کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێعدامی بە کۆمەڵ ناتوانێ کرێکاران چاوترسێن بکات

لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان ژمارەی ئێعدامەکان زیادی کردوە و ماشێنی ئێعدامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ساتێکیش ناوێستێ. رۆژی شەممە ٥ ی مانگی بەفرانبار کاربەدەستانی ڕژیم ئێعدامی ٢٣ زیندانیان لە ماوەی حەفتەی ڕابردودا ڕاگەیاند. بەپێی ئەم هەواڵە لەو ماوەیەدا ١٦ کەس لە زیندانی قەزوین، ٥ کەس لە هورمزگان و ٢ کەس لە شیراز بە داری ئێعدامەوە هەڵواسراون. هەواڵنێری هیرانا لەم رۆژەدا باسی لە ئێعدامی ٥ کەس لە کرمان و ٣ کەسیش لە خوڕەم ئاوا کرد.ئەم ڕژیمە هەر ئێستا بە هەزاران زیندانی مەحکوم بە ئێعدامی لە زیندانەکاندا بە بارمتە گرتوە، داسی مەرگی لەسەر ڕاگرتون و بەپێی پێویستی بارودۆخی سیاسی ئێران هەر کاتێک ویستی کۆمەڵگا چاوترسێن بکات، ژمارەیەکیان هەڵدەواسێ. ڕژیم لە ئێعدام کردنیان وەک شگردێکی سیاسی و بۆ ترساندنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کەڵک وەردەگرێت. ئێستا دەبێ بزانین ڕژیم بە زیاد کردنی ئێعدامەکان لەم رۆژانەدا بەدوای چ ئامانجێکەوەیە.615
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کێشە و گرفتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرودەمی نزیک بوونەوەی لەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنە ئاشکرا تر بووە. یەکێک لە گرینگ ترین کێشەکانی ڕژیم ڕەوتی روو لە گەشەی ناڕەزایەتی کرێکارییە بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان و چلۆنایەتی بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم خەباتەدایە. کرێکاران بە درێژەدان بە ناڕەزایەتیەکانیان نیشانیانداوە کە هیچ هیوایەکیان بە وەعدەکانی دەوڵەتی رۆحانی و لایەنگرانی سەبارەت بە شکۆفانەوەی ئابووری و ڕەخسانی هەلی کار دوای لاچونی تەحریمەکان نییە. ئەوان دیانەوێ بە هێزی خەباتی خۆیان ڕژیم وادار بکەن کە ئەگەر ناتوانێ هەلی کار دابین بکات لانیکەم بە بێکاران تا کاتی دۆزینەوەی کارێکی گونجاو بیمەی بێکاری کافی بدات. کرێکارانی ناڕازی کە لە رۆژی ٢٤ ی سەرماوەزی ٩٤ دا لەبەر دەم پاڵاوگەی گازی بید بولەندی ٢ ی بێهبەهان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە درانەبەر گوللە بە دروشمی یان کار یان بیمەی بێکاریەوە هاتبونە مەیدان. مەرگی کرێکاری تێکۆشەر مورتەزا فەرەج نیا لە هەمانحاڵدا کە دەرخەری عەزم و ئیرادەی کرێکاران بوو بۆ بەدوادا چوونی داوکاریەکانیان لە ڕێگای خەباتی بەکۆمەڵەوە، نیشاندەری ئەوەشە کە ڕژیم لەوە زیاتر ناتوانێ بە وەعدە و وەعیدی بێ ناوەرۆک و درۆینە کرێکاران لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا ڕابگرێت. بەشداریی لانیکەم ٧ هەزار کەس لە بەخاک سپاردنی موڕتەزا فەرەج نیا کرێکاری گیانبەخت کردوو لە ئاوایی شەهرویی بێهبەهان لە رۆژی سێ شەممە یەکی مانگی بەفرانباردا سەلماندی کە داواکاری خەباتی کرێکاران خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتیە و لە پشتیوانی بەرینی جەماوەری بەهرەمەندە. ئەم جەمعیەتە چەند هەزار کەسیە داواکاری وەک دەست لەکار کێشانەوەی دادستان و فەرمانداری بێهبەهان، محاکەمەی بکوژانی موڕتەزا و ئەو بەکرێگیراوانی کە تەقەیان لەخەڵک کردبوو وە ئازادی کرێکارانی زیندانی کراویان مەترەح کردوە.بێجگە لەم جەنایەتەی کە لەدژی کرێکارانی گاز لە بێهبەهان ئەنجام دراوە حەق کوژی لەدژی کرێکاران لە عەسەلویەش لەگەڵ خۆڕاگریەکی شێلگیرانە بەرەو روو بۆوە. ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە لە رۆژی ٤ ی بەفرانباردا باس لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانکاری فازی ٢٠ و ٢١ ی ناوچەی تایبەتی عەسەلویەدەکات. کرێکارانی فازی ٢٠ و ٢١ ی عەسەلویە لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی خۆیاندا کە چەند حەفتەیە بەردەوامە، رۆژی هەینی ٤ ی بەفرانبار درگاکانی چوونە ژووریان لە ناوچەی ئەم فازانەدا گەمارۆدا و ناڕەزایەتی خۆیان بەرینتر کردەوە. کرێکارەکان ڕایانگەیاند کە تا درانی مافەکانیان درێژە بە مانگرتنەکانیان ئەدەن. بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان کرێکارانی فازەکانی ٢٢ و ٢٤ یش دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و بە مانگرتوانەوە پەیوەست بوون. پێویست بە روون کردنەوەیە ئەو کرێکارە مانگرتوانەی کە بەدوای وەعدە و بەڵێنەکانی خاوەنکاراندا، بەشێوەی کاتی کۆتاییان بە مانگرتن هێنابو، رۆژی شەممە ٢١ ی سەرماوەز بەدوای دەکەوتنی خیلافی وەعدەی مودیریەت، جارێکی تر مانگرتنی خۆیان دەست پێکردوە. ئەم مانگرتنە لەحاڵێکدایە کە هەر چەند رۆژ لەوەپێش دادگوستەری گشتی ئوستانی خوزستان ناڕەزایەتی کرێکارانی شاغڵ لە ناوچەی تایبەتی پیتروشیمی بەندەر ئیمامی قەدەغە ڕاگەیاند و هەڕەشەی لە کڕێکاران کرد کە ” کۆبونەوە و ئاژاوە نانەوە لە شیرکەتەکانی پیتوشیمیدا پێچەوانەی یاساو ڕێساکانە و بەپێی قانون بەرخوردی قەزایی دەکرێت”. هەروەها لەم بەخشنامەیەدا هاتوە کە ” لەگەڵ هەموو جۆرە کۆبونەوەیەکی نایاسایی و تێکدانی نەزمی شیرکەتەکان بەرخورد دەکرێت”.
ئەمانە تەنیا دوو نمونە لە ناڕەزایەتی کرێکاران لە یەکێک لە پیشەسازیە کلیدیەکان دایە کە دەتوانێ فەزای کۆمەڵگای کرێکاری بخاتەژێر کاریگەریەوە و بۆتە هۆی نیگەرانی ڕژیم. بەڵام لەپاڵ ئەمەدا کۆماری ئیسلامی لە بواری نێونەتەوەیی و ناوچەییشدا توشی گیروگرفتی زیاتر بۆتەوە. ڕژیم لە نێوخۆ و لە بواری بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئابووریشدا بەرەو رووی گەلێک ئاستنگە. نرخی نەوتی ئێران، کە جێگای پشت پێبەستنی سەرەکی بوجەی دەوڵەتە، دابەزیوە بۆ ٢٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و ڕەوتی نزم بوونەوەی درێژەی هەیە. لەپاڵ ئەم گرفتە بنەڕەتیانەدا، دەوڵەت بە نزیتر بوونەوەی لە دەستپێکی ئیجرای بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش یان بەرجام هیچ هیوایەکی بە باشتر بوونی بارودۆخی ئابووری نییە. ڕژیم بەپێی ماهیەتێکی کە هەیەتی ناتوانێ باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگەدا بەدیبێنێ و لە لایەکی ترەوە نیگەرانە کە هەر چەشنە پاشکشەیەک لە بەرانبەر داواکاری کرێکاراندا بزوتنەوەی کرێکاری بخاتە ئاستێکی هێرشبەرانە ترەوە. ئەم موشکلاتە و نیگەرانی لە مەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەرییە کە بۆتە هۆی توند بوونەوەی ناکۆکی نێوخۆی حکومەتی ئیسلامی.
بەڵام گومانی تێدا نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی زنجیرەی ئێعدامەکان و تەقە کردن لە ڕیزی کرێکارانی ناڕازی و کوشتنی موڕتەزا فەرەج نیا، کە وەبیر هێنەرەوەی کوشتاری کڕێکارانی خاتون ئابادە لە رۆژی چواری مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٢ دا و هەڕەشە کردن لە کرێکارانی پیتروشیمی چارەی کار نابێت و کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی مافخواز و زۆرلێکراو و چەوساوە ناتوانێ بەم کردارانە چاوترسێن بکات. پەرەسەندنی خەباتی کرێکاران و موعەلیمان لەم مانگانەی دواییدا شاهیدی ئەم ئیدیعایەن. ئەگەریش سەرکوت لە قۆناغێکدا توانیویەتی هەنگاوێک پاشەکشەی بەشوێنەوە بێت، بەڵام زەمینە عەینیەکانی هەڵچونی قین و توڕەیی خۆشتر کردوە و سەرئەنجام ” وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش” خەباتی جەماوەری و مافخوازانەی بڵێسەدار تر دەکات و بە تێکوپێک دانی بناغەی کۆشکی زوڵم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، بوار بۆ بنیاد نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر پشت بەستو بە هێزی ڕیکخراوی جەماوەری کڕێکاران و زەحمەتکێشان فەراهەم دکات.