بە تێپەڕ بوونی پێنج مانگ لە شۆڕشی ژینا بە دروشمی سەرەکی” ژن، ژیان، ئازادی” باڵە حکومەتیەکان لە لایەکەوە و ڕەوتە جۆراوجۆرە ئوپوزسیۆنەکان لە لایەکی ترەوە لەبەرانبەر یەکتردا سەفئاراییان کردوە. داخوازی سەرەکی ئەم ئاخیزە شۆڕشگێرانە ڕوخاندنی حکومەتی ئیسلامی بە ناوەرۆکی ژن ژیان ئازادییە و ئەم دوانە کە بوونەتە داخوازیەکی هەمەگیر. لە تایبەتەمەندیەکانی ئەم بزوتنەوەیە خسڵەتی پێشکەوتو بوون و ڕادیکاڵ بوونیەتی. ئەم تایبەتمەندیەش لە شێوازی خەباتکارانە، لە تەرحی دروشمەکان و داخوازیەکاندا دەکرێ ببیندرێت.
بەڵام لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردودا لە ڕیزی ئوپوزسیۆنیشدا هێندیک ڕیزبەندی نوێ پێکهاتوە.
لە ڕیزی ئەو بەشەدا کە نیگەرانی داهاتوی ڕژیمی ئیسلامین، ئیسلاح خوازانی حکومەتی وەک محەممەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشو، هاتونەتە بەرەوە، و لە هەوڵدان بە هێندێک گۆڕانی ڕووکەش و ڕەواڵەتی، بەردەوام بوونی بنەمای حکومەتی ئیسلامی دابین بکەن. هەر لەم ڕیزەدا بەشێک لە ڕێبەرانی پێشوی حکومەتی ئیسلامی لەوانە میر حسێن موسەوی زیاتر هاتۆتە بەرەوە و بە هێندێک ئەما و ئەگەر گوزار و تێپەڕینێکی مودیریەتکراو لە ڕژیمی ئیسلامی بە ناچاری دەبینێ.
هەر لەم ماوەیەدا ئوپوزسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش تووشی کەلێنی جیدی و قوڵتر بووە. باڵی ڕاستی ئەم ئوپوزسیۆنە و بەتایبەت سەڵتەنەتخوازە توندڕەوەکان، بوونەتە کۆسپی جیدی لەبەردەم بەرەوپێش چوونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە دەرەوەی وڵات. ئاسۆی سیاسی ئەم ڕەوتە، ئەگەرچی لە نێوخۆی وڵاتدا پێگەیەکی نییە، بەڵام گەڕانەوەی سەڵتەنەت و تێکرار بوونەوەی سەرلەنوێی حکومەتی ڕوخاوی پەهلەوییە. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردودا سەڵتەنەت و مەلاکان دوو کۆڵەکەی سەرەکی سەرکوت و زەوتکرانی مافەکانی خەڵک بوون. هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵدا ڕوونادات ئەگەر ئیقتداری ڕۆحانیەت، دەستگای مەزهەب و بونیادی سەڵتەنەت بۆ هەتاهەتایە لە دەسەڵاتی سیاسی دوور نەکرێنەوە.
بەشی مەزهەبی ئوپوزسیۆن کە سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران بەرچاوترین هێمایەتی، لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا لە پێشکەشکردنی مۆدێلێکی جیاواز لە شێوازی حکومەتی ئیسلامی بێتوانایە و هەر بەم هۆکارە توانایی دەستەبەرکردنی متمانەی ئەو ژن و پیاوە گەنجانەی نییە کە لەدژی حکومەتی دینی ڕاپەڕێون.
پلاتفۆڕم و بەرنامەی هێزە چەپ و دیموکڕاتەکان سەرەرای شەفاف بوون و ئینسانی بوونیان، بە داخەوە هێشتا لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا جێ نەکوتوە. ئەگەرچی خەباتی ژنان و لاوان و کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵ کە دەتوانێ ببێتە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی ئەم ڕەوتە، هەرچەند تا ئێستاش هێندێک دەستکەوتی چارەنووسسازی دەستەبەر کردوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەم پەیوەندیە کە زامنی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، بکاتە پێویستی.
لەگەل گشت ئەمانەدا بە تێپەڕبوونی ٥ مانگ شۆڕشی” ژینا” دوو دنیای کۆن و نوێی بە ڕوونی لەبەرانبەر یەکتردا ڕاگرتوە. لە لایەکەوە ڕژیمێکی کۆنەپەرستە کە بە پشت بەستن بە سەروەت و دەسەڵات و بەکار هینانی وەحشیانە ترین ئامڕازەکانی سەرکوت خۆی بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا سەپاندوە. لە پاڵ ئەودا ڕەوتی ڕاست و ناسیۆنالیستی توندڕەو دەبینین کە لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی وڵات سەری هەڵداوە. ئەم ڕەوتە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی دارایی بێ سنور کە هەیەتی هەوڵ ئەدات تا بوونی خۆی بەسەر ئەم شۆڕشەدا بسەپێنێت. ئەوان لایەنگرانی گەڕانەوەی نیزامی سەڵتەنەتی بۆ ئێرانن و بە کرداری شێوە فالانژانەیان لە دەرەوەی وڵات، دەست ئەدەنە دووبەرەکی نانەوە لە ڕێزی تێکۆشەرانی دەرەوەی وڵاتدا.
لەلایەکی دیکەوە دنیایەکی نوێ بە ڕێبەری ژنان، لاوان، کرێکارانی پێشڕەو و وشیار، ڕەوتە پێشکەوتنخواز و سیکۆلارەکان سەری هەڵداوە کە بە هیوای بونیادنانی کۆمەڵگایەكی تازە، مۆدێڕن، ئازاد، یەکسان و پڕ لە ڕێفاه هاتۆتە مەیدان. ئەم ڕەوتە خوازیاری کۆمەڵگایەکە کە تێیدا خەبەرێک لە ستەم و سەرکوت، لە هەڵاواردن و نایەکسانی نەبێت. هەژاری و برسیەتی، نەخوێندەواری و بێبەشی، خەسارە کۆمەڵایەتیە پڕ ئازارەکانی وەک لەشفرۆشی و گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر ڕیشەکێش کرابێ. بۆ دەستەبەر بوونی وەها کۆمەڵگایەک هیچ ڕێگایەک بێجگە لەوە لە ئارادا نییە کە ئیستراتیژی، تاکتیک، سیاسەت و بەرنامەی هێزە چەپەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەم ڕەوتەوە گرێبدڕیت و مەقبوڵیەتێکی باش لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆخۆی دەستەبەر بکات.