کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیمامانی جومعە، بڵینگۆی بێشەرمی ڕژیمن و خۆشیان نوقمی گەندەڵین

ڕەزا تەقەوی سەرۆکی شۆرای داڕێژەری سیاسەتی ئیمامانی جومعە، لەم دوایانەدا ئاگادارییەکی سەبارەت بە قەدەغەی باس کردنی گەندەڵییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خوتبەکانی نوێژی جومعه، دەرکردووە. ئەم ئاگادارییە باس و خواسێکی بەرینی لە ناو گرووپە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمدا لێکەوتووەتەوە. هێنانەگۆڕی ئەم باسە دەرفەتێکی خوڵقاند تا وردەکاریی پێوەندیدار بە ڕۆڵی ئیمامانی جومعە لە سیستمی پڕ لە گەندەڵیی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر ئاشکرا بێت.

سایتی ئینتێرنێتیی “ئێران وایەر” ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر گەندەڵیی ماڵی و ئەخلاقیی ئیمامانی جومعە لە ئێران بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بە گەلێک خاڵی گرینگ کراوە. لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە:

ئەگەرچی ئیمامانی جومعە لە شارەکانی خۆیان کەمتر وەبەرچاو دێن، بەڵام لە بوار سیاسی و پێکهاتەییەوە، دەسەڵاتیان زیاتر بووە.  هەرکام لەوان بەپێی باروودۆخی خۆی دەستی داوەتە چالاکیی ئابووری. ڕاپۆرتی فراوان سەبارەت بە چالاکیی ئابووریی ئیمامانی جومعە بڵاوکراوەتەوە. “محەممەدڕەزا ناسری”، ئیمامی جومعەی پێشووی شاری کورد و ئیمامی جومعەی ئێستای یەزد، هاوڕێ لەگەڵ منداڵەکانی چالاکیی بەرینی ئابوورییان لە شاری کورد هەبوو. “زەینولعابێدین قوربانی”، ئیمام جومعەی رەشت، دەرگیری پڕۆژەی بیناسازیی “ئادینە” بوو کە درەنگ تکمیل کردن و دواخستنی، زەرەر و زیانی کڕیاران و کۆوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەوانی لێکەوتبۆوە. “غوڵامعەلی نەعیم ئاباد”، ئیمامی جومعەی بەندەرعەباس شەریکی ناوەندی ئاڵمینیۆمی “ئەلمەهدی”یە و بۆ هێنانی کاڵا تایبەتەکان لەگەڵ گومرک خەریکی سات و سەودایە. ئیمام جومعەی فارسیش کە ماوەیەک لەمەوبەر فەوتی کرد، گەلێک تۆمەتی جۆراوجۆری ماڵیی لە پەروەندەکەیدا هەبوو کە لەگەڵ مەرگی، پەروەندەی گەندەڵی ئەم نوێنەرەی خامنەییش بەسترا. هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە چالاکیی ئابووریی کوڕەکانی محەممەدعەلی مووسەوی جەزایەری، ئیمام جومعەی ئەهواز بڵاوکراوەتەوە. بێجگەلە ئەم ئیمام جومعە دیارانەی ناوەندی ئۆستانەکان، گەلێک ڕاپۆرت دەربارەی گەندەڵیی ئیمامانی جومعەی شارەکانی دیکەش بڵاوکراوەتەوە.

ئیمامانی جومعە بەشێوەی ڕەسمی پۆستی جۆراوجۆریان لە بوارە کلتوورییەکاندا هەیە و لە بابەتی بەڕێوەبەریشدا دەخاڵەت دەکەن. ئیمامانی جومعەی ناوەندی ئۆستانەکان، سەرۆکی کلتووری گشتیی ئۆستانن کە نزیکەی ٢٣ ئەندامی لە ناوەندە جۆراوجۆرەکاندا هەیە و ئەوەش لە بوار کلتوورییەوە دەسەڵاتی زۆر بە ئیمام جومعەکان دەدات. بەرپرسی شۆرای هاوئاهەنگیی تەبلیغات، ئەندامی شۆرای حەلی ئیختلاف، ئەندامی شۆرای ئامووزش و پەروەرش و چەندین ستادی مەزهەبیی دیکە لە زومرەی باقیی پۆستەکانی ئیمامانی جومعەن. ئەوان هەروەها لە دەستنیشانکردنی زۆرێک لە کاربەدەستانی ئۆستانەکان دەخاڵەت دەکەن و بەستە بە جۆری دەڵەت و دەستڕۆیشتوویی ئیمامی جومعە، تەنانەت هێندێک جار ئۆستاندارانیش لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەواندا هەڵدەبژێردرێن.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئسیلامی ئاخوندەکان و بەتایبەت ئیمام جومعەکان بە دەسەڵات و نفووزێک گەیشتن کە بۆ خۆشیان جێگای باوەڕ نەبوو و تەنیا لە زەینی ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی ئیرانیشدا دەگونجا. بەڵام ئیمام جومعەکان بوون بە خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەت  کە زۆربەیان زیدی گوللەن. پارێزەرانی چەکدار، حقوق و ماڵی ڕازاوەیان لە ئیختیار دایە و دەستیان بە کاربەدەستانی حکوومەتی ڕادەگات و  ماڵ و سەروەت و سامانیان وەسەریەکناوە و دەخاڵەتگەر و هێندێک جار بڕیاردەری سەرەکیی شارەکانی خۆیانن.

بە پێی دوایین سەرژمێری لەساڵی ١٣٩٩، لە ئێراندا ٤٥١ شارستان بوونی هەیە و ژمارەی ئیمامانی جومعەش پتر لە ٩٠٠ کەسن. واتە لە بەخشەکانیشدا ئیمامانی جومعە خەریکی تەبیلیغ بۆ ڕژیم و بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی حکوومەتن. ئیمامانی جومعە دەبێ لە لایەن کاربەدەستانی ئەمنییەتی و نیزامیی حکوومەتەوە تەئید بکرێن و لە لایەن عەلی خامنەیی و دەزگای ڕووحانییەتی ژێر دەسەڵاتی ناوبراو قەبووڵ بکرێن.

خوتبەکانی جومعەی ئیمامانی جەماعەت لەلایەن دەزگای ڕووحانییەتی ژێر نفووز و کۆنتڕۆڵی خامنەیی و دەزگا ئەمنییەکان دیاری دەکرێت و بەشێوەی سەرتاسەری تەبلیغی بۆ دەکرێت و ئیمام جومعەکان ئەگەر بشیانهەوێ ناتوانن بابەتێک بەپێچەوانە بۆچوونی کاربەدەستانی ئەمنیی شار و ئۆستان بڵێن.

سپای پاسداران کە بۆ قۆناغێک کاروباری پاراستنی ئیمامانی جومعەی وەئەستۆ بوو لە هەموو ژیانی خسووسی و کۆمەڵایەتیی ئەوان ئاگادارە و دەزانن کە ئەم ئاخوندانە لە چ گەندەڵییەکی ئەخلاقی، ماڵی، بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیدا دەستیان هەیە و زۆرجار ئەم زانیاریانە بۆ بێدەنگ کردن و ملکەچ کردنی ئەوان بەرامبەر عەلی خامنەیی و دەزگا نیزامی و ئەمنییەکان بەکار دێنن.

کردەوەی ئیمامانی جومعە تەنیا بە تەبلیغی سیاسەتەکانی ڕژیم و دەخاڵەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری شار سنووردار نابێت. سەرەڕای گەندەڵیی بەرینی ماڵی و ئەخلاقی، دەستیان داوەتە هێنانە مەیدانی ئەرازێل و ئەوباش بۆ ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مۆنکەر، دژبە گشت نەیارانی ڕژیم، ئەسیدپاشیی دژبە ژنان و تەنانەت وەک ئیمام جومعەی ورمێ، مەلا حەسەنی، فەرمانی قەتڵوعامی گوندەکانی قارنێ و قەڵاتانیان دەرکردووە.

بە ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی دووکان ئەم ئاخوندە مفتەخۆر و کۆنەپەرستانەش دادەخرێت و دین دەبێتە بابەتی خسووسیی خەڵک و لەگەڵ جیایی دین لە دەسەڵات و پەروەردە و بارهێنان، بودجەی وڵات ناکرێتە خەرجی تەبلیغی کۆنەپەرستی و خورافە.

بابەتی پەیوەندیدار

ئێعدام و جەنایەتی زیاتر حکومەتی ئیسلامی لە ڕوخان ڕزگار ناکات

-

ڕەوتی لێک هەڵوەشانی حکومەت و سەرلێشێواوی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی 

-

کۆماری ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی بێ گەڕانەوەدا

-

  بەیانیەی حیزبی کومونیستی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ سەرماوەز رۆژی دانشجو

-

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

-

   سەرکەوتنی شۆڕش لە گرەوی هەتنە مەیدانی کرێکاران، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دایە

-