کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیستراتیژی ئامریکا لەگەڵ مەسڵەحەتی دەوڵەتانی هاوپەیمانی لە ناوچەکدا هاوئاهەنگ دەکرێت

داعش لە بەرە جۆرا جۆرەکاندا، لە عێڕاق و سوریە کەوتوەتە حاڵەتی دیفاعیەوە و تەقریبەن رۆژ نییە کە پێگەیەکی دیاریکراو لەدەست نەدات. دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە دەوڵەتانی ئامریکا و روسیە، یاریکەرانی زلهێزی گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەیشتونەتە ڕیکەوتن کە دوای دەورەیەک شەڕی ڕاستەوخۆ و لەجیاتی لە دوو بەرەی دژی یەکتر، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە بەرژەوەندیەکانیان لە ڕێگای بەرەوپێش بردنی وتووێژەکانی ئاشتیەوە تاقیب بکەن. بەڵام هێشتا کۆمەڵێک کۆسپ لەسەر ڕێگای ئەم تەوافوقاتەدا هەن. تا کاتی لاچوونی ئەم کۆسپانەش هەڵبەت ترسێکیان نییە لەوەی کە بە بەکارهێنانی ئەو هێزەی لە گۆڕەپانەکەدا بوونی هەیە، ئاگایان لەوەبێت کە هاوسەنگی بەدەستهاتوو زۆر تێکنەچێت. ئەم ڕادەیەش چاوپۆشی و نادیدە گرتنی ئاگر بەس واتاکەی گەلێک وێرانی و لەنێوچوونی ژیانی خەڵکێکی زیاترە.گرنگترین بەربەستی سەر ڕێگای جیدی بوونەوەی پرۆسەی وتووێژ و ئاشتی ئەوەیە کە ناوچەیەکی بەرین لە عێڕاق و سوریە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی داعش و بەرەی نوسرە دایە. هیچکام لەم دوو هێزەش خاوەنی ئەو زەرفیەتە نین کە لە وتووێژەکانی ئاشتیدا حوزوریان هەبێت. کەوایە ڕێگایەک بێجگە لەوەی کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان لە ڕێگای پێشڕەوی زەمینیەوە بکەوێتە دەست ئەو هێزانەوە کە بەپێی پلانەکان دەتوانن ببنە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی، بوونی نییە. بەڵام لە دابه‌شكردنی نێوان ئامریکا و روسیەدا مەیدانداریی دەوڵەتی ئامریکا لە عێڕاق بە کردەوە قەبوڵ کراوە و لە سوریەش لەسەر ناورۆکی کێشمەکێشێکی شاراوە و نا ڕەسمی، هەرکام لەم دوو لایەنە لە هەوڵدان تا سەهمێکی زیاتر لە پرۆسەی دەرکردنی ئیسلامگەرا توندڕەوەکان و کونترۆڵ کردنی ناوچەی ژێر دەستیان بۆخۆیان بەرن. ئەمەش ئاشکرایە کە چ لە عێڕاق و چ لە سوریە ئەم سیاسەتە لە ڕێگای هێزی ناوچەیی دەرگیرەوە دچێتە پێش. بەڵام ئەم هێزانە کامانەن؟705
لە بەری عێڕاقدا، یەکەم، خەڵکێک کە ساڵانێکە لەدەست ئازار و کوشتار و بێبەشیەکانی ئەحزابی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێڕاق وەگیان هاتوون، دڵێکی خۆشیان لە بەرەوپێش چوونی هێزەکانی ژێر فەرمانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق نییە و کەم و زۆر هەمان نیگەرانی کە لە حاکمیەتی داعشیان هەیە، لە حاکمیەتی هێزەکانی وەک حەشدی سەعبیشیان هەیە. کەوایە بەشێوەی مەنتقی دەوڵەتی ئامریکا، پشت بە هێزەکانی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنی هێزە ناوچەییە نا شیعیەکان، کە ماوەیەکە لە ئارادایە، دەبەستێت. دیاردەکان باس لەوە دەکەن کە جۆ بایدن جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا لەم سەفەرەی دواییدا بۆ کوردستانی عێڕاق ڕەزامەندی ڕێبەرانی هەرێمی کوردستانی دەستەبەر کردوە بۆ بەشداری کردنی چالاکانە لە پرۆسەی دەرکردنی داعش. بەم هۆیەوە دەبینین کە لەم رۆژانەی دواییدا هێزەکانی پێشمەرگە لە حاڵەتی دیفاعی هاتونەتەدەر و بەرەو پێش چوونی هەنگاو بە هەنگاو و بەرە بەرە لە بەرەکاندا دەبیندرێت.

بەڵام لە بەرەی سوریەدا بارودۆخەکە ئاڵۆز ترە. لە لایەکەوە دەوڵەتی بەشار ئەسەد کە دەزانێ بەدیلی داهاتوی حکومەتەکەی نەک داعش و بەرەی نوسرە، بەڵکو هێزەکانی ” بەرەی نەتەوەیی نەیاران” و هێزەکانی ژێر فەرمانی ” ی. پ. گ” ن، گوشارەکانی بۆسەر ئەم هێزانە و نەک بەرەی شەڕ لەگەڵ داعش چڕ کردوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئامریکا لە هەوڵدایە تا پێوەندیەکانی لەگەڵ هێزەکانی ” بەرەی نەتەوەیی نەیاران” و ” ی. پ. گ” پتەو بکات و ئەوان بە ئامانجی داگیر کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و بەرەی نوسرە بەهێز بکات.

لێرەدایە کە خاڵی سەرەکی جێی سرنجی ئەم وتارە زەق دەبێتەوە. دەوڵەتی ئامریکا کە لەمرۆدا پێویستی بە هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی عێراق و هێزەکانی ژێر فەرمانی ” ی. پ. گ” لە سوریە هەیە، ئایا بەرژەوەندی و ئیستراتیژی خۆی لەگەل ویست و داخوازیەکانی خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە، هاوئاهەنگ کردوە؟ نیشانەکان وای پیشان ئەدەن کە وڵامەکە مەنفیە و دەوڵەتی ئامریکا توانیویەتی ڕەزامەندی ئەوان بۆ بەشداری لە شەڕی کۆتایی لەگەڵ داعش، بەبێ هیچ پێش مەرجێک بەدەست بێنێ.

بەشێکی بەرین لە باکوری سوریە کە ناوچە کورد نشین و غەیرە کورد نشینەکانە، ژیانێکی نوێ بە پێچەوانەی ڕابردوو خەریکن تەجروبە دەکەن. شوڕا و ئەنجومەنە ناوچەییەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵکیان وەئەستۆ گرتوە. خەڵکی کورد و غەیرە کورد لە ئاشتی و هاوپشتیدا بەیەکەوە دەژین. یەکسانی ژن و پیاو و بەشداری نێوه‌راستدا بەرینی ژنان لە ژیان و خەباتی رۆژانەدا تروسکە و نووری هیوای بەسەر تاریکستانی رۆژهه‌ڵاتی بڵاو كردوه‌ته‌وه‌. تا ئێستا بەگشتی دیپلۆماسی و سیاسەتێکی سەربەخۆ لە زلهێزەکان و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەیی گیراوەتەبەر. داهاتوی ئەم دەستکەوتانە چی بەسەر دێت؟ بۆچی دەوڵەتی ئامریکا و یان روسیە تەعەهودێکی بە ئاشکرا سەبارەت بە بەڕەسمیەت ناسینی دەستکەوتەکانی خەبات و تێكۆشانی دیموکراتیکی ئەم خەڵکە نایەننە سەر زمان؟ بۆچی بە هاسانی لادانیان لە وتووێژەکانی ژنێودا تێدەپەڕن؟ بۆچی دەوڵەتی ئامریکا هێشتا قوتبنمای سیاسەتەکانی لە بەرخورد لەگەڵ دەستکەوتەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا لەگەڵ بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە هاوئاهەنگ دەکات؟

ئەزمونی هەموو دنیا لە کرداری زلهێزەکان نیشانی داوە کە ئەوان بێجگە لە قازانجی ئەمرۆ و سبەی خۆیان پابەندی هیچی تر نین و سبەی رۆژ کاتێک کە لە دابین بوونی بەرژەوەندیەکانیان دڵنیا بوونەوە، ئەم پشتیوانیە کەمەش لەم بزوتنەوانە و لە خەڵکی کورد دەبڕن. وڵاتی تورکیە بەهۆی پێگە جوغڕافیایی و سیاسیەکەی، هەر دەوڵەتێکی لەم جۆرە تێیدا لەسەر کار بێت، لە ئیستراتیژی ئامریکادا خاوەنی پێگەیەکی گەلێک بنەڕەتی تر و جێکەوتو ترە لەوە کە دەوڵەتی ئامریکا بیخاتە مەترسیەوە.

نیشانەکانی سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە، لە ئێستاوە دەبیندرێت. دنیس ناتالی، توێژەری دامەزراوەی متالعاتی ئیستراتیژیکی نەتەوەیی ئامریکا لەم بارەیەوە دەڵێت:” تا کاتێک کە ڕێبەریی کوردەکانی سوریە لە پ. ک. ک دوور نەکەونەوە، پێوەندی بە ڕواڵەت دۆستانەی ئەمرۆی ئامریکا لەگەڵ ی پ گ یارمەتیەک بە سبەی رۆژیان ناکات.”

بارودۆخەکە بە شێوەیەکە کە هێشتا ناکرێ لێبراوانه‌ سەبارەت بە داهاتوی سوریە قسە بکڕێت. بەڵام هەر دەستکەوتێکی ئینسانی و پێشڕەو کە ژیانی ئەمرۆی خەڵکی ئەم ناوچەیە کە بە هیمەتی ” ی پ گ” و پشتیوانی خەڵک ئازاد کراوە، ئەمن تر و ئاسودە تر بکات، بەشەریەتی پێشکەوتنخواز پشتیوانی لێدەکات. هیچ ڕێگایەک بێجگە لەوەی لە ئێستاوە بە پشت بەستن بە بەشداری چالاكانه‌ی خەڵک لە بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی کۆمەڵگادا و بەسیج کردنی ئەم خەڵکە بۆ دەخاڵەت کردن لە پرۆسەی سیاسیدا، پرۆسەیەک کە گرێدراوە بە چارەنووسی داهاتویانەوە، بوونی نییە. کە وایە بێگومان پشتیوانی خەڵکی ئازادیخواز و شەریف لە ناوچەکە و هەموو دنیاش بەدەست دینێ. وەها دیمەنگایەک دەتوانێ وزەی زیاتریان لە گۆڕەپانی خەباتی ئەمرۆیاندا بداتێ.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ئاماری ساختە سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی ئابووری و بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگادا

-

بوێری بنەماڵەی دادخوازان، ئیلهامبەخشە

-

سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

-

شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-