کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیمام جومعەیەکی کۆنەپەرست کە موعەلیمانی “تەڵەبکار” وەسف کردبوو، ناچار بوو داوای لێبوردن بکات

ئیمام جومعەی کۆنەپەرستی شاهین شار لە ئۆستانی ئیسفەهان کە وتبووی موعەلمیان نابێت لە “زەوی و زەمان تەڵەبکار بن”، مەجبوور بوو داوای لێبوردن بکات. ئەم ئاخوندە لە وتەکانیدا لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەدرەسەیەکی خەیرییە، لە بەرامبەر سەرۆکی ئامووزش و پەروەرشی شاهین شاردا وتبووی: ئەم هەستە کە موعەلمیان لایان وایە کە “زەمین و زەمان پێیان قەرزدارە، هەستێکی باش نییە و پێویستە ئیسلاح بکرێت”. هەروەها وتبووشی کە کۆمەڵگەی موعەلمانی ئێران پێویستە “فێر بکرێن” کە چاو لە  “باڵادەستییەکان” کردن لە بواری ماڵی، هەمیشە “سترێسزا”یە. ئیمام جومعەی شاهین شار لە درێژەدا وتبووی کە موعەلیمانی ئێران لە حاڵەتی “تەڵەبکاربوونیان بە زەمین و زەمان”، بۆ بواری پەروەردە “مایە” دانانێن. ئەو خواستی زیادکردنی حقووقەکانیشی بە “خودزەنی” وەسف کرد و وتی کە ئەگەر حقووق زیاد بکرێت، تەوەرۆم لە حقووقی موعەلیمان وەپێش دەکەوێت. ئەم وتانە لە باروودۆخێکدا کە موعەلیمانی ئێران ساڵەهایە بۆ بەدەستهێنانی حقووق و پێگەی شیاوی خۆیان خەبات دەکەن و ژمارەیەکیان لێ دەستبەسەر کراوە، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لەئاستی کۆمەڵگا و فەزای مەجازیدا لێکەوتەوە و لەئاکامدا، قاسم هاشمی ئیمامی جومعەی شاهین شار ناچار بوو داوای لێبوردن بکات.

زیاتر لە ٦٠ ساڵ بەسەر یەکەمین مانگرتنی موعەلمیان و فەرهەنگیاندا تێپەڕبووە. مانگی گوڵانی ١٣٤٠ی هەتاوی موعەلیمان لە ناڕەزایەتی بە گەڵاڵەی تارفەی حقووقی فەرهەنگیان، کلاسەکانی دەرسیان تەعتیل کرد و بە کۆبوونەوەیان لە بەرامبەر مەجلیسی شۆرای میللی لە مەیدانی بەهارستان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی گەورەیان بەڕێوەبرد. لە جەرەیانی ئەم کۆبوونەوەیەدا موعەلیمێک بەناوی ئەبولحەسەن خانعەلی بە گولـلەی سەرۆکی کەڵانتەری ئەوکاتی تاران کوژرا. لەو کاتەوە هەتا ئێستا خەبات بۆ حقووقی عادڵانە و ژیانی شایستە هەروا درێژەی هەیە بەڵام هێستاش خواستە ڕەواکانی موعەلیمان وەدی نەهاتوون. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بزووتنەوەی موعەلیمان هەوراز و نشوێی زۆری وەپشت سەر ناوە و کارنامەی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵێک ڕووداوی لەبیرنەکراوە لەخۆدەگرێت: لە مانگرتنەکانی موعەلیمان لە ڕۆژانی شۆڕشەوە بگرە تا “کۆبوونەوەکانی بێدەنگی”ی ئەوان لە سەرەتای دەیەی ٩٠، لە ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەممەی ساڵی ٨٥ کە هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردەسەر موعەلیمان لەبەرامبەر مەجلیس، تا سێ دەور کۆبوونەوە و مانگرتنی گشتگیر لە ساڵی ١٣٩٧ و سەرەنجام مێژووییترین قۆناغی خەباتی کۆمەڵایەیتی موعەلیمان لە دوای شۆڕش، واتە مانگرتن و ناڕەزایەتییە بەرین و سەرتاسەرییەکانی چەند مانگی ڕابردوو بووە. خەباتی بەرین و بەردەوامی موعەلیمان و فەرهەنگیان لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا لەدەوری خواستەکانیان هەموو جارێ لەگەڵ پێشوازیی زیاتر نیسبەت بە جارەکانی پێشوو بەرەوڕوو بووەتەوە و پانتایی ناڕەزایەتییەکانی موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، هەم لەبواری ژمارەی بەشداربووان و هەم لە بواری جوگرافیاوە بەرینتر بووەتەوە و سەرەنجی زۆرێک لە توێژەکانی کۆمەڵی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە. توندبوونەوەی هەوڵی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات دژبە موعەلیمان و ڕێبەران و چالاکان و هیدایەتگەرانی ئەم بزووتنەوەیەش نەیتوانیوە ئەم حەرەکەتە خرۆشان و جەماوەرییە کە جێی خۆی لەناو دڵی موعەلیمان و زەحمەتکێشان و عەداڵەتخوازاندا کردووەتەوە، لە جۆش و خرۆشی بەردەوام بخات.

ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا ئاکامی ساڵەها خەبات و ئەزموونە بەڵکوو بەرهەمی باروودۆخی قەیراناویی ئێستای کۆمەڵ و تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژبە دەسەڵاتی ئیسلامییە. تووڕەیی و ناڕەزایەتییەک کە سەرتاسەری کۆمەڵگای گرتووەتەوە. هەربۆیە خەباتی موعەلیمان گوڕوتین و هیوای زیاتری لەناو کۆمەڵگادا پێکهێناوە. خودی ئەم بزووتنەوەیە نیشانەی هاتنەدەرەوەی کۆمەڵگایە لە بێدەنگی و وەستان و لەو شێوازانەی خەباتیش بەهرە وەردەگرێت کە نەتوانن هاوشێوەی ئاخێزی بەفرانبار و خەزەڵوەر بە کوشتار و سەرکوت لەناوی بەرن.  حەرەکەتێکی یەکجار دیموکراتیک، بەردەوام و بەبەرنامە و خاوەن ئامانجی دیاریکراو و ڕێبەرانی هەڵقوڵاوی خەباتێکی سەخت و درێژماوەیە کە لە لایەن گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانیی بەرینی لێ دەکرێت. حەرەکەتێک کە تەنیا پەیگیری خواستە تایبەتە پیشەییەکانی خۆی نییە، بەڵکوو گەلێک خواستی پێشکەوتووخوازانەی دیکەشی هەیە کە خواستی زۆرێک لە توێژەکانی دیکەشە. مافی خوێندنی بەخۆڕایی، دژایەتی لەگەڵ خسووسی سازیی پەروەردە، دژایەتی لەگەڵ بەپارەبوونی مەدرەسە دەوڵەتییەکان، دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی پەروەردە و هتد. بە واتایەکی تر خواستی موعەلیمان خواستی هەموو عەداڵەتخوازان، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان، هاواری خەڵکی وەتەنگهاتوو لە هەژاری و سووکایەتی و هەڵاواردن، هاواری منداڵانی کار و شەقام و بێ خانەولانەکراوەکانە. ئەم خواستانە لەئاستی کۆمەڵگادا بەشێوەیەکی بەرین لەگۆڕێدان و دەرخەری چینایەتی بوونی کۆمەڵگا و نیشانە دیارەکانی بێعەداڵەتین. موعەلیمان ئەگەرچی “بەشێک” لە کۆمەڵن لەپەنا بەشەکانی دیکە، بەڵام خواست و دەنگیان، ڕەنگدانەوەی خواستی “گشت” کۆمەڵگایە. مێژوویی بوونی حەرەکەتی ناڕەزایەتیی موعەلیمان لەم قۆناغەی دواییدا تەنیا بۆ بەشداریی بەرین و شکۆداریان ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەو دەورونەخشە تایبەتەش دەگەڕێتەوە کە موعەلیمان لە پێکەوەپەیوەنددانی خەباتی یەکسانیخوازانەی ئێراندا نواندوویانە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی موعەلیمان خۆی لەخۆیدا گرێگا و خاڵی پێکگەیشتنی داخوازییە پیشەیی و سیاسییەکان، خواستی چینی مامناوەند و چینی کرێکار، قازانجی گرووپەکان و بەرژەوەندی گشتی، نەهامەتییەکانی نەسلی ئێستا و ئاواتەکانی نەسلی داهاتوویە. ئەوان هەم لەگەڵ پێوەدی ئیدێئۆلۆژیک و زەینییەتی سەرکوت دەرگیرن و هەم لەگەڵ پێوەندی بابەتیی زاڵبوون و چەوساندنەوەی دەسەڵات.

موعەلیمان ساڵەهایە کە دژبە باروودۆخی پەروەردە و بارهێنان ناڕازین. کاڵایی بوونی پەروەردە و قووڵبوونەوەی نابەرابەریی منداڵان لە دەستڕاگەیشتن بە فێرکاری، چوونەسەرەوەی بەردەوامی منداڵانی بەجێماو لە خوێندن، ناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان، کلاسی پڕ لە خوێندکار و هاتنەخوارەوەی کوالیتیی فێرکردن بەشێک لە نیگەرانیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی موعەلیمان پێکدێنن.  دیفاع لە مافی “خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان” یەکێک لە ناوەرۆکە هەمیشەییەکانی ناڕەزایەتیی موعەلیمانە. لە هەمان حاڵدا، هەڵاواردن و دابەزینی ئاستی بژێوی موعەلیمانیش بە خواستە کەڵەکەکراوەکانیان زیاد بووە. سەرەڕای دەیان هەزار موعەلیم کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە گرێبەستی کاتی و حقووقی بێ ئەرزشی کەمتر لە لانیکەمی حەقدەست بەکارگیراون، موعەلیمانی ڕەسمیش کە لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزراون، حقووقەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر لە باقیی پێرسۆنێلی دەوڵەتە.

موعەلمیان خوازیاری لەناوبردنی ئەم بۆشاییە، بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی ڕیزبەندیی و هاوتەرازکردنی حقووقی هەموو موعەلیمانی ڕەسمی و کاتی، لانیکەم تا ئاستی ٨٠ لەسەدی حقووقی ئەندامانی هەیئەتی زانستیی زانکۆ دەوڵەتییەکان و بردنەسەرەوەی کوالیتیی پەروەردەن. نموونەی بەرچاوی ئەم هەڵاواردنە: لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠١دا بەڕوونی دیارە. لەم گەڵاڵەیەدا مامناوەندی نرخی زیادکردنی بوودجەی ناوەندە دینییەکان ٦٨ لەسەدە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زیادکردنی حقووقی کارمەندانی دەوڵەت تەنیا دە لەسەد لەبەرچاوگیراوە. لە وەها باروودۆخێکدایە کە یەکێک لە ئاخوندە مفتەخۆر و درۆزن و کۆنەپەرستەکان کە ساڵەهایە وەک زەروو بە سەورەتی وڵاتەوە چەسباوە و خوێنی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ دەمژێت، خواستی زیادکردنی حقووق بۆ موعەلیمان هاوشێوەی “خودزەنی” وەسف دەکات و ئەوان تەڵەبکار ناولێدەنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکارانی ئێران لەگەڵ خەبات لە دژی حکوومەتی ئیسلامی ئاشنا دەبن

komalah

وەهمەکانی خامنەیی و پەرەسەندنی خەباتی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی

komalah

تاوانی کوشتنی خەڵکی زاهیدان فەرامۆش ناکرێت

komalah

لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک لە دوای یەک لە ئێران

komalah

دووهەمین مانگرتنی گشتی لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

komalah

کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی منداڵان لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکدا

komalah