ڕۆژی دووشه‌ممه ١٦ی مانگی گه‌لاوێژ، دارستانه‌كانی داڵاهوو له پارێزگای كرماشان و جه‌نگه‌ڵه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ئیلام هه‌روه‌ها له‌وه‌ڕگه‌كانی ناوچه‌ی ئاژوانی كامیاران له ئاگر دا سووتا و هه‌وڵی ژینگه‌پارێزان بۆ كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه به‌رده‌وامه.
به‌پێی ڕاپۆرتی سه‌رچاوه خۆجییه‌كان، ئاگری له‌وه‌ڕگه‌كانی ناوچه‌ی ئاژوانی كامیاران ماوه‌ی سێ ڕۆژه درێژه‌ی هه‌یه و به‌رده‌وام ته‌شه‌نه ده‌سێنێت، ژینگه‌پارێزان و خه‌ڵكی خۆبه‌خش داوای یارمه‌تی له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن بچن به هانایانه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاگری دارستانه‌كانی ناوچه‌ی داڵاهوو له كرماشان هێشتا به‌رده‌وامه و ژینگه‌دۆستان پێویستیان به یارمه‌تیه، له پارێزگای ئیلام به هه‌مان شێوه دارستان و له‌وه‌ڕگه‌كانی ئوستان هه‌ر جار و له شوێنێك ئاگر ده‌گرێت و ناوه‌نده‌كانی په‌یوه‌ندیدار هیچ هه‌نگاوێك بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دۆخه هه‌ڵ ناگرن.