کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەو بزووتنەوانەی کە خەو لە چاوی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دەزڕێنن

بزووتنه‌وه‌ی ناسراو بە جلیقە زەردەکان” لە فەڕانسە سەرەڕای ڕاگەیاندنی پاشکەشەی دەوڵەت لە بەرانبەر داخوازی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە واته‌ “هەڵوەشاندنەوەی زیادکردنی قیمه‌تی سوتەمەنی” هەروا درێژەی هەیە. ” ئێدوارد فیلیپ” سەرۆک وەزیر لە مەجلیسی فەرانسە دانی بە هەڵەکەی سه‌باره‌ت به‌ بەرز کردنەوەی ماڵیات لەسەر سوتەمەنی دانا و وتی: ” دەوڵەت کۆمەڵێک به‌ڵێنی بۆ دابین کردنی داخوازی خەڵکی ناڕازی لە نەزەر دایە.” بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لومۆند، چاپی فەرانسە،” ئێدوارد فیلیپ” بەم شێوەیە دەیەوێ خۆی بکاتە سپەری بەڵای مه‌کرۆن کە بووه‌تە ئامانجی سەرەکی ناڕەزایەتیی جلیقە زەردەکان. ڕۆژنامەی لومۆند لە درێژەدا دەنووسێ:” هەموو شتێک بۆ ئێمانۆئیل مه‌کرۆن و دەورەی پێنج ساڵەی سەرۆک کۆماریەکەی گۆڕاوە. ئەو ئیتر ناتوانێ نەزمی گشتی زەمانەت بکات و کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی لە دەست دەرچووە.” ناڕازیان خوازیاری بەڕێوەچوونی گشت پرسی بۆ دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆماری فەرانسە، ئێمانۆئیل مەکرۆنن.

لە ناڕەزایەتیی جلیقە زەردەکاندا کە لە ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی نۆوامبرەوە دەستی پێکردووە، هه‌تا ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٥٠ کەس لەوانە ١٣٦ پۆلیس، بریندار بوون. ئەگەرچی بزوتنەوەی جلیقە زەردەکان لە ناڕەزایەتیی بە چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی سوتەمەنی دەستی پێکرد، بەڵام بە کردەوە داخوازی زیاتری هەیە و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ لە سەرتاسەری فەرانسە دا بەرینتر دەبێتەوە. بێکاری، كێشه‌ی مەسکەن، گرانی، لەخوارەوە بوونی ئاستی حەقدەست و کەم بوونەوەی توانایی کڕینی خەڵک، لە ناوەندی داخوازییەکانی ناڕازیان دان. لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لە لایەکەوە، حەقدەستەکان زیاد نەبوون و لە لایەکی دیکەوە ماڵیات لەسەر کالاکانی جێگای پێداویستی خەڵک بێ وچان لە حاڵی بەرز بوونەوە دا بووە. ئه‌م بارودۆخه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێك له‌ هه‌ژاری كه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی فه‌ڕانسه‌ قه‌بووڵی ناكه‌ن.

ڕۆژنامەی لومۆند دەنووسێ:” بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ڕاپرسی فەڕانسە، مەکرۆن لە ئاکامی سیاسەتەکانیدا لە سارکۆزی سەرۆک کۆماری پێشو و بەدناوەی فەرانسە نیكولای ساركۆزی بێزراو ترە.” خەڵک دەڵێن مەکرۆنی سەرۆک کۆماری، دەوڵەمەنده‌كانه‌ و هەوڵ دەدات بودجە لەسەر بنەمای ویستەکانی سه‌رمایه‌داران ئامادە بکات و سەبارەت بە داخوازی ئەوانیتر” كه‌ر و کوێره‌.” بێ متمانەیی بە حکومەت گەیشتووه‌تە ئاستێک کە خەڵک تەنیا و تەنیا متمانه‌یان بە دەنگی خۆیان هەیە. ئەوان ئیتر تەنانەت خوازیاری نێوبژیوانی سەندیکاکان یان ئەحزابی سیاسیش نین.

پاشەکشەی ڕێژەیی ئێمانۆئیل مەکرۆن کە یەکەم سەرکەوتنی جلیقە زەردەکانە، بە ئاشکرا هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی بوێرتر کردووە و خەڵکی ناڕازی بە درێژەی ڕێگاکەیان هیوادار تر کردووە. لەم پێوەندەدا تاکتیکی دەوڵەت بۆ هەڵپەساردنی بڕیارەکەی پێشوی خۆی به‌ده‌ست هێنانی فرسه‌ته‌، تا کاتێک کە خەڵک ماندو دەبن و وەحدەتی ڕیزەکانیان لاواز بێت. خەڵکی ناڕازی ئەم تاکتیکەی دەوڵەت بەباشی هەست پێدەکەن، هه‌ر بۆیه‌ پاشەکشەی مەکرۆن لە هەڵوێستی بەرز کردنەوەی قیمه‌تی سوتەمەنی نە تەنیا ئاستی ناڕەزایەتییەکانی کەم نەکردووه‌تەوە، بەڵکوو پڕ شور تر و بەرین تریش كردوون.

بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئەم بزوتنەوەیە خاوەنی کۆمەڵێک کەموکوڕی بنەڕەتییە و لەژێر گەلێک مەترسیدایە:

یەکەم، نەبوونی ڕێبەریەکی ناسراو. ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بە شێوەی خۆڕسک و زیاتر لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەسیج بوون، خاوەنی ڕێبەری نین. لە ڕاستیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخەری بزوتنەوەکەن. کاتێک دەوڵەت دەڵێ کە ئامادەی وتووێژە، هیچ کەس یان هەیئەتێکی دیاریکراو بوونی نییە تا لەگەڵی کۆببنەوە. ڕوون ئاشکرایە کە لە نه‌بوونی ڕێبەریەکدا کە ستڕاتێژیەکی ڕوون دیاری بكات، ڕاستەخۆ جه‌ماوه‌ر هیدایه‌ت بكات، لایەنی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی بێت، دەستکەوتەکان سه‌قامگیر بكات، بە ڕه‌چاوكردنی سیاسەتی دروست و وشیارانە وەحدەت و یەکگرتوویی ڕێزی بزوتنەوەکە بپارێزێ، سەرکەوتنەکانی، سست و لاواز، بەرتەسک و کاتی دەبن. ئایا درێژەی بزوتنەوەکە، ئەو دەرفەتە ئەدات تا ئەم کەموکوڕیە بنەڕەتییانە لەنێو بچن، ده‌بێ چاوڕێی گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژانی داهاتوو بین.

دووهەم، نا رۆشن بوونی دەوری چینی کرێکار و ئامادە نەبوونی سەندیکا کرێکارییەکان لەم ڕووداوانەی دواییدا. دیاردەکان نیشانی دەدەن کە سەندیکاکان و ئەحزابی سیاسی کەمترین کۆنترۆڵیان بەسەر ئەم بزوتنەوانەدا نییە. بێ گومان کرێکارانی فەرانسە لە مەکرۆن و سیاسەتە نیئۆ لیبڕاڵییەکانی بێزارن. نمونەی دەربڕینی ئەم بێزاریه‌یان، کاتی دیداری مانگی ڕابردووی مەکرۆن لە کارخانەکانی ڕنۆدا بینی. لەگەڵ ئەوەدا کە کرێکاران بەشێوەی فەردی لە پاڵ چینی مام ناوەندی ناڕازیدا بە بەرینی لەم حەرەکەتەدا بەشدارن، بەڵام ئامادە بوونی ڕێکخراو و ئاگاهانەی چینی کرێکار نابیدندرێت. تا ئێستا هیچکام لە سەندیکا گرنگ و سەرەکییەکانی فەرانسە، یەکێک لە سەندیکا چکۆلەکانی پۆلیس نه‌بێ، هیچ كامیان بە بزوتنەوەی جلیقە زەردەکانەوە پەیوەست نەبوون. یەکێتییە کرێکارییەکان لە فەرانسە گەلێک بەهێزن و لە زۆربەی قەیرانە ئابووی و ناڕەزایەتییەکانی خیابانیدا دەوڵەتیان ناچار کردووە لەگەڵ ڕێبەرانی ئەم سەندیکایانەدا وتووێژ بکات. دەوڵەتی فەڕانسە نیگەرانی پەیوەست بوونی سەندیکا کرێکارییەکانە بەم بزوتنەوەیەوە.

سێهەم، بەهرەبەرداری ئەحزابی ڕاستی ئیفراتی. نەبوونی ڕێبەریەکی ئاشکرا و ڕادیکاڵ ئیمکان ئەدات بە ئەحزابی ڕاستی نەیاری دەوڵەت تا نفوز بکه‌نه‌ ڕیزی ئەم بزوتنەوەیەوە. كاتێك ڕادیۆ فەرانسە لە زمان ڕۆژنامەی دەستە ڕاستی فیگارۆوە، بزوتنەوەی جلیقە زەردەکان بە ڕەوا و بوێروانە ناو دەبات دیاره‌ زه‌رفییه‌ت گه‌لێكی تێدا شك ده‌بات. ئه‌م ڕۆژانه‌ دەبیسترێت کە ناڕازیان خوازیاری دانانی << پییەر دۆوییر>>، سەرۆکی پێشوی هێزە چەکدارەکان، وەک سەرۆک وەزیران بوون. ئەو لە ناڕەزایەتیی بە کەم بوونەوەی بودجەی نیزامی دەوڵەت ئامادە نەبوو بەشداری کابینەی دەوڵەتی فەرانسە بێت.

لەگەڵ گشت ئەم کەموکوڕی و مەترسیانەدا، بزوتنەوەی جلیقە زەردەکان خاڵی هاوبەشی ناڕەزایەتییەکانی زۆربەی خەڵکی فەرانسەیە. خەڵکێک کە کاسەی سەبریان لە بارودۆخی مەوجود لێوڕیژ بووە. به‌ستێنی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەموو وڵاتانی ئۆرووپایی و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەلێک بەهێزە. هەر ئێستا خۆپیشاندان گەیشتووه‌تە بلژیک. بزوتنەوەی جلیقە زەردەکان لە ناوەرۆکی ڕاستە قینەی خۆیدا درێژەی بزوتنەوەی” داگیر کردنی وال ستریت”، ” بزوتنەوەی ٩٩ لەسەدیەکان”، ” بزوتنەوەی شەو بێداری” و گشت ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی دواییە دژبە نیئۆلیبڕالیزمی حاکم بەسەر وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریه‌. ئەو بزوتنەوانەی کە هەر چەند ماوە جارێک، خەو لە چاوی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دەزڕێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah