کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاڵۆزوێژی و وڕێنەکانی کاربەدەستانی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاریدا

63353954 605

 

 

  سعداللە نەسیری، سەرۆکی زانکۆی شەریف بە ئاماژە کردن بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە لەم رۆژانەی دواییدا وتویەتی:” ڕەنگە خوێندکارانی خەتاکار بنێرین بۆ مشاویرە یان بۆلای ڕەوان پزیشک، لەبەر ئەوەی کە قەرار نییە ئەمنیەتی ٢٠ هەزار خوێندکار بەخاتری ئەم ژمارە کەمە بخەینە مەترسیەوە.” ئەگەر کەسێکی نەفامی لەم جۆرە لە حکومەتی ئیسلامیدا سەرۆکی یەکێک لە زانکۆ خاوەن ئیعتیبارەکانی ئێرانە، بەم شێوەیە قسەبکات، دەکرێ چ چاوەروانیەکمان لە نوێنەران و وەزیرە نەزان، ئاخوندە کۆنەپەرست و خورافیەکان هەبێت.

 حکومەتی ئیسلامی نیشانیداوە کە هیچ فڕێکی بەسەر دنیای مۆدێڕن و ئەم سەردەمەوە نییە و دەبێ لە سەدە نێوەڕاستیەکاندا بۆ نمونە و بۆچوونە زەینیەکانی بگەرێین. حکومەتێک کە هەژاری بە تەواوەتی و گرانی و بێکاری و جەهالەت و خورافە، ئەشکەنجە و ئێعدام، دەستدرێژی و منداڵ کوشتن لە گرینگ ترین دەستکەوتەکانیەتی، نەیارانی خۆی بە کەسانێک پێناسە دەکات کە نەخۆشی دەروونین.

  بەڵام وڕێنە کردنی ئەم پاسدارە کە کراوەتە سەرۆکی زانکۆ، بە گشتی لە نەزانی ئەوەوە سەبارەت بە دەرکی مەسایلی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرچاوە ناگرێت. لە ڕاستیدا ئەو جیرەخۆرێکە کە چاوی بڕێوەتە زاری ئەربابەکەی. قسەکانی ئەو تێکراری قسەکانی ڕێىەرەکەی خامنەییە کە لەم رۆژانەدا بە بۆنەی جۆراو جۆر لە پێوەند لەگەڵ بزوتنەوەی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی کردونی. داستانی کۆماری ئیسلامی و ڕێىەران و کاربەدەستانی، تێکرار بوونەوەی داستانی چارەنووسی هەموو دیکتاتۆڕەکانی دنیایە. دیکتاتۆڕەکان لە تەوەهومات و گومانەکانی خۆیاندا دەژین و کۆمەڵێک چاپلوس و گوێلەمشتی وەک ئەم سەرۆکەی زانکۆی شەریف لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە.

  لە دنیای واقعیدا سەرۆکی زانکۆی شەریف دەزانێ کە بە ملیۆن کەس لە ژنان و پیاوانی وڵات لەگەڵ حکومەتی ئیسلامیدا ناکۆکن. کەسێک کە ئەم ڕاستیە ڕوون و ئاشکرایە نابینێ دەبێ بچێت بۆلای ڕەوان پزیشک. لە پلەی یەکەمدا خامنەیی و سەرۆک کۆمارەکەی کە قاتڵێکی پیشەییە، ئیمام جومعەکان و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئەمنیەتی، نیزامی و ئیداری کۆماری ئیسلامین کە ناتوانن هەست بە ئاڕاستەی حەتمی چارەنووسیان بکەن، پێویستە ببرێن بۆلای ڕەوان پزیشک. ئەو کەسانەی ئەشکەنجە دەکەن، ئەو قازی- پاسدارنەی کە بە کۆمەڵ حوکمی ئێعدام دەردەکەن، ئەو ئەرازل و ئەباشانەی کە هێرش دەکەنە سەر خوێندکاران، پێویستیان بە چوون بۆلای ڕەوان پزیشک هەیە.

  بەڵام قسەکانی زولفی گوڵ، وەزیری عولوم و ئاموزشی باڵا دەریدەخات کە ترس و نیگەرانی ئەوان لە گەشە و هەڵدانی بزوتنەوەی خوێندکاری گەلێک جیدی تر لەوەیە کە خوێندکارانی شۆڕشگێڕ بە نەخۆشی دەروونی بناسێنن. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ سایتی حکومەتی ئینساف نیوز دەڵێ:” قەرارە کە دەفتەرێک لە هەر زانکۆیەک بۆ نوێنەری هێزە چەکدارەکان بکرێتەوە. کاری ئەم دەفتەرە بەدوادا چوون بۆ ئەو قەرار و تەفاهوم نامانەیە کە بەرپرسانی زانکۆکان لەگەڵ هێزە نیزامیەکان واژۆیان کردوە.”

  هەڵبەت ئەم قسانە دەربڕی نیگەرانی ڕاستەقینەی ئەوانە لە بزوتنەوەی خوێندکاری. ئەوان لە پێوەند لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاریشدا ئامرازێک بێجگە لە سەرکوت و گرتن ناناسن. بەڵام بە پادگانی کردنی زانکۆش دەردی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاریدا دەوا ناکات. ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەش تاقی کراوەتەوە. دامەزراندنی ئوستاد بەسیجی، بە ئەمنیەتی کردنی مودیریەتی زانکۆکان و دانانی کەسانی جێگای متمانەی ڕژیم و ناردنی تاقمێکی زۆر لە کەسانی سەربە دامودەزگا نیزامی و ئەنیەتیەکان، جێگیر کردنی تەلەبە و دروست کردنی شوڕای ئیسلامی، گشت ئەم سیاسەتانەیان تاقی کردۆتەوە و ئاکامەکەشیان ئەمرۆ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی زانکۆکانی ئێراندا بینیوەتەوە.

  ئەو رۆژە زۆر دوور نییە کە ئەم جەنایەتکارانە لە دادگاکانی خەڵکیدا وڵامدەرەوەی دەمشڕی و سوکایەتیەکانیان بن بە خەڵکی ئازادی خواز. بەشداری کردن لە سەرکوت و جەنایەت و پاساو کردنی داماوانەی ئەم جەنایەتانە بێ وڵام نامێننەوە.