کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

   ئەوەی کە خەڵک نیانە ژیانە! 

وغتو

لێکدانەوەی دروشمی:” ژن. ژیان. ئازادی” کە بە ملیۆن کەس لە خەڵکی وەگیانهاتو لە دەست کۆماری ئیسلامی هاواری دەکەن، نیشانەی نەبوونی ژیانێکە کە کەرامەت و شکۆی ئینسانی تێدا پارێزراو بێت. هەر وەک ئەوەی کە لەم دروشمەدا بوونی وشەی ژن نیشانەی بوون و حوزوری ئاپاڕتایدێکی جنسیەتی و هەڵاواردنی نیهادینە بووە لەدژی ژنان. هەر ئەو جۆرەی کە دروشمی ئازادی بەڵگەی بوونی خەفەقانێکی مەزهەبییە و ئاماژە بە حاکمیەتی ڕژیمێکە کە دژایەتی زاتیی لەگەڵ هەموو چەشنە ئازادیەکی فەردی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا هەیە.

  بەڵام واژەی” ژیان” لەم دروشمەدا، هاواری خەڵکێکە کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا و وێڕای بوونی دنیایەک لە سەرچاوەی سروشتی و هێزی داهێنەری ئینسانی، زۆربەیان تەنانەت خاوەنی نزمترین ئیستانداردەکانی ژیانێکی نۆڕماڵ و ئاسایی نین. 

  سەرەتایی ترین پێوانەکانی ژیانێکی نۆڕماڵ و ئاسایی هەبوونی مەسکەنی گونجاو، دەست ڕاگەیشتن بە دوکتەر و خزمەتگوزاری دەرمانی، ئاموزشی بەخۆڕایی لە هەموو ئاستەکاندا، هەبوونی حەقدەستی گوناجو بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانی لەگەڵ خۆراکی گونجاو، ئاو و هەوای سالم و پاک، بیمەی دەرمانی و بێکاری، هەبوونی ئیمکاناتی تەفریحی و ئاسایش، ئەمنیەت و بەهرەمەند بوون لە مافە سەرەتاییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکانە. 

  بە پشت بەستن بەو ئامارە حکومەتیانەی کە لەگەڵ ڕاستیە کۆماڵایەتیەکان گەلێک جیاوازن، زیاتر لە نیوەی خەڵکی کۆمەڵ لە هەژاری بە تەواوەتیدا دەژین. حەوت دەهەکی خوارەوەی کۆمەڵگە توانایی دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی زەروری ژیانی خۆیانیان نییە. تەرجمەی ئەم هەژاریە بە تەواوەتیە، بۆ پێناسەی ژیان، واتە خەڵک مەسکەنی گونجاویان نییە، و یان بێ مەسکەن و کارتۆن خەون. سڵامەتیان لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوەی بیمەی دەرمانیان نییە و هەزینەی دەرمان، دوکتور و نەخۆشخانە بۆ ئەوان زۆر قورسە و منداڵەکانیان بە ناچار لە نێوەڕێدا دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و ڕەوانەی بازاڕی بێ ڕەحمی کار دەبن، واتە پەرەسەندنی خەسارە پڕ ئازارە کۆمەڵایەتیەکان. 

  خەڵکێک کە خوراکی باشیان نییە، لە خواردنی میوەی تازە، گوشت و ماسی بێبەشن، لە ئاکامدا سیستمی بەرگری جەستەیان لە بەرانبەر نەخۆشیەکاندا لاواز دەبێت. منداڵان و ژنانی دوگیانیش لانیکەمی ویتامینی پێویستیان پێدەگات. 

  پیسبوونی ئاو و هەوا، ئەو قەیرانە ژینگەییانەی کە بەشێکیان سەرچاوە گرتوو لە سیاسەتە کۆنەپەرستانە و نا زانستیەکانی حاکمانی ئیسلامیەوە سەرچاوەیان گرتوە بوونەتە مەترسی جیدی لەسەر سڵامەتی خەڵک. دامەزراندنی ناوەندەکانی پارازیت بۆ لە کار خستنی ڕاگەیەنەرەکانی دەرەوەی سنور لە گەڕەکەکان، بوونەتە هۆکاری بڵاو بوونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر و لەوانە سەرەتان. 

  بێکاری و نەبوونی بیمەی بێکاری واتە داسەپاندنی هەژاریەکی بەرین بەسەر خەڵکدا و هەژار کردنی ئاگاهانە تا خەڵک کاتی پێویستی بۆ بیرکردنەوە لە ژیانێکی شیاوی ئینسانی ئەمڕۆی نەبێت. 

  لەگەڵ گشت ئەمانەدا، سوکایەتی کردنی سیاستماتیک بە خەڵک لە لایەن حاکمانی ئیسلامیەوە، داسەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانە و سەدە ناوەڕاستیەکان، گەندەڵی و تاڵانچێتی نجومی ئاخوندەکان و فەرماندە نیزامی و سیاسیەکان، گوشارێکی دەروونی قورسە بۆسەر خەڵک. 

  بە کورتی وشەی ژیان لە دروشمی جوان و پڕ واتای:” ژن. ژیان. ئازادی”، دا واتە ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی، دابین و زەمانەت کرانی ژیانێکی ئینسانی شیاوی دنیای ئەمڕۆ بۆ خەڵکی ئێران.