کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیسلام له‌سه‌ر بنه‌مای زه‌وتكردنی ئازادی و ئیراده‌ی ئینسان دامه‌زراوه‌

رۆژی هەینی ١٢ ی مانگی خرمانان کۆبونەوەیەک پێکهاتو لە ١٥٠ کەس لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کانونە فەرهەنگی و هونەریەکانی مەزگەوتی سەرتاسەری وڵات لە شاری مەشهەد لەژێر ناوی ” هەمایشی ئەندیشە ئاسمانیەکان” بەڕیوەچوو. لەم کۆبونەوەیەدا کازم سەدیقی ئیمام جومعەی کاتی تاران نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی فکری و فەرهەنگی لە کۆمەڵگای ئێراندا دەربڕی. ئەو لە قسەکانیدا ئەو کەسانەی کەڵک لە ئانتێنی ماهوارە وەردەگرن، بە ستونی پێنجەمی دەژمن ناوبرد. هەروەها وتی کە شەبەکە ماهوارەییەکان بەشوێن لەبەین بردنی ئیمانی لاوانەوەن. بەم جۆرە سه‌دیقی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگای ئێرانی لە ڕیزی دوژمندا دانا. ئەو دواتر ئۆلگوی ئینسانی نمونەی جێی سرنجی خۆی ئەو کەسانە ناوبرد کە هاوسەر و منداڵە چکۆلەکانیان بەجێهێشتوە و بۆ دیفاع لە حەڕەمی ئالی اللە له‌ شاری حەڵەب شەڕ دەکەن. هەڵبەت ئەو خۆی دەزانێ کە درۆ دەکات. دەزانێ کە ئەو کەسانەی دەنێردرێنە سوریە، بە چ شێوەگەلێکی دژی ئینسانی، بە تەماع وەربەرنان و فریودان بۆ دیفاع لە ڕژیمی جەنایەت پیشەی ئەسەد بۆ قوربانگای سوریە دەنێردرێن. ئەو دوای دەست نیشان کردنی ئینسانی نمونە، ئۆلگوی ئازادی جێی سرنجی خۆشی پێشکەش کرد. و وتی:” لە ئیسلامدا بنەما ئەوەیە کە ئینسان ئیرادە و ئازادی له‌ خۆی زەوت بکات و بڵێ هەرچی خودا دەڵێ دەبێ هەروابێ و ئەمەش لوتکەی تەعالی ئینسانە”.796

ئاخوندەکان و موڕەوجینی ڕژیم لە ماوەی ٣٨ ساڵی حاکمیەتی خۆیاندا بە یارمەتی ئەم خورافاتە دەمار گرژ ترین کەسەکانی سەربە خۆیان بۆ دزێو ترین جەنایەتەکان لەدژی خەڵکی ئازادی خوازی ئێران ئامادە کردو و بەکارهێنا. لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا گەلێک کچی لاو کە بەهۆی فەعالیەتی سیاسیەوە گیرابوون، بەو پاساوە مەزهەبیەی کە کچانی باکرە ناچنە بەهەشت، بەر لە ئێعدام کردنیان لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕژیمەوە دستدرێژیان کرایەسەر. هەزاران زیندانی سیاسی لە حاڵێکدا کە لە مافی هەموو جۆرە دیفاع کردنێ لەخۆیان بێبەش بوون ئێعدام کران و تەنیا هۆکاری مانەوە لەسەر بیروباوەڕیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا شاردرانەوە.

خەڵکی ئەم وڵاتە بە پێست و گۆشتەوە هەستیان کردوە کە چلۆن قانون، ناوەند و دەزگا ڕەسمیە مەزهەبیەکان خراونەتە خزمەت حکومەتی ستەم و چەوسانەوە و سەرکوتەوە. بێ مافی ژنان، نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگە، سەرکوتی کەمینە مەزهەبیەکان و زەوت کرانی ماف و ئازادیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بە پشت بەستن بە ئەحکامی مەزهەبی و قانونە شەرعیەکان پتەوتر کراوە.

جەهل و خورافە و فریودانی ڕەسمیان لە جێگای زانست و فەرهەنگ داناوە، کوێرانە ترین دەمارگرژی مەزهەبیان لەنێو بەشێک لە بێ خەبەر ترین کەسەکاندا پەرە پێداوە و ئەو ئینسانانەی کە دەتوانن شەریف و ئازادی خواز بن بە ئەفسون و فریو کراونەتە حیرفەیی ترین خوێنڕێژ و بێ ڕەحم ترین ئینسان.
مەزهەب، وەسیلەیەکە لە دەست دەوڵەتە دژی خەڵکیەکاندا. بەدرێژایی مێژوو، چینە دەسەڵاتدار و چەوسێنەرەکان بەردەوام لە مەزهەب بۆ دەرێژەدان بە کۆیلەتی، چەوساندنەوە، سەرکوت و پاراستنی حکومەتە ئیستبدادی و دیکتاتۆڕیەکان کەڵکیان وەرگرتوە. دەوڵەتی مەزهەبی کۆن ترین ئامرازی ستەم و سەرکوتە. لە سەدەکانی نێوەڕاستدا کە ئێستا لەسەرتاسەری دنیادا وەک پڕ ئازار ترین دەورانی ژیانی بەشەریەت دەناسرێت، مەزهەب حکومەتی دەکرد. هەموو ئەندیشەیەکی پێشڕەو، هەموو پێشکەوتنێکی زانستی و هەموو جۆرە ئاڵگوڕێک لە ژیانی خەڵکدا لە ڕاستای وشیاری و ئازادەگیاندا، بەرەو رووی خۆڕاگری تائەوپەڕ کۆنەپەرستانە و دڵڕەشانەی مەزهەب لە سەرتاسەری دنیادا بۆتەوە. ئێستا و لە هەزارەی سێی ژیانی بەشەردا، لە وڵاتانی وەک ئێران ڕژیمێکی مەزهەبی حاکمە تا بێ مافی ڕەسمی و بە ئاشکرای خەڵک، تا هەژاری و سەرکوت و ستەم لەسەریان، بە سروشتی و شەرعی پیشان بدات.
دەوڵەتی مەزهەبی و هەموو جۆرە کەڵک وەرگرتنێک لە مەزهەب وەک ئامرازێکی سەرکوتی دەوڵەتی شایستەی ژیانی ئینسانی ئەمرۆ نییە. ئێستا کە خەباتی خەڵک بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ئازادی و بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شایستەی ئینسان چۆتە قۆناغێکی تازە ترەوە و خەڵکی ئازادی خواز لە دروشم و داواکاریەکانیاندا کولیەتی ڕژیم و قانونە دژی ئینسانیەکانیان کردۆیە ئامانج، جێگای خۆیەتی کە دروشمی جیایی دین لە دەوڵەت بکرێتە داواکاریەکی گشتی. لەم بوارەدا بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێران، جەخت دەکاتەوە:
مەزهەب دەبێ بەتەواوی، یەکجارەکی و هەمە لایەنە لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە. هیچ یەک لە مەزهەبەکان، نابێ هیچ چەشنە دخاڵەت و کاریگەریەکیان بەسەر قانونە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتەوە هەبێت. ناوەند و دەزگا مەزهەبیەکان دەبێ بەتەواوی و بۆ هەمیشە لە دەوڵەت جیا بکرێنەوە و هەموو جۆرە یارمەتی دانێکی ماڵی و غەیرە ماڵی لە لایەن دەوڵەتەوە بە ناوەند و دامەزراوە و چالاکیە مەزهەبیەکان قەدەغە بکرێت. کاربەدەستانی مەزهەبی نابێ هیچ چەشنە ئیمتیازێکیان چ بۆ دەستەبەر کردنی پلەوپایەی دەوڵەتی و چ لە بەرانبەر قانونەکانی وڵاتدا هەبێت. سەرجەم هەڵاواردنە یاساییەکان لەسەر حیسابی مەزهەب و مقامی مەزهەبی کەسەکان و یان بێ باوەڕی بە مەزهەب دەبێ هەڵبوەشێتەوە. نابێ لە مەدرەسە، زانکۆ و باقی دامەزراوەکانی تەعلیم و تەربیەتی دەوڵەتیدا یاسا و ڕێسا و تەعلیماتی مەزهەبی ئیجباری بکرێتە بابەتێکی ئاسایی. هیچکام لە ئاینەکان نابێ وەک مەزهەبی ڕەسمی وڵات بناسرێت. دەوڵەت دەبێ مەزهەب وەک ئەمرێکی شەخسی کەسەکان چاولێبکات و سەرجەم دانیشتوانی وڵات دەبێ ئازاد بن لە ئیختیار کردنی هەر دینێکدا و یان نەبوونی هیچ چەشنە مەزهەبێک. ناسنامە و هۆویەتی عەقیدەتی هیچ کەسێک نابی لە سەنەد و ئەوڕاقی ڕەسمیدا بنووسرێت. مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو کەسێک بە یەکسانی، سەربەخۆ لە عەقیدە و بیروباوەڕی مەزهەبی و غەیرەمەزهەبیان دەبێ دابین بکرێت.