ئێعدامی جەنایەتکارانەی دوو لاوی تێکۆشەر موحسین شکاری و مەجید ڕەهنەوەرد، سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرینی نێوخۆیی و نێو نەتەوەیی شەپۆلێک لە قین و نفرەتی سەبارەت بە ڕژیمی ئیسلامی لە سەرتاسەری دنیادا بەدی هێناوە. ئەم جەنایەتە لەپاڵ ئینسان کوژیەکانی ڕۆژانە لە گوشە و کەناری ئێران، لە بارودۆخێکدا ڕوو ئەدەن کە ڕژیم لە ئەزموونی سێ مانگی ڕابردودا بە ڕوونی بۆی دەرکەوتوە کە سەرکوت خەڵک لە درێژەدان بە شۆڕش سارد ناکاتەوە. ڕژیمی ئیسلامی ئێران بێ هیوا لە دامرکانەوەی ئاگری ئاخێزی شۆڕشگێرانەی خەڵک، تەنیا ڕێگا چارەی بۆ پاراستنی حکومەت لە ئێعدامی زیاتر لە زیندانەکان و کوشتنی زیاتر لە دەرەوەی زیندانەکاندا بینیوەتەوە.
ئێستا ئیتر هیچ گوشەیەک لە ئێران شک نابەی کە لاوێک لە جەماوەری خەڵک لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجە و یان لە سەرشەقامەکان بە گوللەی بەکرێگیراوانی ئیسلامی گیانی لەدەست نەدابێت. بە هەزاران بنەماڵە بەشوێن چارەنووسی ئازیزانیانەوەن لە زینداکاندا و دەیان هەزار بریندار لەنێو بنەماڵەکاندا بە ئیمکاناتی کەمەوە لەژێر چارەسەر و دەرماندان. هەروەها زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش لە ماوەی سێ مانگدا بە قەتڵی حکومەتی گیانیان بەختکردوە.
دادگا نیزامی– ئەمنیەتیەکان کە شاکی، قازی و دادستان و تماشاچی بەگشتی حکومەتین لە ماوەیەکی کورت و بە شاراوەییەکی سەرچاوەگرتوو لە وەحشەتی دەسەڵاتداران، سزای قورسی ئێعدام لەدژی لاوانی ئەشکەنجە کراو دەردەکەن. زیاتر لە ٤٠ بەندکراوی مەحکوم بە ئێعدام لە داڵانەکانی مەرگدا چاوەڕێی نۆبەی ئێعدامن.
بۆچی ڕژیم وەها بێ باکانە دەست ئەداتە ئێعدام و توندتیژی حکومەتی؟ هۆکارەکەی بێ هیوابوونە لە سەرجەم ڕێگا چارەکانی تر بۆ شکست پێهێنانی ئاخێزی خەڵک و بێدەنگ کردنی بەملیۆن ئینسانی شەریف و ئازادی خواز لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات.
زۆرێک لەو کاسبکار و بازاڕیانەی کە بەشێکیان لە ناڕەزایەتیەکانی ٤٣ ساڵی ڕابردودا حوزورێکی بەرچاو و چالاکانەیان نەبووە ئەمڕۆ لە گۆڕپانەکەدا ئامادەن. تەنانەت بەشێک لە ڕەوت و ناوەندە مەزهەبیەکان مانەوە لە حکومەتی ئیسلامیدا بە زەرەری ئیسلام و مەزهەبی شیعە دەزانن و زیاتر لە پێشوو لە بەرانبەر حکومەتدا دەوەستنەوە.
حکومەت تەنیا و پەڕاویز خراوە. لە ئاستی دنیادا قەت لەگەڵ وەها گوشارێکدا بەرەو روو نەبۆتەوە، و زل هێزە ڕۆژئاواییەکان خۆیان بۆ ئێرانی بێ حکومەتی ئیسلامی ئامادە دەکەن.
حکومەتی چین وەها بە خێراییەکی بێوێنە لەگەڵ نەیارانی ناوچەیی ئێران دەستی کرد بە بەستنی قەراردادی درێژماوە، تەنانەت لە بەرانبەر بابەتگەلی کێشە لەسەریشدا، بە ئاشکرایی دژبە حکومەتی ئیسلامی هەڵوێستی گرت.
ڕوسیەش لەژێر گوشارێکی قورس دایە تا لە حکەمەتی ئیسلامی دوور بکەوێتەوە. بەرژەوەندی درێژ ماوەی ڕوسیە بە درێژەدان بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی کەوتۆتە مەترسیەوە.
سێ مانگ ناڕەزایەتی و مانگرتن زەوی لەژێر پێی کۆماری ئیسلامیدا گەرم کردوە. نە ڕێگای بۆ بەرەو پێشەوە چوون هەیە و نە گەڕانەوە. نە دەتوانێ میلەکانی کاتژمێری میژوو بگەڕێنێتەوە بۆ بەر لە قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی، و نە دەتوانێ بەسەریدا بازبدات. تەنیا بژاردە بۆ حاکمانی ئیسلامی جەنایەت و تیرۆری زیاترە.
مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ نیزامێکی سیاسی بە تیرۆر و قەتڵی حکومەتی بۆ ماوەیەکی زۆر پایەدار نابێت. حاکمانی ئیسلامی لە پشت پەردە و لە خەڵوەتی خۆیاندا، بیر لە پاراستنی گیان و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەنەوە. ئەنجامدانی جەنایەتی زیاتر لە دنیای مۆدێڕندا ڕێگای هەڵاتن و خۆحەشاردانیشی لێ گرتوون.