورسایی ده‌كات و هه‌م له‌دژی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێرانیشه‌. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ به‌ كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، ئامانجه‌كه‌، سنوورداركردنی زێده‌خوازیی ڕژیمه‌ له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌دا، نه‌ك به‌شخوازیی ڕژیم. داسه‌پاندنی ئه‌م گوشارانه‌، تا ئێستاشی، ئاكامی به‌رچاوی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه،‌ سازش و پاشه‌كشه‌ی زیاتریش، له‌ ئارا دایه‌.

به‌ڵام تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ به‌ كرێكاران و جه‌ماوه‌ری هه‌ژاری ئێرانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌، گه‌مارۆی ئابووریی، هه‌م هه‌ژاریی له‌ نێو خه‌ڵكدا په‌ره‌ پێداوه‌ و هه‌م به‌ كۆماری ئیسلامی ئیمكانی فریوكاری و خۆمه‌زڵووم كردنی داوه‌. هه‌ربۆیه‌ گوشاره‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ناچار كردنی كۆماری ئیسلامی به‌ سازشی بابه‌تی، هۆكاری ئه‌و گۆڕانكارییه‌ نین، كه‌ ئێمه‌، به‌ گۆڕینی هاوسه‌نگیی هێز به‌ قازانجی به‌ره‌ی خه‌ڵك، له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ین. قه‌یرانی ئابووریی كۆماری ئیسلامی به‌ گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا ده‌ستی پێنه‌كردووه‌ و به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌مارۆیانه‌ش چاره‌سه‌ر نابێت.

له‌ڕاستیدا، له‌ مانگی به‌فرانباری ٩٦ه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ملا، كۆمه‌ڵگای  ئێران چووه‌ته قۆناغێكی تازه‌وه‌. قۆناغێك كه‌ تێیدا جه‌ماوه‌ری ناڕازی، چاوترسێنی داسه‌پاندنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ڕژیم نابن و هیوایه‌كیان به‌ ئیسلاحی ڕژیم نییه‌ و وه‌دی هاتنی خواست و داخوازییه‌كانیان، به‌ جیدی په‌یگیری ده‌كه‌ن. قۆناغێك كه‌ فاكته‌ری وشیاری به‌سه‌ر فاكته‌ری تووڕه‌یی و هه‌ستی كاتی‌دا، زاڵه‌. قۆناغێك كه‌ تێیدا خه‌باتی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری په‌یوه‌سته‌ن و جه‌ماوه‌ری ناڕازی، له‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك، بۆ سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌، هێز وه‌رده‌گرن. قۆناغێك كه‌ تێیدا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌ پێكهاتنی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری نزیك ده‌بینه‌وه، ڕێبه‌ران و كه‌سایه‌تیی كارامه‌تر به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌ناسرێت، قۆناغێك كه‌ به‌ستێنه‌ بابه‌تییه‌كانی گه‌شه‌ی ڕه‌وتی ڕادیكاڵ و چه‌پ و لێك نزیك‌ بوونه‌وه‌یان، به‌هێزتر ده‌بێت. هاوپشتی كرێكاران سه‌نعه‌تی فولاد، پێترۆشیمی و نه‌وت و نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌، كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسنی سه‌رتاسه‌ری له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان، تێپه‌ڕ بوونی موعه‌لیمان له‌ ناوه‌ندی پیشه‌یی و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و شۆراكانی خه‌بات و گه‌لێك نموونه‌ی دیكه‌، له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و باروودۆخه‌ تازه‌یه‌ن كه‌ خوڵقاوه‌. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی كۆماری ئیسلامی، بۆ به‌رده‌وام بوونی گوشاره‌كانی ئه‌مریكا، سه‌ر و ده‌ستی خۆیان ده‌شكێنن. ئه‌وان به‌ پێی غه‌ریزه‌  و به‌ ئه‌زموون بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ گوشار و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان، ئه‌گه‌ر توندتر ببنه‌وه‌، ده‌توانن ببنه‌ هۆی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه‌ و یان ده‌ست به‌ ده‌ست بوونی ده‌سه‌ڵات له‌ باڵێكی بورژوازییه‌وه‌ بۆ باڵێكی دیكه‌. كه‌وابوو زۆر ئاساییه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ ترسی زه‌بری شۆڕش، په‌نا بۆ ئه‌مجۆره‌ ڕه‌وتانه‌ به‌رن.

به‌ڵام ئه‌م باروودۆخه‌ نوێیه،‌ ئه‌و ئیمكانه‌ ده‌خوڵقێنێ كه‌ ڕه‌وتی حه‌ره‌كه‌تی خه‌باتی ئێستا، توندتر بێته‌وه‌ و وڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ ده‌خاته‌ ده‌ستووری كارییه‌وه‌. بۆ نموونه،‌ بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی داخوازییه‌كان، پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت تا خه‌باتی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌، ببێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی دڵخوازی كرێكاران، كه‌ به‌رده‌وام له‌ درووشمه‌كانیان دا خۆی نیشان ده‌دات. پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت كه‌ كرێكارانی شیركه‌تی فولاد به‌ خواسته‌كانیان بگه‌ن و حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان وه‌ربگرن و به‌ربه‌ داخرانی ئه‌م ناوه‌نده‌ی به‌رهه‌مهێنان بگرن. پێویسته‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری دژبه‌ گرانی و كه‌موكوڕی، باشتر بوونی باردووۆخی گوزه‌رانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی، لێبكه‌وێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌وانه و له‌ ئاكامی پێشڕه‌وی و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م خه‌باته‌دا، پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت تا ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كانی ئێستا، به‌ كۆبوونه‌وه‌ی گشتی كرێكاران، پشت ببه‌ستن. به‌ تێگه‌یشتنی درووست له‌ باروودۆخی گۆڕاوی ئێستا، پێویسته‌ بۆ پێكهێنانی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی دیكه‌، قۆڵ هه‌ڵماڵین. هاوكات، وه‌ختی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنانی ئازاده‌، خۆیان له‌ زنجیری حیجابی زۆره‌ملێ ڕزگار بكه‌ن، ده‌رگاكانی ستادیۆمه‌كان به‌ره‌وڕووی خۆیان  بكه‌نه‌وه‌، ماڵبه‌تاڵانچووان، داراییه‌ تاڵانكراوه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌، پێویسته‌ یارمه‌تیده‌ری كۆڵبه‌ران له‌ سنووره‌كان بین و ڕێگه‌ نه‌ده‌ین، له‌وه‌ زیاتر، له‌ لایه‌ن پاسدارانی ئه‌م نیزامه‌وه‌، له‌ سنووره‌كان، خه‌ڵتانی خوێن بكرێن. بێگومان هه‌مووی ئه‌م هه‌واڵانه،‌ مه‌سیرێك ده‌خوڵقێنن كه‌ ده‌توانێ ببێته‌ هۆی شكڵ گرتنی به‌دیلی شۆڕشگێڕانه‌ و سۆسیالیستی بۆ داهاتووی كۆمه‌ڵگای ئێران. ئه‌م ڕێگایه،‌ هه‌رچه‌ند دوورودرێژیش بێته‌وه‌، پێویسته‌ بیپێوین، ڕێگایه‌كی لابڕ بوونی نییه‌. كرێكاران و جه‌ماوه‌ری هه‌ژار، بۆ باشتر كردنی باروودۆخی ئه‌مڕۆی ژیانی خۆیان و به‌ ئامانجی ئاماده‌ بوون بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی داهاتوو، ناچارن كه‌ ئه‌م مه‌سیره‌ بپێون. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌م مه‌سیره‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت. بێگومان، هه‌ر پڕۆسه‌یه‌كی دیكه،‌ ته‌نیا له‌ خزمه‌ت گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌ باڵێكی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ بۆ باڵێكی دیكه‌‌، ده‌بێت.