ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژه گازی ئوستانه‌كانی خۆراسانی ڕه‌زه‌وی، خۆراسانی جنووبی و سیمنان پچڕاوه و خه‌ڵكی شاره‌كانی تۆربه‌ت جام، تۆربه‌ت حه‌یدره‌یه و سه‌بزه‌وار له دۆخێكی خراپ‌دا ده‌ژین و نه‌وتی سپی و كه‌پسوولی گاز ده‌ست ناكه‌وێت.
به‌پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، خه‌ڵكی توربه‌ت جام و توربه‌ت حه‌یدره‌یه به‌هۆی سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌كه‌وه ناتوانن كاتژمێرێكی زۆر له ڕیزی سووته‌مه‌نی دا ڕاوه‌ستن و سۆپای دارییان داناوه، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی سه‌بزه‌وار به شوێن كه‌پسوولی گاز و نه‌وت دا سه‌رگه‌ردانن و ڕێزێكی دوور و درێژ له‌به‌رده‌م ئه‌و شوێنانه‌ی سووته‌مه‌نی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش ده‌كه‌ن درووست بووه، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت گازیان له خوێندكارانی زانكۆكان قه‌تع كردووه و به‌رپرسانی زانكۆ بۆ ماوه‌ی یه‌ك حه‌وته پشوودانیان ڕاگه‌یاندووه و خوێندكاران له نێو شه‌قامه‌كانی شاره‌دا حه‌یران و سه‌رگه‌ردانن و ئۆتۆمبێلیان ده‌ست ناكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه شاره‌كانی خۆیان.