کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاران لە روانگەی ئامارەوە

هەواڵنێری “مێهر”، سەر بە سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، رۆژی ١٦ی مانگی خه‌رمانانی ٩٤ نووسی کە لاوانی نێوان ٢٠ تا ٣٠ ساڵ زۆرترین ژمارەی بێکاران لە ئێران پێکدێنن. بە وتەی مێهر لەمڕۆدا کەمتر بنەماڵەیەک لە ئێران دەتوانێ بدۆزیتەوە کە تێیدا لانیکەم لاوێکی بێکاری خوێندەواری نەبێت. گوزارشی مێهر بە پشت به‌ستن بە تازەترین ئاکامی بەدەستهاتووی ناوەندی ئاماری ئێران لە درێژەدا دەڵێ کە زۆرترین ژمارەی بێکارانی وڵات لە گروپی تەمەنی ژێر ٣٠ ساڵیدان و لەم گروپەدا رێژه‌ی بێکاری لاوانی نێوان ٢٠ تا ٢٤ ساڵ بە رێژەی ٢٨ و ٧ دەهومی لەسەدە کە لە گروپە تەمەنیەکانی ١٥ تا ١٩ ساڵان کە بەپێی قانونی کاری ئێران وەک گروپی تازە لاوانی شاغڵ یان بێکار دەناسرێن، رێژه‌ی بێکاری دەگاتە ٢٢ و ٢ دەهومی لەسەد.ئەم ٢ ئامارە نیشانی ئەدەن کە دیاردەی بێکاری لاوانی ده‌رچووی دانیشگا کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس، تەنیا نوکی کێوی سەهۆڵی بێکاری بە تایبەت بێکارانی لاو لە وڵات دایە. بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران نرخی بێکاری ژنان لە گروپی تەمەنی ٢٥ تا ٢٩ ساڵیدا، ٢٨ و ٢ دەهۆمی لەسەدە و لە گروپی تەمەنی ٢٠ تا ٢٤ ساڵی ٦٩ و ٦ دەهومی لەسەدە و ئەوە لەحاڵێکدایە کە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی فارغولاتەحسیلانی وڵات لە ژنان پێکدێت.544

لە قانونی کاری ئێراندا بێکار بە کەسێک دەوترێت کە لە نێوان ١٠ تا ٦٥ ساڵ تەمەنیانە و لە هەفتەیەک بەر لە ئامارگیریدا لەگەڵ ئەوەی خوازیاری کار بون، بەڵام نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە و داهاتێک بەدەست بێنن. بەم تەعریفە ئەگەر لاوێکی خوازیاری کار لە هەفتەدا تەنیا یەک سه‌عات کار بکات و داهاتێک بەدەست بێنێت، وەک کەسێکی خاوەن کار و شوغڵ بەحیساب دێت. بەم ئیعتیبارەوە کرێکارانی شاغڵی وەرزیی و کازب، وەک دەست فرۆشەکانیش، دەبێ لەم ئامارگیریانە کە مەعمولەن لە وەرزی کاردا ئەنجام ئەدرێن، وەک شاغڵ بە حیساب بێن.

بە پشت به‌ستن بە ناوەندی ئاماری ئێران تا کۆتایی ساڵی ١٣٩٢ زیاتر لە ٦٦ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس لە جەمعیەتی ئێران، لە تەمەنی کاردا بوون کە ٤٠ ملیۆن کەسیان لە دەرەوەی چەرخەی ئابووری رەسمیدان. ژمارەیەک لەم کەسانە قاچاغچیەکان و کەسانی سەربە کاربەدەستان، رانت خۆرەکان و بەسیجین کە رەسمەن حەقوق وەرناگرن، بەڵام خەریکی هەموو جۆرە فەعالیەتێکی ئابووری مافیایین. زۆربەی ئەم ٤٠ ملیۆنە کەسانێکن کە هیوایان بە دۆزینەوەی کار لە دەست داوە و بەم هۆیەش دەستیان لە گەڕان بەدوای کاردا هەڵگرتوە و لە لیستی ئاماری بێکاران لادراون. بە سرنجدان بەم راستیانە و بە پشت بەستن بە ئامارە رەسمیەکان لە خۆش بینانەترین حاڵەتدا ٥ ملیۆن لە ٢٦ ملیۆن هێزی کاری ئێران وەک بێکار بەحیساب هاتون و ٢١ ملیۆن کەسەکەی تریان شاغڵن. بەپێی ئاخرین ئامار و زانیاری ناوەندی ئامار و ئیتلاعاتی راهبوردی وەزاڕەتی کار، ریفاه و کاروباری کۆمەڵایەتی لە مانگی رەشەمەی ٩٣ دا لەم جەمعیەتە ملیۆنیەی خوازیاری کار تەنیا ١٧٥ هەزار و ٣٤٨ کەسیان بیمەی بێکاریان وەردەگرت،
بەڵام بارودۆخی شاغڵین چۆنە؟ لەنێو کەسانی لەسەرکاردا ٩٣ لەسەدیان بە قەراردادی کاتی کار دەکەن و لە هەموو تەئمینێکی شوغڵی بێبەشن. لانیکەمی حەقدەستی ئەو بەشە لەو کرێکارانەی مەشمولی قانونی کارن لە ساڵی ٩٤ دا کەمێک زیاتر لە ٧١٢ هەزار تمەن لە مانگدا دیاری کرا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئاماری بانکی ناوەندیی لە ساڵی ٩٣ دا هەزینەی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی شارنشین، کەمێک کەمتر لە ٣ ملیۆن تمەن لە مانگدا بووە. هەروەها بە پشت به‌ستن بە ئاماری بانکی ناوەندی ئێران، ٢٤ لەسەد له‌ ١٢ ملیۆن بنەماڵەی ئێرانی، هیچکامیان تەنانەت خاوەنی یەک کەسی شاغڵ لە بنەماڵەدا نین. هەواڵنێری مێهر رۆژی جومعه ٣ی مانگی رەزبەر نووسی کە ژمارەیەک لە خاوەنکاران تەنانەت ئامادە نین ئەم لانیکەمە حەقدەستەش بدەن و بە سەنەدسازی کەسانێک ناچار دەکەن بەشێک لە حقوقەکانیان بەشێوەی نەقدی دوای وەرگرتن و تۆمار کران لە حیسابە بانکیەکاندا، بگێڕنەوە. ئەم هەواڵنێرییە رۆژی دووشەممە ٦ی مانگی رەزبەر نووسی کە پاڵ ئەم فێڵ و تەڵەکە بازیەدا تەحمیل کردنی سەنەدی جەعلی و ئیمزای درۆینە بەسەر کرێکاراندا لە سەرەتای دامەزرانەوە برەوی پێدراوە. ئەگەر ئەمانە بە حەقدەستی دواخراوەوە زیاد بکەین وێنایەکی کاڵ و کەمڕەنگ لە تەحمیلاتی خاوەنکاران بەسەر کرێکارانی لەسەرکار بەدەست دێت.
ئاکامی ئەم بارودۆخە چوون بەرەو ژیان بەسەربردن لە ناخی هەژاری و موسیبەتەکانی سەرچاوەگرتوو لێیەوە، دەرکەوتنی چەند ملیۆن منداڵی کار و خیابانی، سەرهەڵدانی نەخۆشی ده‌روونی، مه‌رگه‌ی له‌ناكاو، ئاماری زۆری خۆکوژی و کەوتنەداوی ئیعتیاد، فەحشا و باندە خراپ کارەکان بووە و هەیە.
نیزامی سەرمایەداریی و کۆماری ئیسلامی وەک حکومەتێکی پارێزەری سەرمایە و زاڵ بەسەر بەشی زۆری ئابووریدا سەبەبکاری سەرەکی موسیبەتە سەپیندراوەکانن بەسەر کرێکارانی شاغڵ و بێکاردا. هەڵبەت کرێکاران و هەڵسوڕاوانیشیان دەست لەسەر دەست تەسلیمی ئەم موسیبەتانە نەبوون. ئەوان بە شێوەی جۆراوجۆر لەدژی خاوەنکاران و فێڵ و تەڵەکەکانیان و لەدژی حکومەتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردوە. بەڵام بەهۆی پڕژوبڵاوی هێشتا نەیانتوانیوە ببنە ئەهرومێکی گوشاری جیدی بۆ دەستەبەر بوونی ویست و داواکاریەکانی کرێکاران.

ژیان بەسەر بردن لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و پڕ لە ریفاه و دوور لە چەوسانەوە و ستەم مافی خەڵکە و کرێکاران بەهۆی پێگەیەک کە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا هەیانە ئەرکی لەنێوبردنی مناسباتی سەرمایەداری و ئیجادی دنیایەکی ئازاد و یەکسان و به‌دوور لە چەوسانەوەی فەردیان لە ئەستۆیە. بەڵام خۆش کردنی رێگای گەیشتن بە ئاوا ئامانجێک لە ئێستادا ئەرکی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی کرێکارییە تا بە گرێدانی ئەم خەباتەی ئێستا لە ئارادایە بەیەکەوە و بردنەسەره‌وه‌ی ئاستی داواکاری کرێکاران بوار بۆ دامەزراندنی سازمانە چینایەتی و سیاسیە کرێکاریەکان و بەهێز کردنی ئەو تەشەکولانەی لە گۆڕەپانەکەدان خۆش بکات. لە بارودۆخی ئێستادا بەرەنگار بوونەوەی دیاردەی دژی ئینسانی و دواخستنی دانی حەقدەستەکان، زیاد کرانی حەقدەست لەسەر بنەمای ریفاه و نیازەکانی ژیانێکی ئینسانی بنەماڵەیەکی کرێکاری، دابین بوونی ئەمنیەتی شوغڵی و ئیمنی شوێنی کار و دابین بوونی کار یان بیمەی بێکاری کافی تا دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لە زومرەی داواکاری سه‌ره‌كی کرێکارانە. کرێکارانی ئێران چ لەسەرکار، و چ بێکار پێویستە قۆڵ لە قۆڵی یەکتردا بۆ دەستەبەر کردنی ئەم داواکاریانە بزوتنەوەی نارەزایەتی خۆیان پەرە پێبدەن. پەرەدان و بە یەکەوە پێوەنددانی خەباتی کرێکاران لە دەوری ئەم داواکاریانە ئەرکی سەرەکی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکارییە لەم دەورەیەدا