کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێران خاوەنی بەرز ترین پێگەی جیهانی تەسادوفاتی جادەیی

146

146

 

دوێنێ کەماڵ هادیانفەر، سەرۆکی پۆلیسی ڕاهنمایی و ڕانندەگی هێزی ئینتیزامی لە کۆبوونەوەیەکی خەبەریدا وتویەتی بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی قانونی، لەم ٢ مانگەی دواییدا زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٨٤ کەس لە ڕووداوی هاتووچۆدا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارێک کە لەژێر چاودێری وەزاڕەتی ڕێگاوباندا بڵاو بۆتەوە، ئاماری روداوی جادەیی لە ئێران بە بەراورد بە باقی وڵاتانی و بە نیسبەتی جەمعیەت، بان ترین پێگەی هەیە لە دنیادا. لەسەر ئەم بنەمایە ئێران لەنێو ولاتانی دنیادا لەباری پێکدادانی شۆفیری و تەلەفاتی سەرچاوەگرتو لێیەوە پلەی هەشتەمی هەیە. واتە لە نێوان ١٩٠ وڵاتی دنیادا روتبەی ئێران لە ئاخرەوە هەشتە. ڕووداوی شۆفێری کە نۆیەمین هۆکاری مەرگ و میرە لە دنیادا، دووهەمین هۆکاری مردنی هاووڵاتیانی ئێرانە.

ئەم ئامارە نیشانی ئەدات کە کارەساتی ئینسانی لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە پەرەدان بە ئاستی جەنایاتی هەموو رۆژە بەرتەسک نابێتەوە. هەموو جۆرە ڕووداو و سانحەیەکی شیاوی پێش بینی و پێش گیریش لە کەمیندان تا گیانی ئینسانەکان بستێنن. کۆماری ئیسلامی تەنیا لەبەر ژمارەی ئێعدامی زیندانیانی بێ دیفاع نییە کە خاوەنی پلەی یەکەمە لە دنیادا، ئەم ڕژیمە شوێنی کار و ژینگەی سروشتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردۆتە کەمینگا. هەموو کاتێک دەبێ شاهیدی ڕووداوێکی دڵتەزێن، ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو و کارەساتێکی ئینسانی بین.

کۆماری ئیسلامی وێڕای جەنایەتەکانی رۆژانەی، وەها لە بەرانبەر سلامەتی ژینگەی هاووڵاتیاندا نا بەرپرسیار و وەها ژینگەی کار و ژیانی خەڵک و بە تایبەت کرێکارانی نائەمن کردوە کە هەموو گۆشەیەک لە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی، کردۆتە بەستێنێکی لەبار بۆ ڕوودانی کارەساتێکی تاڵ و نالەبار. ئاماری مەرگ و میر لە ئێران سەرسوڕ هێنەرە. مەرگ و میر بەهۆی پیس بوونی هەواوە، مردن بەهۆی ڕووداوی شۆفێریەوە، مردن بەهۆی ڕووداوی سروشتیەوە، مردنی منداڵان بەهۆی دەرمان و خۆراکەوە. تێکرار بوونەوەی هەموو رۆژەی مەرگ و میری ئینسانەکان، وەها ئاسایی بۆتەوە کە هەر ئەڵێی ڕووداوێکی ئاساییە و پێویست بە لێکۆڵینەوە ناکات. خەڵک بە تێکرار بوونەوەیان عادەتی کردوە. ئەو مردنە دڵتەزێن و زۆر چاوەڕوان نەکراونەی کە گەلێک ئازاردەرەن، مردن بەهۆی روداوی شۆفیریەوەیەن.

جادەکانی ئێران بەهۆی پێڕانەگەیشتن لە لایەن دەزگا دەوڵەتیەکانەوە و هەروەها بێ کیفایەتی کاربەدەستانی ڕژیم لەباری بەڕێوەبردنی ترافیکی نێو و دەرەوەی شاری لە زومڕەی مەرگبار ترین جادەکانن لە ئاستی دنیادا. لە شارەکاندا بەهۆی كه‌م بوونی پرد و تۆنێل بۆ پیادەکان، و لە زۆر شوێن بەهۆی کەمبونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکانی وەک چرای ڕێنمایی، خەتکێشیی شەقامەکان، تابڵۆی هێماکانی شۆفیری و هیتر رویانداوە کەبە هاسانی شیاوی پێشگیرین. دۆزینەوەی هۆکاری واقعی مردنی ئینسانەکان بەهەر هۆکارێک و لەوانە بەهۆی روداوی شۆفیریەوە، بەبێ هەڵسەنگاندنی ماهیەتی نیزامی حکومەتی و سیستمی مودیریەتی و بەڕێوەبردنی سیاسی ئەو کۆمەڵگایە مومکین نییە. ڕاستە کە کەس ناتوانێ بە وردی کات و شوێنی روودانی بومەلەرزە و هێندێک لە روداوە سروشتیەکان دیاری بکات، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی لە ئارادا بێت و سیستمی مودیریەتی توشی گەندەڵی ئیداری و ماڵی نەبووبێت، تەنانەت ئاستی کارەساتە سروشتیەکانی سەرچاوە گرتو لە بەڵا سروشتیەکانیشەوە تا ڕادەیەکی زۆر دەکرێ کەم بکرێتەوە. لە دەزگای ئیداری گەندەڵ و دواکەوتوی کۆماری ئیسلامیدا، نە هیچ تەرحێک بۆ پێشگیری لە روودانی رووداو بوونی هەیە و نە سیستمی بێ کیفایەت و گەندەلی کۆماری ئیسلامی سەرمایەداری توانای پیادە کردنی تەرحە کارناسی کراوەکانی، هەیە. هەر گەڵاڵەیەکێشیان کە هەبێت ئەساسەن بیانویەکە بۆ سوئیستیفادەی ماڵی و تاڵان و بڕۆ.

بۆ بەرگرتن لە ڕووداوەکان، بە تایبەت ڕووداوەکانی شیاوی پێشبینی و پێشگیری، و چ لە کاردانەوە بە ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان، ئەگەر کۆماری ئیسلامی گەڵاڵە دژی ئینسانیە نیزامی و ئینتیزامیەکانی کە ئەساسەن لە خزمەت سەرکوتی خەڵکدان، بنێنەلاوە و بەشێک لەم هەزینە زۆرە بەبێ بە هەدەر چوون بۆ پڕۆژەی ئیمن سازی، بازسازی، نۆژەن کرانەوەی جادەکان و ئاموزش و پەروەرشی گشتی تەرخان بکات؛ نە تەلەفاتێکمان لەم ئاستەدا دەبێت و نە خەساراتێکی ئاوا زۆر.

بەڵام ڕژیمێک کە بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچی تر ناکاتەوە، ڕژیمێک کە بە شەپۆلی ئێعدامەکان فەزای سەرکوتی تۆخ تر کردوە، ڕژیمێک کە ژینگەی کار و ژیانی خەڵکی نائەمن، ژینگەی ئەوانی وێران، جادەکانی مەرگبار و ئینسانەکان مەحکوم بە مەرگی نابەوەخت دەکات، وەها ڕژیمێک تەنیا بە خەباتێکی یەکگرتوانە دەکرێ بە چٶکدا بێت تا مل بە داخوازیەکانی خەڵک بدات. ئەم ڕژیمە تەنیا بە خەباتێکی یەک پارچە و یەکگرتوانە دەکرێ بڕوخیندرێت.