کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئۆردوغان، نەیتوانیوە ڕیزی شپرزەی هەیئەت حاکمەی تورکیە بە یەکگرتویی ڕابگرێت

شەوی هەینی ٢٧ ی مانگی پوشپەڕ جارێکی تر بۆ پێنجەمین جار لە ساڵی ١٩٦٠ وە تانک و زرێپۆش و سەربازەکانی ئەڕتەشی تورکیە ڕژانە سەر شەقامەکانی ئانکارا و ئیستانبول و هەوڵی کۆدتایەکی تریان دا. فرۆکە و هێلیکۆپتێڕەکانی گوروپی کۆودتاگەران و هێندێک شوێنیان لە ناوەندە دەوڵەتیەکان کردە ئامانج. کودتاچیەکان ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی دەوڵەتیان کۆنترۆڵ کرد و ڕاگەیاندنی خۆیان تێدا خوێندەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا کودتاچیەکان بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن. دەوڵەت بەیارمەتی پۆلیس، بەشێک لە ئەڕتەش، کە بەشداری کودتاکە نبوون و لایەنگرانی دەوڵەت بارودۆخەکەیان سەرلەنوێ کۆنتڕۆڵ کردەوە. به‌ڵام ئه‌م كودتایه‌ رووداوێكی كوتوپڕی بێ زه‌مینه‌ نه‌بوو، به‌ڵكوو ڕێشه‌ی له‌ ناكامییه‌كانی سیاسیی یه‌ك له‌دوای یه‌كی ئۆردۆغان، رێبه‌ری ئاك پارتی دایه‌. ئەگەرچی کودتاکە شکستی هێنا، بەڵام لە هەمانحاڵدا ئەم ڕاستیەش ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی ئۆردوغان و حیزبی داد و گەشەپێدان، لە ماوەی ساڵانی حاکمیەتیدا نەیتوانیوە ڕیزی هەئەت حاکمەی ئەم وڵاتە یەکگرتو ڕابگرێت.ئەم حێزبە لە نوامبری ساڵی ٢٠٠٢ دا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. دوای کودتای ساڵی ١٩٨٠، ئەڕتەش قانونێکی ئەساسی نوێی لە پاڕلمان پەسند کرد. بە پێی ئەم یاسایە هەموو حیزبێک دەبێ لانیکەم ١٠ لەسەدی دەنگەکان بەدەست بێنێ تا بتوانێ بچێتە پارلمانەوە. کورسی ئەو حیزبانەی کە نەیاندەتوانی بگەنە ئەم ئاستە، دابەش دەکرایەوەبه‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا. بەم جۆرە سەهمی حیزبی داد و گەشەپێدان لە یەک لەسەر سێی کورسیەکانەوە بەرز بۆوە بۆ دوو لە سێ و ئەمەش دەستی ئەم حیزبەی لە بەرەو پێش بردنی ئامانجە سیاسیەکانی لە ڕێگای سیستمی پاڕلمانی ئەم وڵاتەوە کردەوە. ئێستا ١٤ ساڵە کە ئەم حیزبە بە بەرەکەتی ئەم یاسایه‌، دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوەیە و لەم ماوەیەدا لە شکڵی جۆراو جۆردا لە هەوڵدا بووە تا بزوتنەوەیەکی سیاسی کە بە نئۆعوسمانیزم ناسراوە لە تورکیەدا دابمەزرێنێ”ئاك پارتی” هه‌ر له‌ سەرەتاوە بە لادانی بەشێک لە فەرماندە و ژنڕاڵەکان، ئەڕتەشی پاکسازی كرد وهه‌وڵیدا بیكات به‌ هاو ئاڕاستەی خۆی. نەیارانی سیاسی حیزبه‌كه‌ی خۆی له‌وانه‌ سیمای ناسراو فه‌تحۆڵا گۆڵه‌نی خسته‌ پەڕاوێزەوە. سکۆلاریزم و ئازادیە دیموکراتیکەکان بەرتەسک كرده‌وه‌، و سەر ئەنجام مۆدێلێک لە ” ئیسلامی موعتەدل” پێشکەش كرد کە بتوانێ لە کێشەی ئاڵترناتیوەکان لە ناوچەی قەیراناوی خاوەرمیانەدا، وەک بەدیلی سیاسی و زەمانەتی سەقامگیری سیاسی بۆ سەرمایەی جیهانی بێت.763
هه‌ر له‌م ده‌وریه‌دا، ئۆردوغان و حیزبه‌كه‌ی توانیان له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتن به‌ ده‌ست بێنن و خۆیان له‌ ئاكامه‌كانی ئه‌زمه‌ی ئابووری جیهانیی ساڵی ٢٠٠٨ بپارێزن. بەڵام گەشەی ئابووری گەلێک کورت ماوە بوو وە نەیتوانی بەر بە سەرهەڵدانی ناکامیە سیاسیە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم حیزبە بە تایبەت لەم ساڵانەیی دواییدا بگرێت. لەم دەورەیەدا مافەکانی ژنان توشی کێشەهاتن، تا ئاستێک کە هاوسەری ئۆردوغان به‌ئاشكرا دیفاعی لە بوونی حەرەمسەرا كرد، بەرتەسک کردنەوەی چالاکی ڕاگەیەنەرەکان تا دەگاتە سەرکوت کردنیان. خستنە ژێر گوشاری یەکێتیە کرێکاریەکان و هێرش بۆسەر هێزە چەپەکان بە تایبەت لە زانکۆکاندا. ئۆردوغان هەوڵیدا تا سەرەڕای خواستی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ چارەسەر کردنی ئاشتیانەی مەسەلەی کورد، به‌ هاندانی شوینیزمی تورکی، لە بەرانبەر ئەم داواکاریەدا گوێی خۆی ئاخنی و دوای وێستانێکی یەک ساڵە، سەرلەنوێ شەڕێکی بە تەواو مانای بۆسەر خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پ کا کا، لە شار و دێهاتە کورد نشینەکان ڕیکخستەوە.

به‌ڵام ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ئۆردغان رووی له‌ كزی كرد. گه‌شه‌ی ئابووری كورت ماوه‌ بوو و نه‌یتوانی پێش به‌ ناكامییه‌كانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی ئه‌م حیزبه‌ به‌ تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا بگرێت. ناكامییه‌كان به‌ دوای یه‌كدا هاتن. ئیسلامی میانه‌ڕه‌و كه‌ قه‌رار بوو ببێته‌ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی نێئۆعۆسمانیزم و به‌ دیلی حكومه‌تی بێت له‌ رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، شكستی خوارد. فریوكاری ئاشتی خوازی ئۆردوغان له‌ كێشه‌ی كورد دا ئاشكرا بوو. سه‌ركوتی نیزامی نه‌یتوانی بزووتنه‌وه‌ی به‌رینی كۆمه‌ڵاییه‌تیی خه‌ڵكی كورد كه‌ وه‌كوو كۆسپێك له‌سه‌ر ڕێگای ئۆردوغان بوو لابه‌رێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا گەورە ترین هەڵەی ئۆردوغان لە پێوەند لەگەڵ قه‌یرانی سورییه‌دا بوو. دوژمنایەتی ئۆدوغان لەگەڵ خەڵکی کورد لە سوریە و دەوڵەتی بەشار ئەسەد بوو بە هۆی ئەوەی کە گوروپ و ڕەوتە کۆنەپەرست و جەنایەتکارەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە بۆ بەرەنگار بوونەوەی خەڵكی کوردستان بە باش بزانێ و لە دانی هەموو جۆرە یارمەتیەک پێیان بۆ دەژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان لە سوریە درێغی نەکات. ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ ئاكامی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دلێرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی سورییه‌ هه‌م تووشی شكستی نیزامی بوو وه‌ هه‌م ئابڕووچوونێكی سیاسیشی بۆ ده‌وڵه‌تی توركییه‌ به ‌دواوه‌ بوو.

ئه‌و به‌ڵێنی دابوو كه‌ ئه‌منییه‌ت له‌ توركیه‌دا به‌رقه‌رار ده‌كات به‌ڵام توركییه‌ به‌ كرده‌وه‌ بوو به‌ یه‌كێك له‌ وڵاتانی نا ئه‌منی ناوچه‌كه‌. به‌مجۆره‌ بۆ گه‌لێك له‌ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ ئیتر ئیدعای ئاشتی و ئه‌منییه‌ت واتایه‌كی نه‌ما. ئۆردوغان و حیزبەکەی تەنیا بە پشت بەستن بە هێنانە مەیدان و هەڵخڕاندنی شوینیزمی تورکی لە هەوڵی بەرەو پێش بردنی سیاسەتەکانیاندان. هاوکات لەگەڵ گرتنە پێشی کرداری کودتاگەرانە، بەری بەوە گرت کە ژمارەیەک لە کاندیدەکانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان (هه‌ده‌په‌) بچنە پارلمان و بەدوای ئەوەدا گەڵاڵەی هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی پارلمانی لەسەر نوێنەرانی مجلیس کە سەرەتایەک بوو بۆ دەرکردنی نوێنەرانی ناوچە کورد نشینەکان، ی بە تەسویب گەیاند. به‌مجۆره‌ دیمۆكراسییه‌كی په‌رله‌مانی كه‌ ئیدعای ده‌كرد، به‌ ده‌ستی خۆی بێ ئێعتبار تری كرد. له‌ پاڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌دا سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی كێشه‌ی په‌نابه‌ران نه‌یتوانی رێگای خۆی به‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ یه‌كێتی ئۆرووپا بكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت دوورتریش كه‌وته‌وه‌. سیاسه‌تی ئاڵۆزی پێكهێنان له‌گه‌ڵ رووسیه‌ش نه‌یتوانی پشتیوانی ئه‌ندامانی ناتۆ له‌ سیاسه‌ته‌كانی توركییه‌ ڕابكێشێت، به‌ جۆرێك كه‌ ناچار بوو سه‌رشۆڕانه‌ لێی پاژگه‌ز بێته‌وه‌. گه‌لێك نیشانه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێمان ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تی توركییه‌ خه‌ریكی رێگا خۆش كردن بۆ سازان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ده‌. هه‌مووی ئه‌وانه‌ ده‌ستیان دایه‌ ده‌ست یه‌ك و دوو به‌ره‌كییان له‌ بانترین ئاستی ده‌وڵه‌تی و ئه‌ڕته‌شی ئه‌و وڵاته‌دا په‌ره‌پێدا. كودتای رۆژی هه‌ینی یه‌كێك له‌ ئاكامه‌كانی ئه‌م دووبه‌ره‌كییه‌ بوو.

ئەنگیزەکانی کۆدتای نیزامی شەوی هەینی هێشتا بە تەواوەتی روون نییە. هەر ئەو جۆرەی کە ئاماژەی پێدرا بەشوێن پاکسازیە بەردەوامەکاندا وادیارە کە لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەت و ئەڕتەشی تورکیە زیاتر لەیەک نزیک بووبێتنەوە. ئۆردوغان دەستی کاربەدەستانی ئەڕتەشی بۆ هێرش و تێکۆشان لە دژی خەڵکی کوردستان بە کراوەیی هێشتبۆوە و تەنانەت بە پەسند کردنی یاسایەک لە پاڕلماندا، پارێزبەندی سەربازەکانی لە بەرانبەر قانوندا بردە سەرەوە تا لە کوشتنی خەڵک بەتایبەت خەڵکی کوردستاندا کاراتر بن.

ڕەنگە ڕێکخەرانی کودتاکەی شەوی هەینی پێیان وابوو بەم کارەیان، تورکیە لەدەست ڕێبەریی مەزهەبی ڕزگار دەکەن، ئێستا کە ناکام ماونەتەوە، ئەگەر ئۆردوغان بتوانێ بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ بێت، دەبێ شاهیدی زیاد بوونی سەختگیری و داخرانی زیاتری فەزای کۆمەڵگا لە هەموو بارێکەوە بین. به‌ڵام كۆمه‌ڵگای توركییه‌ زیندوتر له‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌م دیكتاتۆرییه‌ته‌ سه‌ر دانه‌وێنێت، قه‌یرانی سیاسی له‌ توركییه‌ درێژه‌ی ده‌بێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

-

شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-