کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

Untitled 42

بە گوێرەی هەواڵەکان نزیکەی کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣، هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و حوسێن ئەمیر عبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕژیم، لە باشووری ناوچەی وەرزەقان لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تووشی ڕووداو بووە. ڕەئیسی لەگەڵ شاندێک لە وەزیران و بەشێک لە بەرپرسانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی تەواوبوونی پڕۆژەی هاوبەشی بەنداوی قیزقەلعەسی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان لەسەر ڕووباری سنووری ئاراس، سەردانی ئەو ناوچەیەی کردبوو. هەروەها ئیلهام عەلیۆف، سەرۆککۆماری ئازەربایجانیش لە مەراسیمی تەواو بوونی پڕۆژەی بەنداوی قزقەلعەسی ئامادەبوو. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر بەسەر ڕووداوەکەدا، بەڵام هیچ هەواڵێکی باوەڕپێکراو سەبارەت بە چارەنووسی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی لەبەردەستدا نەبوو. میدیاکانی حکوومەت ڕاپۆرتی دژبەیەکیان لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاو دەکردەوە. سەرەتا دەوترا کەش و هەوا تەماویی و ناجێگیر بووە، کۆپتەرەکە نیشتۆتەوە و ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی یاوەری بە ڕێگای زەویدا بەرەو تەورێز بەڕێکەوتوون. بەڵام دوای کاتژمێرێک هەواڵەکە گۆڕا و باس لەوە کرا کە کۆپتەری هەڵگری ئیراهیم ڕەئیسی لە نزیک وەرزەقان کەوتۆتە خوارەوە. دوای ئەوە سەرچاوە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم بە بەردەوامی هەواڵی دژبەیەکیان بڵاو دەکردەوە.

سەرەنجام بە هاوکاریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیە، شوێنی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی هەڵگری ڕەئیسی و هاوڕێکانی، واتە حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە، ئیمام جومعەی تەورێز، پارێزگاری  ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و فڕۆکەوان و پاسەوانەکانیان، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ی گوڵان دۆزرایەوە، لە کاتێکدا کە تەرمی سەرنشینەکان بە تەواوی سووتابوون. دواکەوتنی نائاسایی دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی و هاوڕێکانی و لێدوانی جیاواز و دژ بەیەکی بەرپرسانی ڕژیم، گومانی سەبارەت بە چۆنیەتی و هۆکاری ئەم ڕووداوە دروست کردووە. خامنەیی لە کاردانەوە بەرامبەر بەم ڕووداوە، دەستبەجێ لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا بەشداری کرد و دواتر لە کۆڕی ئەو بەرپرسانەی سپادا کە سەردانیان کردبوو، سەبارەت بەم ڕووداوە وتی: “خەڵکی ئێران نابێت نیگەران بن، هیچ گرفتێک لە کارەکانی وڵاتدا دروست نابێت“. لەم بابەتەوە سیناریۆی جۆراوجۆر باس دەکرێت، وەک ئەوەی کە کەوتنەخوارەوەی ئەم هەلیکۆپتەرە ڕووداوێکی سادە نییە، بەڵکوو پێدەچێت بەشێک بێت لە نەخشەڕێگای هەنگاو بە هەنگاوی سپای پاسداران بۆ سەردەمی دوای خامنەیی؟. بێگومان بەم نزیکانە ڕاستییەکانی پشت ئەم ڕووداوە ئاشکرا دەبن، بەڵام سروشتی ئەم ڕووداوە هەرچییەک بێت، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێکە لە بەدناوترین سەرۆککۆمارەکانی ڕژیم لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا. ئەمڕۆ ئیتر لەلای خەڵکی ئێران،جەلادی ٦٧بۆتە پاشگری ناسنامەی سیاسی ڕەئیسی. ژیاننامەی سیاسی ناوبراو، پڕە لە جینایەتی ترسناک کە بە تایبەتی لە کاتی قەتڵی عامی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ ئەنجامی داوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕژیم بەشێوەیەکی بەرچاو لە شەقامەکانی تاراندا ئامادەییان هەیە بۆ ئەوەی پێش بگرن لە ئەگەری هەر چەشنە کاردانەوەیەکی جەماوەر بەرامبەر بە هەواڵی مردنی ڕەئیسی. هەندێک لەو گرتە ویدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە یاری ئاگرین خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە هەواڵی مەرگیجەلادی ٦٧دەربڕیوە. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەمنییەتی تەسنیم ڕایگەیاند کە، داواکاری گشتی تاران هۆشداری داوەتە هەندێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی کەهەواڵی ناڕاستیان لە بارەی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەوە بڵاوکردووەتەوە.

مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧، بیرهێنەرەوەی یەکێکە لەو جینایەتە ترسناکانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە چووە. لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ڕژیمی ئیسلامی دەستیدایە جینایەتێک کە ئاسەوار و بەڵگەنامەکانی، ئەوپەڕی دڵڕەقی و وەحشیگەری دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی نیشان دەدەن. خومەینی و ڕاوێژکارەکانی کە لە دوای شکستی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، نیگەرانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوون، بە ئامانجی چاوترسێن کردنی جەماوەری بێزار و وەگیان هاتوو لە دەست شەڕ و نەهامەتی ئابووری، پلانی کوشتاری زیندانییەکانیان داڕشت. پڕۆژەی قەتڵی عام و کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٦٧، تەنیا ڕۆژێک دوای خواردنەوەی جامی ژەهری قبوڵکردنی ئاگربەست لە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراقدا، بە فەرمانی خومەینی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی، دەستی پێکرد. بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خومەینی دامەزرێنەری حکوومەتی ئیسلامی، هەیئەتێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو جینایەتە دیاریکرا کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناسرا. یەکێک لە ئەندامانیهەیئەتی مەرگ، ئیبراهیم ڕەئیسی، جێگری ئەوکاتی داواکاری گشتی وڵات بوو. ئەو هەیئەتە لە ماوەی دوو مانگدا هەزاران زیندانی سیاسی لە ناو زیندانەکاندا گوللەباران کرد یان لەسێدارەی دان. ئیبراهیم ڕەئیسی کە زستانی ٩٧ بە فەرمانی عەلی خامنەیی وەک بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی دەستنیشان کرا و دواتر و تا کاتی ئەم ڕووداوە پۆستی سەرۆککۆماری بەدەستەوە بوو، لە نێو ئەندامانیهەیئەتی مەرگی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧دا، بە بەرزترین پۆست گەیشتبوو. ئێستا بە مەرگی ڕەئیسی، بەداخەوە خەڵکی ئێران ئیمکانی ئەوەیان نەماوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک یەکێک لە جینایەتکارانی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، بیکێشنە پای مێزی محاکەمە و دادگایی بکەن. بەڵام بەدەر لە پێشینەی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی، ئەم ڕووداوە بە مەبەست بووبێت یان بە ڕێکەوت، نەک هەر قەیرانی دەسەڵات لەناو دەزگای ڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامیدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو قووڵتر دەبێتەوە و ئەگەری ڕوودانی ڕووداوگەلێکی توندوتیژی دیکەی لەم چەشنە لە داهاتوودا، دوور لە چاوەڕوانی نابێت.