کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیسلاح خوازانی حکومەتی پاساوکەری جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی

  محەممەد خاتەمی کە لە رۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینیەوە تا ئێستا لاڵ ببوو، هەرکە شانۆی ناشیانەی هێرشی داعشی بۆسەر مزگەوتی شاە چراغ بینی، سەری لە قاپوڕەکەی دەرهێنا و وێڕای هێرش کردنەسەر نەیارانی نیزام، خوازیاری بەرەنگار بوونەوەیان بوو بەشێوەیەکی توند. ڕێبەری ڕیفۆڕم خوازە دەوڵەتیەکان دوو دەیە هەوڵیدا تا جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە قسە و وعدەی بێ سەمەر لەبەر چاوی خەڵک بشارێتەوە، لە قسەکانی دوێنێیدا ئەندازیاریەکی سیاسیشی لە دروشمی سەرەکی و گرنگی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان و ئێراندا ئەنجامدا. دروشمی ژن، ژیان و ئازادی کە دروشمی بەملیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانە و سەدان ملیۆن لە ئاستی دنیادا، لە لایەن خاتەمیەوە تەنیا کرا بە دروشمی ژیان و ئازادی!

  حکومەتی ئیسلامی و سەرجەم باڵەکانی بە خاتەمی و هاوبەشەکانیەوە ئاپاڕتاید و هەڵاواردنی جنسیەتیان بەسەر ژنانی ئێراندا نیهادینە  و سیستماتیک کردوە. ئێستا بە سوڕاندنی نووکە قەڵەمێک ناوی ژن لە دروشمی ژن. ژیان. ئازادی لە لایەن ڕێبەری ئیسلاحاتەوە پاک دەکرێتەوە و نامێنێ. زیاتر لە چل رۆژە کە بە ملیۆن کەس لە ژنان و پیاوانی وڵات لەدژی کۆماری ئیسلامی و لە دەوری ئەم دروشمە ئاخێزیکی شۆڕشگڕانەیان بەرپا کردوە. ئاخێزێکی کە ئاستەکەی سنورەکانی ئێرانی تێپەڕاندوە و بۆتە ئیلهام بەخشی بزوتنەوە ئازادی خوازانە و بەرابەری تەڵەبانەکان لە سەرتاسەری دنیادا، ئێستا لە خۆ نواندنێکی ڕیاکارانەدا لە لایەن خاتەمیەوە وەک ڕێبەری ڕیفۆڕم خوازە حکومەتیەکان کۆڵەکە سەرەکیەکەی واتە” ژن” ی بە نوکە قەڵەمێک لێ دەکرێتەوە. نزیک بە سێسەد کەس لە جەریانی ئاخێزێکدا کە بەشی زۆریان لاوانی دەبیرستانی بوون گیانیانبەخت کرد، بەهەزاران کەس بریندار و زیندانی کران. لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان و لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران جانایاتی گەورە لە لایەن حکومەتی ئیسلامیەوە ڕویداوە و خاتەمی سەبارەت بە گشت ئەم ڕوداوانە بێدەنگ بووە، ڕێکخستنی ناشیانەی” هێرشی داعش” بۆسەر مزگەوتی شاە چڕاغی شیراز، دەکرێتە دەرفەتێک بۆ خۆنیشاندانی خاتەمی. خاتەمی لە پەیامەکەیدا کە بەم بۆنەیەوە بڵاو کردوە خوازیاری کۆتایی هێنان بە توندوتیژی لە لایەن خەڵکەوە بوو! ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموان دەزانن ئەمە توندتیژی بەکرێگیراوانی ڕژیمە کە سەدان کەسی خەڵتانی خوێن کردوە.

  هەموو خەڵکی ئێران و بەشێک لە خەڵکی دنیا ناوی ژینا ئەمینییان بیستوە و قەتڵی حکومەتی ئەویان مەحکوم کردوە. بەڵام ڕێبەری ئیسلاح خوازانی حکومەتی نە تەنیا ناوی ژینا ئەمینی نایەنێت بە زمانیدا، زیرەکانە و وشیارانە ژن لە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەسڕێتەوە. موهەندیسی کردنی دروشمی ژن ژیان ئازادی لە لایەن خاتەمیەوە نیشانی ئەدات کە ڕێبەری ئیسلاع خوازانی حکومەتی لە دژایەتی کردنی ژندا هیچی لە ئاخونەدەکانی باڵی بەرانبەری لە حکومەتدا کەمتر نییە.

ئەم بزوتنەوەی دوایی بە ڕوونی نیشانیداوە کە باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم هیچ پێوەندیەکیان بە دنیای مۆدێڕن و سەردەمەکەوە نییە و لە ڕوانگەی فکریەوە لە سەدەکانی نێوەڕاستدا دەژین. بێگومان ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادی خوازی ئێران هیچ بایەخێک بۆ هەوڵ و تەحریفاتەکانی ئیسلاح خوازە داماوەکان دانانێن.

  ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵکی وەگیانهاتوو لە سەرجەم سیستمی ویلایەتی فەقی و حکومەتی ئیسلامی، ئەم ئاخرین حکومەتی ئیسلامیە لە ئێران بەرەو زبڵدانی مێژوو دەبات، و چاوبەستەکانی وەک ئیسلاح خوازە حکومەتیەکان کە چاویان لە حاند جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی دەبەستن، ئەم جەنایەتانە پاساو دەکەن و ئاوەژوی دەکنەوە ڕێسوا دەکەن.