هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه بۆ سه‌ر كوردستانی سووریه هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه و ئاماری ئاواره‌كانی ئه‌م هێرشه جه‌نایه‌تكارانه‌یه و زیانه ئینسانیه‌كانی ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌رزتر ده‌بێته‌وه. هه‌ڵسووكه‌وتی به‌كرێ گیراوانی سووری كه له خزمه‌ت ئه‌رته‌شی توركییه دان، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و جه‌نایه‌تانه كه داعش له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له عێراق و سووریه ئه‌نجامی داوه.
به‌ڵام له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، ئاڵ و گۆڕێكی نوێ له بوار سیاسیه‌وه ڕووی داوه. ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریه و زلهێزی پشتیوانی واته ده‌وڵه‌تی ڕووسیه په‌یوه‌ندی گرتووه و پێشنیاری پێداون كه ئه‌گه‌ر به نیازن له سنووره‌كانی وڵاتی سووریه له به‌رامبه‌ر هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه دیفاع بكه‌ن، هێزه‌كانی سووریه‌ی دیمۆكراتیك ڕێگریان لێناكه‌ن. ناوه‌رۆكی ئه‌م سیاسه‌ته له لایه‌ن “مه‌زلووم عه‌بدی”، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریه‌ی دیمۆكراتیك له نووسراوه‌یه‌كدا له گۆڤاری ئامریكایی “سیاسه‌تی خارجی”، بۆ بیروڕای گشتی خرایه ڕوو. ئه‌م نووسراوه‌یه به‌هۆی ڕوون بوون و ڕووڕاست بوونی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رینی له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی جیهان به‌خۆوه بینی. مه‌زلووم عه‌بدی ڕایگه‌یاند: “ئێمه بۆ ڕزگار كردنی خه‌ڵك له مه‌ترسیه‌كی گه‌وره، ١١ هه‌زار سه‌ربازمان له‌ده‌ست دا كه له زۆمره‌ی باشترین شه‌ڕوان و فه‌رمانده‌كانمان بوون. ئێمه زیاتر له ١٢ هه‌زار زیندانی داعشمان له لایه و باری گرانی ژنان و منداڵانی ئه‌وانیشمان كه به توندڕه‌وی فێركراون له‌سه‌ر شانه. هه‌روه‌ها ئێمه ئه‌م به‌شه له سووریه له به‌رابه‌ر په‌لاماری میلیشیا ئێرانیه‌كان ده‌پارێزین. ته‌نانه‌ت له گه‌رمه‌ی شه‌ڕیشدا به‌رده‌وام پێبه‌ند به دیسیپلین و پێوه‌ره ئه‌خلاقیه‌كانمان بووین. ئێمه ئه‌لقاعیده‌مان شكست دا و له هه‌مان كاتیش‌دا سیستمێكی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باشمان به پێی ده‌سه‌ڵاتی چكۆله و پلوڕالیسم و فره‌چه‌شنی، پێكهێنا. ئێمه به‌رده‌وام یارمه‌تیی عه‌ره‌ب و كورد و مه‌سیحیه “سه‌ر‌یانی”یه‌كانمان داوه.
به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستدرێژی و هێرشی توركییه‌وه، كه ژیانی خه‌ڵكی ئێمه‌ی خستووه‌ته مه‌ترسیه‌وه، ڕه‌نگه ناچار بین پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به هاوپه‌یمانێتیه‌كانمان دا بكه‌ینه‌وه. ڕووسه‌كان و ڕژیمی سووریه چه‌ند پێشنیارێكیان پێداوین كه ده‌توانێ گیانی ملیۆنان مرۆڤێك كه له ژێر حه‌مایه‌تی ئێمه‌دا به‌سه‌ره ده‌به‌ن، ڕزگار بكات. ئێمه متمانه‌مان به به‌ڵێنیه‌كانی ئه‌وان نییه. ڕوون و ئاشكرا بیڵێم، ئیتر متمانه كردن بۆ ئێمه سه‌خته. ئێمه ده‌زانین كه ده‌بێ چه‌ند سازشتێكی به‌ژان له‌گه‌ڵ مسكۆ و به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ له‌گه‌ڵیان كار بكه‌ین و ڕابێین. چون ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت له نێوان سازشت و كۆمه‌ڵ كوژیی خه‌ڵكه‌كه‌مان یه‌كێك هه‌ڵبژێرین، بێ گومان خه‌ڵك هه‌ڵده‌بژێرین.”
به‌ڵام ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، سه‌باره‌ت به ڕۆژئاوا زۆر دووڕوویانه و فریوكارانه هه‌ڵسووكه‌وتی كردووه. ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به ئاگاداربوون له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه له ناوچه‌كانی ژێر كونتڕۆڵیان ده‌كات، هه‌وڵی دا تا ڕێگا بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی خۆش كات و مه‌ترسیه‌كان به هه‌زینه‌یه‌كی كه‌متره‌وه له‌سه‌ر خه‌ڵكی سووریه تێپه‌ڕبن. هه‌ربۆیه چه‌ند نێوبژێك له پارته سیاسی و كه‌سه ناسراوه‌كانی سووریه و ناوچه‌كه هاتن و ڕۆیشتن، به‌ڵام به‌شار ئه‌سه‌د هه‌رگیز نه‌هاته پێی وتووێژێكی جیدیه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا كه یه‌كێك له هێزه گرینكه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی و نیزامی له سووریه بوو، له هه‌موو وتووێژه‌كانی ژێر چاوه‌دێریی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ نووسینی یاسای بنه‌ڕه‌تی له سووریه، خرایه پاراوێزه‌وه. هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان له زلهێزه‌كانه‌وه بگره تا هێزه خۆجه‌ییه‌كان و ته‌نانه‌ت نێوبژی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، تێكڕا و هاوده‌نگ حاشایان له مافی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا له دیاری كردنی داهاتووی سیاسی سووریه‌دا كرد.
له جه‌ریانی داگیر كردنی عه‌فرین له لایه‌ن ئه‌رته‌شی توركییه و ئاواره بوونی دانیشتووانی ئه‌م شاره، ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د به ئاشكرا ڕێگه‌یه‌كی فریوكارانه‌ی گرته به‌ر. ئه‌وكاتیش بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا ئاماده بوو تا ڕێگه به هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د بدات كه له عه‌فرین دیفاع بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا به ڕواڵه‌ت و قسه ڕێكه‌وتن و به‌كرده‌وه له شانۆیه‌كی سه‌رشۆڕانه‌دا، بڕێك له به‌ره‌كانی شه‌ڕ نزیك بوونه‌وه، به‌ڵام خۆیان له شه‌ڕه‌كه نه‌دا. سه‌باره‌ت به عه‌فرین و هه‌روه‌ها له مه‌سه‌له‌ی وتووێژ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوادا و ته‌نانه‌ت ئێستاش كه به ڕواڵه‌ت ڕێكه‌وتنێك له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه ئه‌نجام دراوه، به‌شار ئه‌سه‌د و ڕاوێژكارانی كۆماری ئیسلامی ته‌نیا به‌شوێن یه‌ك ئامانجه‌وه‌ن و به‌رده‌وام هه‌وڵیشی بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌وان به‌نیازن بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌جۆرێك لاواز كه‌ن كه ئاسانتر بتوانن له دیاری كردنی چاره‌نووسی داهاتووی سیاسی سووریه بێ به‌ری كه‌ن. ئێستا كه خۆیان ناتوانن به‌و ئامانجه‌یان بگه‌ن، ده‌وڵه‌تی توركییه كه ئه‌ویش لاوازبوونی ڕۆژئاوا له ڕاستای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دایه، هان ده‌ده‌ن. له ڕاستیدا ئه‌م ڕێككه‌وتنه به شێوه‌ی ڕه‌سمی بووبێت یان به ڕواڵه‌ت، ناوه‌رۆكی مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێ.
ئه‌گه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، سیاسه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د مووزیانه و فریوكارانه‌یه، سیاسه‌تی ئه‌ڕدۆغان ده‌ست درێژی و دژه كرده‌وه‌یه‌كه بۆ داپۆشینی شكست و ناكامیه‌كانی خۆی. له ڕاستیدا، ئاواته‌كانی ئه‌ردۆغان بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئیمپراتووری عوسمانی له ناوچه‌كه‌دا، وه‌ك بڵقێك ته‌قیه‌وه.
پشتیوانی له ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی وه‌ك داعش و گرووپه توندڕه‌وه‌كانی دیكه كه له جیات توركییه و عه‌ره‌بستان له سووریه شه‌ڕیان ده‌كرد، شكستی ئه‌ردۆغان و ڕسوایی جیهانیی ئه‌وی به‌دوای خۆیدا هێنا. مانۆر دیپلۆماتیكی ئه‌ردۆغان له نێوان ڕووسیه و ئه‌مریكادا جگه له زیانی ئابووری و شه‌رشۆڕی سیاسی ده‌رئه‌نجامێكی دیكه‌ی نه‌بوو. كه‌ڵك وه‌رگرتن له كارتی په‌نابه‌رانیش نه‌یتوانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی توركییه وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، بگۆڕێت. قه‌یرانی ئابووری توركییه توندتر و قووڵتر بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌دار و ئه‌نجۆمه‌نی شاره‌كان ده‌ركه‌وت كه بیروڕای گشتییش ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر له ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه. ته‌نانه‌ت كار به جێگه‌یه‌ك گه‌یشت كه به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌تانه‌وه حیزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان دوو له‌ت بووه. ده‌ست تێوه‌ردانی نیزامی و هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ له دژی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا، له زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه بۆ داپۆشینی ناكامی و وه‌دواخستنی سه‌رئه‌نجامه حه‌تمیه‌كانی دژبه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ی، كه‌وتووه‌ته گه‌ڕ.
ده‌وڵه‌تی توركییه له حاڵێكدا له‌شكركێشی خۆی بۆسه‌ر كوردستانی سووریه درێژه پێده‌دا كه له ئاست نێونه‌ته‌ویی دا هاوشێوه‌ی كۆماری ئیسلامی پاراوێز خراوه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ له كوردستانی سووریه له ئارادایه، به‌ده‌ر له‌و كێشانه‌ی كه خوڵقاون، بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا كۆتایی كار نییه. ده‌ستكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به هێرش و داگیركاری نیزامی به ئاسانی له‌ناو ناچێت. هۆكاری ڕوونی ئه‌م ڕاستیه به‌م شێوه‌یه:
ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان له نێوخۆی‌دا زۆر لاواز بووه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییانه‌ی كه به‌ره به‌ره سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، زۆر ده‌وام ناهێنێ. ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دیش له‌م قۆناخه‌دا وه‌ك ده‌وڵه‌تی ڕه‌سیمی سووریه قه‌بووڵ كراوه، به‌ڵام له دواڕۆژی سووریه‌دا ڕژیمێكی داماو ده‌بێت كه بێ گۆمان خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و ژان دیتووی ئه‌م وڵاته، تۆڵه‌ی كاره‌ساتی ساڵه‌كانی ڕابردووی لێده‌كه‌نه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا نه‌ك هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێكی نیزامی به‌ڵكوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی پێشكه‌وتوویه كه تێیدا نه‌سلێك له مرۆڤه به ئه‌زموونه‌كان له گۆڕه‌پانی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌روه‌رده بوون. بێ گۆمان ئه‌وان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له شێوه‌ی ئیداره كردنی ژیان و دیاری كردنی چاره‌نووسی خۆیان له‌وه‌ی كه به‌ده‌ستیان هێنا زیاتر هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه و به‌ربه‌ست و كه‌م و كوڕیه‌كانی ده‌وره‌ی پێشوو وه‌پشت سه‌ر نێن.