کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەم بزوتنەوەیە جیاوازە

خۆپێشاندانی خه‌ڵكی باكووری كوردستان بۆ پشتیوانی له‌ خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی

ئەمبزوتنەوەیەجیاوازە

  ڕەحمان جەلالی، جێگری ئوستانداری کرمان رۆژی ١٤ ی مانگی خەزەڵوەر لە ئاماژە کردن بە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان وتویەتی:” هەمیشە بەرتەسک کردنەوەی ئینتێڕنێت، ده‌ستبه‌سه‌ركرانی سەردەستەی گوروپە ئاژاوەگێڕەکان و هاتنی خەڵک بۆسەر شەقامەکان وئاژاوە گێڕیی لەنێوبردوە، بەڵام جنسی ئەم ئاژاوەیە و بەردەنگ و مخاتبەکانی جیاوازە.” هەروەها ڕەسوڵ سەنایی یەکێک لە بەرپرسانی دەفتەری خامنەیی وتویەتی:” نیزام لەدەست نەچووە بەڵام ئێمە گورزی گەورەمان بەرکەوتوە.” ئەو دوو حاڵەتەی ئاماژەمان پێدان، ڕەنگدانەوەی و دەنگدانەوەی ورەی لاوازی بەرپرسە پلە دووهەمەکانی کۆماری ئیسلامیە، کە دانی پێدادەنێن، بزوتنەوەی ئەم دەورەیە جیاوازە و شێوازە باوەکانی سەرکوتی حکومەتی ئیسلامی ئیتر وڵامدەرەوە نییە.

  لە خامنەییەوە تا فەرماندەکانی سپای پاسداران، لە ڕەئیسیەوە تا ئاخوندە وڕێنەکەرەکان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردودا گەلێک جار هەڕەشەیان لەخەڵک کردوە. هێزە سەرکوتەگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی زیاتر لە ٣٠٠ کەسیان لەسەر شەقامەکان کوشتوە، بە هەزاران کەسیان بریندار و ئەشکەنجە کردوە. بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندان و مانگرتن، ئاستێکی بەرینتر بە خۆیەوە دەگرێت.

سەرجەم تاکتیک و سیاسەتەکانی ڕژیم بۆ ئەم بزوتنەوەی دوایی، کە بە کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، بەرەو رووی شکست و ڕیسوایی بۆتەوە. خەڵکی ناڕازی، ژنان و لاوان، خوێندکاران و قوتابیان، هونەرمەندان و نووسەران، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە بەلوچستان تا کوردستان، داهێنەرانە لە مەیدانی خەباتدا ئامادەن. بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم جەماوەرە بەرینە هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی توشی ناکۆکی دەرونی و ماندوو بوون و فەرسایش کردۆتەوە.

  بزوتنەوە و خەڵکی ناڕازی بە ڕۆشنیەکی گەلێک زیاترەوە دروشمە گرنگ و کلیدیەکانی وەک ژن. ژیان. ئازادی، مردن بۆ دیکتاتۆڕ دەڵێنەوە. هاودڵی و یەکێتی و یەکگرتویی نێوان هێزە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکان گەلێک زیاتر بووە و ترسی خەڵک لە حکومەت تا ئاستێکی زۆر جێگای خۆی داوە بە بوێریەکی گشتی و بۆتە هێرش کردنە سەر پایەکانی نیزامی ئیسلامی.

لەم دەورەیەدا خەڵک لە خەباتی چوار دەیەی ڕابردوی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران گەلێک دەرس و ئەزمونی بە نرخیان وەرگرتوە. هاودڵی نێوان کوردستان و ئازەربایجان، نێوان شیعە و سوننی، یەکگرتویی نێوان خەڵکی نێوخۆ و دەرەوە پتەوتر بووە. بزوتنەوەی ئەم دەورەیە زیاتر لە هەموو کاتێک بە ئامادە بوونی کاریگەر و ڕێبەری ژنان لە لایەکەوە و پەڕاوێز خستنی دامەدەزگای ئاینی و دەرکرانی ئخوندەکان لە ژیانی خەڵکدا مانا دەکرێتەوە. زانکۆ و خوێندکار دوای دەورەیەک سستی، ئێستا چالاکانە لە بەرانبەر ڕژیمدا وێستاون، خەڵک لێهاوتویی و خەلاقیەتی زیاتر لە شکڵ و شێوازی خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا نیشان ئەدەن و تاکتیکی جۆراو جۆر و جیاواز بەکار دێنن. گشت ئەمانە نیشانی ئەدات کە گەیشتن بە سەرکەوتن و ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردو زیاتر بۆتە بابەتێکی مومکین و هاتۆتە بەردەست.

  خامنەیی ڕێبەری ڕژیم لەبەردەم ڕای گشتیدا هەموو ئیعتیبارە درۆینە و بێ ناوەرۆکەکەی لە دەست داوە. ئەندامانی هەیئەت حاکمەی گەندەڵ و کۆنەپەرست لە گشت ئاستەکاندا، هیچ ئیعتیبارێکیان لەنێو خەڵکدا نییە. تەبلیغات و بڵاو کردنەوەی درۆی ڕژیم هیچ کڕیارێکی نییە و تەنانەت کەسانی لایەنگری ڕژیمیشی پێ قانع نابێت.

ترس لە حکومەت جێگای خۆی داوە بە هیوا و بوێری و ئەمجارە ئەوە ڕژیمە کە لە خەڵک ئەترسێت. لە هیچ دەورەیەکدا ئاخێزی خەڵک بەم ڕادەیە بەرەو ڕووی پێشوازی ڕای گشتی خەڵکی دنیا نەبۆتەوە و لەم ئاستەدا لە لایەن هونەرمەندان، وەرزشکاران، رۆژنامەنووسان و نووسەرانەوە پێشوازی لێنەکراوە. کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەر لە دوو مانگ لەوەپێشی و خەڵک تا ئێرەش کۆمەڵێک دەستکەوتیان دەستەبەر کردوە کە وەرگرتنەوەیان محاڵە و بە پشتیوانی ئەم دەستکەوتانە بەرەو سەرکەوتنی نیهایی و یەکجاری دەڕۆنە پێشێ.