بەهەر ڕادەیەک کە لە کاتی دەستپێکی قۆناغی یەکەمی تەحریمەکانی ئامریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی نزیکتر دەبینەوە و بە هەر ئەندازەیەک کە ئاسۆی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پشو وەبەر هێنانەوە بەر تەرمی لەسەر زەوی کەوتوی بەرجام کەم ڕەنگتر دەبێتەوە، بەهەمان ڕادە شەڕی زارەکی نێوان کاربەدەستانی ڕژیم و سەرانی ئهمریکا توند تر دەبێت. رۆژێک دوای سوخەنڕانی خامنەیی لە کۆبونەوەی کارمەندانی وەزاڕەتی دەرەوە کە تێیدا وتبوی متمانە بە ئهمریکا نەکەن و هاوکات پشتیوانی لە سیاسەتەکانی روحانی لە بەرانبەر ئهمریکادا کردبوو، ئەمجار روحانی بە پشت گەرمی قسەکانی خامنەیی چووە مەیدانەکەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی قەبوڵی ناکات کە هەڕەشەی لێبکرێت. ئەو وەک دۆنکیشۆت بە ئەسپێکی دارینەوە هاتە مەیدانێکی خەیاڵی شەڕەوە و وتی کە ئاشتی لەگەڵ ئێران”دایکی هەمو ئاشتیەکانە” و شەڕ لەگەڵ ئێرانیش “دایکی هەموو شەڕەکانه”. هێشتا کاتژمێرێک بەسەر قسەکانی روحانیدا تێنەپەڕیبوو کە ترامپ لە تویتێری خۆیدا روو بەو نووسی کە “قەت هەڕەشە لە ئامریکا نەکەیت دەنا بەرەو رووی دواهاتێک دەبێت کە کەمتر کەسێک لە مێژودا بینیویەتی”. دوای ئەوانە نۆبەی کاربەدەستانی خوارەوەتر هات. وەزیری دەرەوەی ئامریکا چەند کاتژمێر دوای هەڕەشەکانی روحانی لە کۆبوونەوەی بەشێک لە ئێرانیەکانی دانیشتوی ئامریکا کە لە خەون و خەیاڵی ڕژیمی چنج دا دهژین بوو وە بە ڕەخنە گرتن لە حکومەتی “مافیایی کۆماری ئیسلامی کە چل ساڵە دزی لە خەڵکی ئێران دەکات و بەو پارەیە کاری تیرۆریستی لە ناوچەکەدا و سەرکوتی بێ ڕەحمانە لەنێوخۆدا”، ڕێکدەخات. لە بەرانبەردا وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران رۆژێک دوای قسەکانی ئەوەی به “بەڵگەی حاشاهەڵنەگری پێشێل کردنی تەعوهودە نێونەتەوەییەکانی ئهمریکا” ناو برد و لە درێژەدا وتی کە “کەمینەی شەڕ خوازی ئێستای ئامریکا بەهێچ کام لە ئوسول و پرنسیبی ئەخلاقی، ئینسانی و حقوقی نێونەتەوەیی پێبەند نین.”هەرچەند کە ئەو زمانێکی دیپلۆماتیكی بەکارهێنا بەڵام لەم نێوانەدا موحسین ڕەزایی ڕاوێژکاری خامنەیی و دەبیری مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام و غوڵامحسێن غەیب پەروەر سەرۆکی سازمانی بەسیجی موستەزعەفان هەڕەشەی لەنێو بردنی هێزە نیزامیەکانی ئامریکای لە ناوچەکەدا کرد.
ئەگەرچی قسهكانی کاربەدەستانی هەردوو وڵات لەدژی یەکتر واقعین بەڵام بە ئاشکرایی دەبێ بوترێت کە هیچ پێوەندیان بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی ئەم دوو وڵاتەوە نییە و هیچکام لەم دوانە لە پێگەیەکدا نین کە پەرچەمی دیفاع لە ئەخلاقیاتی پێشکەوتن خوازانە و یان شەڕ لەدژی تیرۆریزم بە دەستەوە بگرن. لایەنێکی ئەم شەڕە زارەکیە واتە دەوڵەتی ئامریکا وەک گەورە ترین هێزی ئیمپڕیالیستی دنیا، مێژویەکی پڕ لە دەستدرێژی بە ئاشکرای بۆسەر مافەکانی خەڵکی دنیا و خەڵکی ئامریکا هەیە. کارنامەیەک کە تێیدا کودتا لە وڵاتانی جۆراوجۆر، پشتیوانی لە کۆنەپەرست ترین ڕژیمەکان لە چوار قوڕنەی دنیادا و لانیکەم لە زیاتر لە ١٥ ساڵ خەڵتانی خوێن کردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لە کارنامەدایه.
لایەنەکەی تری ئەم شەڕە قسهیه ڕژیمێکە کە لە هەمان رۆژی یەکەمی بە دەسەڵات گەیشتنیەوە، هێرشی بۆسەر شۆڕشگێران و ئازادی خوازان، هێرش بۆسەر ژنان، سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لە کۆتاییدا هێرش بۆسەر هەر شتێک کە ئەمرۆیی و پێشکەتنخوازانە بووە ی ڕیکخستوە و بەهێز کردنی کۆنەپەرستی لە ناوچەکەدا له کارنامەدایه.
لە ههمان كاتدا بەشێک لەم شەڕە قسهیه بۆ هەردو لایان مەسرەفی نێوخۆیی هەیە، ترامپ هێشتاش دوای تێپەڕ بوونی ساڵ و نیوێک لە تەمەنی سەرۆک کۆماریەکەی بەرەو رووی گەلێک تۆمەتی جۆارو جۆرە. ئەو بۆ پاراستنی پایەکانی ڕاسیستی و فاشیستی خۆی پێویستی بە هەروا و هوریای تەبلیغاتی، هێرش بۆسەر ڕەنگین پێستەکان و کۆچبەران، هێرش بۆسەر ژنان و دەرکەوتن لە هەیکەلی زل هێزێکی بێ هاوتدا و لەم ڕێگایەشەوە بە جەمسەری کردنەوەی کۆمەڵگای ئامریکا هەیە.
بەڵام سەرانی کۆماری ئیسلامی باردۆخیان گەلێک خراپترە لە دەوڵەتی ترامپ. ئەمان لەگەڵ قوڵترین قەیرانی ئابووری و سیاسی ژیانی خۆیاندا بەرەو روون. گوشاری زۆری ئەم قەیرانانە رۆژانە بەشێکی نوێ لە خەڵک دێنێتە ڕیزی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیمەوە. ڕژیم هێشتا لە لەرزەکانی ئاخیزی مانگی بەفرانبار ڕزگاری نەبووە خەریکە بەرەو رووی دوا لەرزەکانی دەبێتەوە. له پاڵ خهباتی بێ پسانهوهی كرێكاران، ڕژیم بهردهوام لهگهڵ كێشهی تازه بهرهوڕوو دهبێتهوه. رۆژێک ماڵباختەکان دێنە سەر شەقام، رۆژێک بێ ئاوی خەڵک وادار بە دەبڕینی ناڕەزایەتی دەکات، رۆژێکی تر بازاڕیەکان دەست ئەدەنە دەربڕینی ناڕەزایەتی، رۆژێک ژنانی خیابانی ئینقلاب روسەری فڕێ ئەدەن و لاوان لە هەموو دەرفەتێک بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین کەڵک وەردەگرن. له ڕاستیدا سەرانی ڕژیم نەتەنیا بۆ هیچكام لەم موسیبەت و گیرو گرفتە کۆمەڵایەتیانە ڕێگا چارەیەکی نییە، بەڵکو بڵاو بوونەوەی ئەرقامی نجومی ئیختیلاسەکان، دزی و هەزینەی سیاسەتە ماجەرا جووییەکانی ڕژیم لە ناوچەکە نیوەی زیاتری خەڵکی بردۆته ژێر هێڵی هەژاریهوه.
عەڕاقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ” هیوادارم نەگەینە جێگایەک کە نەهێڵین خەڵکی تریش نەوت هەناردە بکات.” ئەو باشتر لە هەموان دەزانێت کە لەگەڵ دەست پێکردنی تەحریمەکان تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی بتوانێت تا ئاستێک نەوتیش هەناردە بکات، بە لەبەرچاو گرتنی تەحریمی ئامریکا کە لە ١٥ ی مانگی گەلاوێژەوە دەست پێدەکات، ئێران دەستی بە دۆلار ڕاناگات و بەم جۆرە ناشتوانێ کە لە بەرانبەر دانی کالا، دۆلار وەربگرێت و لە جیاتی وەرگرتنی کالا و یان خزمەتگوزاری دۆلار بدات. بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار لەم حەفتانەی دواییدا ئاسەوارە سەرەتاییەکانی نزیک بوونەوەی کاتی دەست پێکی تەحریمەکانە. لە عەینی حاڵدا لەپاڵ تەحریمەکانی دۆلار، ئەوڕاقی بەهاداری ئێران، تەحریمی زێڕ و باقی فلیزاتی گرانبەها، تەحریمی ماشێن سازی، تەحریمی فرۆکەوانی و مسافیربەری، و تەحریمی بەرهەمە ئێرانیەکانیشی دەبێ پیوە زیاد بکرێت. لە ڕاستیدا لاف و گەزاف و هەڕەشەکانی سەرانی ڕژیم هیچ شتێک نییە بێجگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە و هەوڵدان بۆ فەراهەم کردنی زەمینەی سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان بە بیانوی بوونی تەحریمەکان و شەڕ لەگەڵ ئامریکا.
ئاخێزی مانگی بەفرانبار و ناڕەزایەتی بەردەوام دوای ئەو نیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێران لە بهردهم ئاڵوگۆڕێکی قوڵ دایە. هوورا کێشانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوازی بۆ هەڕەشەکانی ترامپ، یاری بە ئاگر کردنی ناسیۆنالیستەکان لەسەر سنورەکان و یان داوا کردنی ڕژیم لە خەڵک بۆ خۆڕاگری لە بەرانبەر تەحریمەکاندا نابێ تۆزقاڵێک لە ئیرادەی خەڵک بۆ پەرەدان بە ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیم کەم بکاتەوە. هەر چەشنە هیوادار بوونێک بە سیاسەتەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکدا لەدژی کۆماری ئیسلامی بە هەمان ئەندازە مەترسی دارە کە بکەویتە داوی سیاسەتە تەبلیغاتی و فریوکارانەکانی ڕژیمەوە.
ڕەمزی سەرکەوتنی خەڵک لەوەدا دەبێت کە خۆیان چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن. لەم نێوانەدا چینی کرێکار دەبێ بە ڕێکخستنی خۆی لە تەشەکولە سەرتاسەریەکاندا، دروست کردنی حیزبی سیاسی خۆی و قەرار گرتن لە ڕێبەریی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا، چارە نووسی کۆمەڵگا بە قازانجی شۆڕش و لە بەرژەوەندی کۆتایی هێان بە کۆیلەتی مۆدێڕندا دیاری بکات.