کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەو سەد رۆژەی کە خەڵک بە ئەندازەی چەندین سال ئەزمونیان بەدەست هێنا

images

  شۆڕشی سیاسی و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی فێرمان دەکات کە هێندێک رۆژ و ساڵ لە ژیانی گۆمەڵگاکاندا دێنە پێشێ کە تێیاندا خەڵک بە ڕادەی دەیان ساڵ ئەزمون فێردەبن. لە کاتی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی کچێکی لاوی کوردستانیەوە لە تاران، تا ئێستا نزیکەی سەد رۆژ تێدەپەڕێت. ڕووداوەکانی ئەم ٣ مانگ و دە رۆژە کوردستان، ئێران و تەنانەت بەشێکی زۆری دنیاشی خستۆتە ژێر کاریگەری قوڵ و جیدی خۆیەوە.

لەم سەد رۆژەدا دروشمی ژن. ژیان. ئازادی کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا بوو بە ماتۆڕی بزواندنی بزوتنەوەیەکی پێشڕەو و ئازادی خوازانە کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەی لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگرت. ژنان و لاوان هاتنە مەیدان تا وێڕای داخوازی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆشنترین و ئینسانیترین ئاسۆی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە ڕووی خەڵکدا بکەنەوە.

تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی لە هەمانحاڵدا بازدانە بەسەر دنیای کۆندا و ئاوێتەبوون لەگەڵ کاروانی ئازادی و بەرابەری و ڕیفاه، ئامانجێکە کە لە شۆڕشی مەشروتەوە و لە ماوەی ١١٨ ساڵی ڕابردودا چەند نەسڵ لە پێناو دەستەبەربوونیدا هەوڵیان داوە و گیانبازیان کردوە و لەمڕۆدا بەرەو ئەوە دەچێت بە ئاکام بگات.

ڕەدکردنەوەی ئیستبداد، دابینبوونی یەکسانی ژن و پیاو، ڕێز و پێبەندبوون بە مافە سەرەتاییەکانی ئنسانەوە، جیایی دین لە دەوڵەت و لە ئاموزش و پەرەوەرش، دابینبوونی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، بە ڕەسمیەت ناسرانی مافی تەشەکول و دەربڕینی ناڕەزایەتی، تێکەوپێچرانی هەتاهاتایی زیندانی سیاسی و هەڵوەشانەوەی ئەشکەنجە و ئێعدام، پەرەدان و بڵاوکردنەوەی زانست و بەرەوپێشچوون و دەژایەتی کردن لەگەڵ خورافە و ناوەندەکانی پشتبەستوو بە نەزانی و دواکەوتویی لە زومڕەی لانیکەمەکانی داخوازی، دروشم و هیوا و ئاواتی هەنوکەیی بە ملیۆن کەس لە خەڵکە.

لە سەد رۆژی ڕابردودا خەڵک هێزی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خۆیان ئەزمون کرد. حکومەتیان لەو گۆڕەپانانەدا کە ببونە هێما و پەرچەمی کۆماری ئیسلامی، لەوانە لە پۆشینی زۆرەملێ، پیرۆزبوونی ڕۆحانیەت، دەسەڵاتی ناوەندە مەزهەبیەکان وادار بە پاشەکشە و شکست و ناکامی کرد.

  لەم سەد رۆژەدا ژنان، لاوان و خەڵکی تێکۆشەر بە كەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوی خەباتکارانە و كەڵک وەرگرتن لە مێدیا و ڕاگەیەنەرە کۆمەڵایەتیەکان بە ملیۆن کەسیان لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بەرەنگاری کۆنەپەرستی مەزهەبی کردەوە. دروشمە پێشکەوتن خوازانەکان توانی پشتیوانی بە ملیۆن، یان ڕەنگە بە ملیارد کەس لە خەڵکی هاوچارەنووسی دنیا بۆلای خۆی ڕابکێشێ.

سەد رۆژ خەبات نیشانی خەڵکیدا کە تێپەڕبوون لە بارودۆخی ئێستا و بنیادنانی نیزام و نەزمێکی تر و دنیایەکی باشتر ئەگەرچی بە مەسیرێکی گەلێک پڕ لە کەندو کۆسپ و هەوراز و نشیودا تێپەڕ دەبیت و لە ڕاستیدا ڕێگایەکی نێوقەدبڕ بۆ گەیشتن بە ئامانج بوونی نییە، بەڵام بابەتێکە ئیمکان پەزیرە و محاڵ نییە.

لەم سەد رۆژەدا یەکگرتویی خەڵک ئەزموون کرا، هیوا و ئاوات لە دڵاندا ژیانەوە و بێ هیوایی و شپرزەیی لە نێو ڕیزی دەسەڵاتداران و بەکرێگیراوانی حکومەتیدا پەردەی لەسەر لاچوو.

ڕوون و ئاشکرایە کە ئەزموونەکانی ئەم سەد رۆژە هاسان و بێ هەزینە دەستەبەر نەبوون. بە داخەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بە قەتڵی حکومەتی لە سەر شەقامەکان و لە زیندانەکاندا گیانیان بەختکرد. زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دەستبەسەر، زیندانی و بەشی زۆریان ئەشکەنجە دران. بە هەزاران کەس بریندار بوون و بنەماڵەی بەشێکی زۆریان بەرەو رووی کێشە و گرفت و سەرئێشە و کارەسات بوونەوە. بەڵام لە هەمانحاڵدا لەم سەد رۆژەدا شاهیدی هاوپشتی خەڵکی هاوچارەنووس لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، ژنان، لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، هونەرمەندان و ڕووناکبیران، نووسەران و وەرزشوانان، پزیشکان و پەرستاران و هیتر بووین، و ئەم هێزە گەورە و بەرینەیە کە توانایی بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی هەیە. لەم سەد رۆژردا بە هەموان نیشاندرا کە ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی حەتمی و ناچارییە و خەڵکی شەریف و ئازادیخواز  زیاتر لە پێشوو لە گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی نزیک بوونەتەوە.

لە سەرودەمی سەدەمین رۆژی شۆڕشیژن. ژیان. ئازادیدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین لەبەرانبەر گیانبەختکراوان، بنەماڵەی بەڕێزی ئەوان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زوتریش بۆ بریندارانی ئەم شۆڕشە دەخوازین.