کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەسپە زین کراوەکان بێ سوار دەمێننەوە!

ئەسپە زین کراوەکان بێ سوار دەمێننەوە!

ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی حکوومەتی ئیسلامی، لە سەڵتەنەت تەڵەبەکانەوە بگرە تا دەگاتە موجاهیدین، ئەسپەکانیان زین کردووە و هەرتاو ناتاوێک بەڵێنی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە لایەنگرانی خۆیان دەدەن. ئەوان بە تێپەڕبوونی کاتە دیاریکراوەکان، بە   بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بدن، بەڵێنیەکانیان نوێ دەکەنەوە ، ئەم گەمە سیاسیە چوار دەیەیە بەردەوامە.

ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو کە هێزی خۆی لە جەماوەری خەڵکەوە وەرناگرێت، دڵی بە گۆڕانکاری لە لوتکەدا، ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی و کۆدەتا سەربازییەکان،  خۆش کردووە. لەم ستراتیژی چاوەڕوانییەدا، گۆیا زلهێزە بیانییەکان بڕیارە حکومەت بڕوخێنن و دواتر ئەم بەڕێزانەش، بە پەرەشوت واتەچەتری نەجاتلەسەر ناوەندەکانی دەسەڵات بنیشنەوە و بەبێ بەشداری خەڵک لە سەرووی ئەوانەوە حکومەتە نوێیەکەیان دادەمەزرێنن.

حکومەتە ئیمپریالیستی و زلهێزەکان بەشوێن بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیانەوەن. ئەوان نەختی ئەمڕۆیان ناگۆڕنەوە بە قەرزی سبەینێ. ئەم زلهێزانە، بە تایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە ئاشکرا و بە نهێنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی دانوستانن. هەموو هەوڵەکانیان بۆ ڕاستکردنەوەی هەندێک لە سیاسەتە ناوچەییەکانی حکوومەتی ئیسلامییە.بەهای وێنەگرتن لەگەڵ ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو و دروست کردنی پەیوەندییەکی سنووردار لەگەڵیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لە پشت مێزەکانی دانوستان لەم ڕژیمەیە. ئێمە لەبیرمانە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، کاتێک جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئێستا، جێگری ئەو بوو، حکومەتی ئەمریکا تەنانەت پشتگیری لە چاکسازیخوازانی حکومەت و بزووتنەوەی سەوز نەکرد، کە بێگومان دوای چەند ساڵێک ئەنجامەکەی بەرجامی لێکەوتەوە.

سیاسەتمەدارەڕاستڕەووبێزارەکانیناوکۆریدۆرەکانیدەسەڵات،کەلەئۆپۆزسیۆنبوونماندووبوون،  خۆیان لە ئاو و ئاگر دەدەن ، تا کاتێک لە ژیاندا ماون،  بگەنە کورسی دەسەڵات. دیاریکردنی بەروارە خەیاڵییەکان، تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی لایەنگران و هێشتنەوەیان لە چاوەڕوانیدا نییە، بەڵکوو ئەوان بۆ خۆشیان زیاتر پێویستیان بەم بەڵێن و بەروارە درۆیانە هەیە.

ئەگەر خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو و سەرکوتکراوی دەستی  دوو ڕژێمی  پاشایەتی و ئیسلامی، لە ئەزمونەکانی ڕابردوویان دەرس وەرنەگرن، یەکگرتوو نەبن، دیاری نەکەن کە چ جۆرە حکومەتێکیان ناوێت و دەیانهەوێت چ جۆرە حکومەتێک لە جێگەی ئەو ڕژێمەی ئێستا دابنێن، داخوازی و داواکارییەکانیان ڕوون نەبێت، بۆ چەندەمین جار بەدەست هەمان ستەمکارییەوە گرفتار دەبن کە لە سەد ساڵی ڕابردوو و لە شۆڕشی مەشروتەوە بگرە تا بە ئەمڕۆ لەگەڵی دەستەویەخەبوون.

خومەینی لە لوفێل لۆشاتۆی فەرەنسا ئیدیعای کرد کە دوای ڕووخانی ڕژێمی شا، خۆی و ئاخوندەکانیتر دەگەڕێنەوە قوم و ناوەندە ئاینییەکان و خۆی لە ناوەندی دەسەڵاتدا نابێت، ئازادی حیزبەکان به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێت و هه‌روه‌ها ئاو و کارەبا و خانووبەرە بەخۆڕایی دەبێت. بەڵام ئەوەی لەماوەی چوار دەیەی دواتر ڕوویدا، بەمانای واقعی کارەساتێکی مرۆییە کە بریتیە لە: گرانی، بێکاری، کارەساتی ژینگە، ملیۆنان ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، خەوتن لەناو گۆڕ و کارتۆن خەوی، ئاپارتایدی ڕەگەزی، چوار دەیە سەرکوتی بەردەوامی خەڵکی کوردستان، کوشتنی بەهاییەکان، هەڵاواردن لە دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، لە سێدارەدانی دەیان هەزار زیندانی سیاسی و هەشت ملیۆن کۆچبەر، کە وڵاتیان بەجێهێشتووە.

رێبەرانی سەڵتەنەت تەڵەبەکان کە لەبری ئەوەی سەبارەت بە تاوانەکانی ساواک و گەندەڵیەکانی دەرباری پەهلەوی داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، دەیانەوێت بە هاوکاری میدیای فارسی زمان لە تاراوگە سواری شەپۆلەکان بن و سەرلە نوێ سیستەمی ڕزیو و گەندەڵی پاشایەتی زیندوو بکەنەوە.

ڕێکخراوی موجاهدین کە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بوون بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامی، لە هەوڵی دامەزراندنی هەمان کۆماری ئیسلامی و شیعەگەریدایە، بەڵام بەبێ ئاخووندەکانی ناو حکوومەتی ئێستا.

ئەزموونی دوو ڕژێمی پاشایەتی و ئیسلامی بە ڕوونی نیشانی دەدات کە نابێت بە دروشم و بەڵێنی بێ بنەمای ئەو سیاسەتمەدارانەی ،کە کارنامەیەکی پڕ لە گەندەڵیان هەیە، متمانە بکرێت.

هیچ گۆڕانکارییەکی درێژخایەن ئەگەر بچوکیش بێت، بەبێ یەکڕیزیی خەڵک و بەبێ  دروشم و داواکاری ڕوون و ئاشکرا و هەروەها بەبێ بوونی ڕێکخراوی کرێکاریی و جەماوەریی بەهێز، بەدی نایەت.

تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بەدی بێت، پایەدار نابێت.

بوونی ڕێکخراوەی جەماوەری و داخوازی ڕوون و بەشداری هەر چی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک، پێشمەرجی بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر لە کۆمەڵگای ئێراندایە.

بابەتی پەیوەندیدار

دیفاع لە خەڵکی خەباتکاری ئێران بۆتە جیهانی

komalah

ناوی ژینا ئەمینی لە هەسارەی زەوی تێپەڕی!

komalah

شەڕی مان و نەمانی ڕژیمی ئیسلامی لە دژی خەڵک

komalah

پەیامی حیزبی کۆمۆنیستیی ئێران بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن 14.2.1401

komalah

ئەو سێ ڕۆژەی کە، کەشی سیاسی کوردستان و ئێرانی گۆڕی

komalah

ژینای کوردستان بوو بە ژینای ئێران

komalah