کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێعدام ئامرازێکی سیاسی ژەنگ گرتوو لەدەست سەرانی کۆماری ئیسلامیدا

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٦ مانگدا واته‌ لە ئەوەڵی ژانویەوە تا ئەوەڵی ژوئیەی ٢٠١٥، ژمارەی ٦٩٤ کەسی ئێعدام کردوە کە بەرابەرە لەگەڵ ئێعدامی ٣ کەس لە رۆژێکدا. بەشێک لە ئێعدامەکان له‌ بەرچاوی خەڵکەوە بەڕێوەچوون. رژیم هەزاران زیندانیشی لە ریزی ئێعدام دا راگرتووە تا هەر کاتێک لە باری سیاسیەوە کوشتنیان، بۆ پەرەدان بە ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا پێویست بوو ئێعدامیان بکات. لێبوردنی نێونەتەوەیی زیاد بوونی رێژەی ئێعدامەکان و مەحکوم کراوان بە ئێعدامی بە هەژێنەر ناولێبردووه‌ و ئاماژەی کردوە کە زۆربەی ئەم قوربانیانە لە توێژی توشی هەژاری کراوی کۆمەڵگان.492 (1)هەڵبەت رژیمی ئیسلامی سەرمایە وەک پێشوو بەشێوەی رەسمی تەنیا ئێعدام کردنی ٢٤٦ کەسی لەو ماوەیەدا تەئید کردوە. بەڵام بەرپرسانی لێبوردنی نێونەتەوەیی درۆی سەرانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیان ره‌ت کردۆتەوە و جەختیان کردوەتەوە کە ئەو ئامارە لە سەرچاوەی جێی باوەڕەوە بەدەست هاتوون و نیشانی ئەدەن کە ئێران لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا بە ئەندازەی هەموو ساڵی ٢٠١٤، زیندانیانی دادگا عادیەکانی ئێعدام کردووە. ئەحمەد شەهید نوێنه‌ری تایبەتی سازمانی ملەل لە دوایین راپۆرتیدا ژمارەی ئێعدامەکانی لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٧٥٣ کەس راگەیاندبوو.سەعید بومدوحە، جێگری کاروباری خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا لە لێبوردنی نێونەتەوەییدا، وتویەتی: “ئەگەر کاربەدەستانی ئێران درێژە بەم رەوتە وەحشەتناکەی ئێعدامەکان بدەن، ئەگەری هەیە تا کۆتایی ساڵ شاهیدی زیاتر لە هەزار حاڵەت کوژرانی شارۆمەندان بین بە دەستی حکومەت”. پێویسته‌ بوترێت لە کاتی هاتنە سەرکاری رۆحانیەوە کە شانازی بە ئەمنیەتی بوونی کابینەکەیەوە دەکات، ١٨٠٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون.ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌م ئامارانه‌یان كۆكردۆته‌وه‌، نەیانتوانیوە روونی بکەنەوە کە ئایا لەم ماوەیەدا منداڵان و تازە لاوان ئێعدام کراون یان نا. کۆماری ئیسلامی لە ئێعدام کردنی تازە لاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ بۆ توند کردنەوەی وەحشەت پەراکەنی و دەرخستنی قوڵایی وەحشیگەری خۆی، خاوەنی پێشینەیەک لە رێسواییە. بەپێی ئاماری سازمانەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مروڤ، لە ساڵی ٢٠٠٤ بەملاوە،١٧ تازە لاو لە ئێران ئێعدام کراون کە کاتی ئەنجامدانی تاوان تەمەنیان كه‌متر له‌ ١٨ ساڵ بووە. سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت، ئێران ئەم ئیمتیازە هه‌ژێنه‌ره‌ی بۆ خۆی تەرخان کردوە کە لە ساڵی ١٩٩٠ وە تا ئێستا زیاتر لە هەموو وڵاتێکی تر “منداڵانی بەناو خەتاکاری” ئێعدام کردووه‌.لە ئاماری لێبوردنی نێونەتەوەییدا ئاماژە بە ئێعدامی شارۆمەندانی ئەفغانستانیش نەکراوە. شارۆمەندانی ئەم وڵاتە، کە زۆربەی هەرە زۆریان کرێکارن، بەهۆی بێبەش بوون لە پشتیوانیە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان بە ئاسانی لە لایەن جەنایەتکارانی رژیمەوە راودەکرێن و لە بێدادگاکاندا بە تاوانی ئەوەی خەتایەکی كردووه‌، بە مەرگ مەحکوم دەكرێن کە جاریوایە کەسانی تر تاوانەکەیان کردووە. ئاماری ئەم جۆرە ئێعدامانە قەت بڵاو ناکرێتەوە. پێشتر سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتبوی کە نزیکەی ٤ هەزار ئەفغانستانی لە ئێران بە ئێعدام محکوم کراون. سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دەڵێ کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیندانیانی ئەفغانستانی بەبێ محاکمە لە ئێران ئێعدام کراون.بەهارە دیویس، توێژەری ئەم سازمانە لە کاروباری ئێران بە رادیۆ ئازادی وت، زیندانیانی ئەفغانستانی لە ئێران ئیجازەی گرتنی وەکیل مدافعیان نییە و بەبێ حزوری وەکیل لە دادگای چەند دەقیقەییدا بە مەرگ مەحکوم دەکرێن. هەر ئێستا لە خاوەرمیانەدا کۆماری ئیسلامی ئێران و داعش کە هەردوکیان بە لێکدانەوەی جیاواز لە ئیسلام، کوشتار دەکەن بە هۆی پێشێل کردنی توندی مافەکانی مرۆڤ و جەنایەت لەدژی بەشەریەت لە سەردێڕی ئەخباری دنیادان. تەنیا جیاوازی داعش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران شیوەی هەڵسوکەوتیانە.رژیمی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: ئێعدام کراوانی بە تاوانی قاچاق و کڕین و فرۆشتنی مه‌وادی موخه‌دری لەنێو بردوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە رێژەی دەستاودەست کردنی مادەی هۆشبەر لە ئێران بەردەوام زیادی کردووە. لە هەمانحاڵدا هەموان دەزانن کە زیندانیانی سیاسیش لە کۆماری ئیسلامیدا بە زۆری ئێعدام کراون و دەکرێن. بێجگە لەوە قوربانیانی ئەمجۆرە تاوانانە زیاتر وردە فرۆشان و گیرۆدە بوانن، لە حاڵێکدا کە دەست ئەندەرکارانی سەرەکی قاچاقی مادەی هۆشبەر کە لە کادرە سەرەکیەکانی سپای پاسدارانن، لە سزادان پارێزراون.ئەمە ئەمرێکی ئاشکرایە کە ئێعدام بە هەموو جۆرەکانیەوە لە دەست کۆماری ئیسلامیدا ئامرازیکی سیاسی بووە و لە راستای بەرژەوەندی سیاسی و پاراستنی مانەوەیدا بەڕیوەدەچێت. بەشوێن بەسەرەوەنانی جامی ژەهری هەستەیی لە لایەن سەرانی رژیمەوە و چۆکدادانی کوللی حاکمیەتی ئیسلامی لە بەرانبەر دەوڵەتانی رۆژئاوایی لە سەرویانە ئامریکا، پشت بەستن بە ئێعدام، گرتن و هێرش کردنەسەر نەیارانی چالاکی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە رووی لە زیاد بوون کردووە. بەڵام ئێستا کە رژیم لە هەموو بارێکەوە لاواز بووه‌ و ترسی خەڵک لە هێزە سەرکوتگەرەکان تا رادەیەکی زۆر شکاوە، سەرانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن بە خوێن رشتن و ئێعدام، پایە لەرزۆکەکانی حکومەتی داڕزیوی ئیسلامی پته‌و بکەنەوە.خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام بەشێک لە خەبات بۆ ئینسانی کردنی کۆمەڵگە، لادانی ئیستبداد و روخاندنی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە. ئەم خەباتە لە بارودۆخی ئێستادا دەبێ جەماوەری تر و ڕیکخراوتر بەرەو پێش بچێت و داسی مەرگ ئاڕاستەی ملی رژیم بکرێت.