سەرئەنجام ئەڕتەشی تورکیە لەدژی هێزەکانی” حیزبی یەکێتی دیموکرات” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” لە باکوری سورییە عەمەلیاتی ڕاستهوخۆی دەست پێکرد. کاتژمێر ٤ ی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٤ ی ئوت، بەرابەر لەگەڵ سێی مانگی خهرمانان، هێزە چەکدارەکانی تورکیە شاری جرابلوس، هەڵکەوتو لە باکوری سوریە و هاوسنور لەگەڵ کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانی بۆمباران، تۆپباران و خومپارەباران کرد. هاوکات هێزە چەکدارەکان لە عەمەلیاتێکدا بەناوی ” سپەری فورات” چوونە نێو شاری جرابلوسەوە لە سوریە. ڕەجەب تەیب ئۆدوغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، ئەمرۆ بە ڕەسمی دەست پێکردنی عەمەلیاتێکی بەناوی ” سپەری فورات” لە ناوچەکانی باکوری سوریە ڕاگەیاند و باسی لە چوونی هێزی نیزامی و تانک و زرێپۆشەکانی ئەڕتەشی تورکیە، بۆنێو خاکی سوریە کرد.ئۆردوغان ڕایگەیاند کە ئامانج لەم عەمەلیاتە پاراستنی یەکپارچەیی سوریە و بەرگرتنە لە بەرەوپێش چوونی هێزەکانی ” حیزبی یەکێتی دێمۆکڕات” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل”.ئەو وتی کە ئەڕتەشی تورکیە لەم بوارەدا، هەموو توانایی خۆی دەخاتەکار. ئەو وتی کە، ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” دەبێ بەرەو رۆژهەڵاتی رووباری فورات بگهڕێهنهوه و ئەوەش بەواتای چۆڵ کردنی شاری ئازاد و پاکسازی کراوی منبجە لە هێزەکانی داعش، لە لایەن ئەم هێزەوە. ئەم هێرشانە هاوکاتە لەگەڵ دیداری جۆبایدن جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا لەگەڵ ئۆردوغان.حەنیفە حسێن ئەندامی ڕێبەریی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی کە تورکیە باس لە عەمەلیات لەدژی جرابلوس دەکات بەڵام ئامانجی سەرەکیان داگیر کردنی حەڵەب و عەفرینە. رێدوور خەلیل، یەکێک لە وتەبێژانی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل”، وتی:” هێرش بۆسەر سوریە و داگیر کردنی خاکەکەی، هەوڵدانە بۆ تۆڵە سەندنەوەی شکستی پرۆژەی داعش دوای ئازاد بوونی منبج، هەروەها ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی خەڵکێک کە بۆ ئازادی ئەم ناوچانە لە دەستی داعش گیانفشانی و لەخۆ بردوییان کردوە. ساڵح موسلیم، سەرۆکی هاوبەشی حیزبی دیموکراتیک سەبارەت بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی تورکیە بۆسەر باکوری سوریە وتی:
” من پێموایە ئەوان زیانێکی گەورە دەکەن. چوونە نێو ئەم شەڕەوە بەپێی بڕیاری خۆیان بەڕێوەچوو، بەڵام دەرچون لێی بە بڕیاری خۆیان نابێت. خەڵکی سوریە، هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک و شوڕای نیزامی جرابلوس بەرەنگاریان دەبنەوە. تورکیە لە ڕێگای باندەکانی داعش، بەرەی نوسرە و باریگادی سوڵتان موراد لە سوریەدا شەڕیان کردوە، ئێستا خۆیان ڕاستەوخۆ هاتۆنەتە نێو شەڕەکەوە، ئەوان بە دەستدرێژی ڕاستەوخۆ بۆسەر خاکی سوریە توشی زەرەر و زیانێکی گەورە دەبن و لە زەلکاوی سوریەدا دەخنکێن.”
هێرشی تورکیە بۆسەر باکوری سوریە بێگومان بە تەئیدی حکومەتەکانی ئێران و روسیە بەڕێوەچووە. حکومەتی بەشار ئەسەدیش کە لەم رۆژانەی دواییدا لە حەسەکە توشی شکستێکی سەخت بوو بە دەست ” یەکینەکانی پاراستنی گەڵ”ەوە سەرەڕای مەحکوم کردنی بەڕواڵەتی هێرشی ئەڕتەشی تورکیە ئەگەری هەیە لەسەری ڕازی بووبێت. هێرشی ئێستای دەوڵەتی تورکیە بۆسەر جرابلوس لە ڕاستیدا ئامادەکارییە بۆ هێرشێکی سەرتاسەری بۆسەر کانتۆنەکان و لە ڕاستای لەنێو بردنیاندا بەڕێوەچوە. دەوڵەتی تورکیە لەم قۆناغەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هەستیاری دەوڵەتانی دەرگیر لە قەیرانی سوریەدا بە هێزێکی کەمەوە هاتۆتە مەیدان. بەڵام ئەگەر بتوانێ پێگەی خۆی لەم ئاستەدا قایم بکات، هەنگاوی دەست درێژیکارانەی دواتریش دەهاوێ.
هاندهر و ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لەم لەشکر کێشیەدا ئاشکرایە. لە کوردستانی سوریە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە ناخی قەیرانێکی سیاسیدا ئەو ئیمکانەیان دەستکەوت کە حکومەتی خۆبەڕێوەبەری دامەزرێنن. بە شکڵدان بە ناوەندەکانی حاکمیەتی جەماوەری و بەرپا کردنی دیموکراسیەکی هاوبەش، ئۆلگویەکیان بۆ ئیدارەی داهاتوی کۆمەڵگای سوریە پیشاندا. لە بواری دابین کردنی مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان و فەراهەم کردنی ئیمکاناتی بەشداری بەرینی ژنان لە مەیدانە جۆراو جۆرەکانی خەبات و ژیانی کۆمەڵایەتیدا گەلێک بەرەو پێش چوونی بەرچاو دەستەبەر بکەن. هاوپشتی خەڵکی کورد و عەرەب و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی تر دابین بکەن. بە ڕێکخستنی ئەڕتەشێکی چەکداری جەماوەری دیفاع لە دەستکەتەکانیان بکەن. هێرشی هێزی تا ئهوپهڕ کۆنەپەرست و سەرتاپا چەکداری وەک داعش تێکبشکێنن. خۆیان لە سوڵتە و ستەمی حکومەتی بەشار ئەسەد ڕزگار بکەن. لە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە بەهرەمەند بن و پشتیوانی لێبکەن. ئاشکرایە کە ئەم دەستکەوتانە بۆ دەوڵەتی شۆوینیستی ئا کە پە و ئۆردوغان تەحەمول ناکرێت. دەوڵەتی تورکیە کە دوژمنی سەرسەختی خەڵکی کورد لە تورکیە و سوریەیە، بەکردەوە بزوتنەوە لەم دوو بەشەی کوردستاندا بە یەک چاو تەماشا دەکات. ئەم دەوڵەتە چ لە ئێستادا کە شەڕێکی وێرانگەر لەدژی خەڵکی شارەکانی ناوچە کورد نشینەکان لە تورکیە بەڕێوەدەبات و چ ئەو کاتەی کە ڕیاکارانە باسی لە چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی کورد دەکرد، لە هەردوو دەورەکەدا چاوی بڕیبووە کپ کردنەوەی بڵێسەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە کوردستانی سوریە. له ڕاستیدا سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئۆردوغان لە قەیرانی سوریەدا یەک لەدوای یەک توشی شکست بوون. پشتیوانی لە داعش بۆ ئۆردوغان بوو بە ڕیسواییەکی نێونەتەوەیی. دروست کردنی کێشەی بە ئانقەست لەگەڵ دەوڵەتی روسیە بوو بە پاشکەشەیەکی سەرشۆڕانە. گوروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیە لە مەیدانەکانی نەبەردا لەگەڵ داعش و لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بە دەست نەهێنا و بەم هۆیەشەوە لە شکڵدان بە داهاتوی سیاسی سوریە ناتوانن دەور و نەخشێکی ئەوتۆیان هەبێت. سەرجەم نیشانەکان دهری دهخهن کە لەشکر کێشی ئەم دواییەش ئاکامێکی بێجگە لە پاشەکشەیەکی سەرشۆڕانە بەدواوە نابێت و دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکێکدا کە بڕیاریان داوە دیفاع لە ئازادی و دەستکەوتەکانی خۆیان بەکەن لە سوریەدا توشی شکست ئەبێت.