لە کوردستان و ناوچە شاخاوی و بەفرگرەکان، شەپۆلێک لە بەفر و سەرمای بێوێنە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئاژەڵە کێوی و باڵندەکانی لەگەڵ مەترسیی سەرمابردوویی و برسییەتی بەرەوڕوو کردووەتەوە. گەلێک ڕاپۆرت و هەواڵ لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکراونەتەوە کە ئاژەڵە کێوییەکانی وەک گورگ، ورچ، گەوەزن، کەروێشک، سمۆرە و زۆرێک لە باڵندەکان بەخاتری بارینی بەفری قورس و سەرمای ژێر پلەی سفر لە شار و گوندەکان نزیک بوونەتەوە و هەروەها پشیلە و سەگ و زۆرێک لە ئاژەڵە ماڵییە سەرگەردانەکانیش چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەیە.
زۆر نموونە بوونیان هەیە کە خەڵکی شەریفی کوردستان، گرووپ و ڕێکخراوەکانی دیفاع لە مافی مرۆڤ و مافی ئاژەڵان، ئەوەندەی لە توانایان دایە بەکاریان هێناوە کە نەهێڵن ئەم ئاژەڵە کێوی و باڵندانە بەهۆی برسییەتی و سەرماوە لەناو بچن. هەڵبەت ژمارەیەکیش هەوڵ دەدەن ئەو بوونەوەرانەی کە بەهۆی برسییەتی و سەرماوە لە گوند و شارەکان نزیک بوونەتەوە ڕاو بکەن. ئەرکی هەر مرۆڤێکی شەریف و وشیارە کە بۆ ئەوانی شی بکاتەوە کە بۆچی دەبێ لەم بوونەوەرە برسی و سەرمالێدراوانە دیفاع بکەن و خۆراکیان بۆ ئاماد بکەن و لە ڕاو کردن و زەربە لێدانیان ڕێگری بکەن. لە باروودۆخێکدا کە دوای چەندین ساڵ، بارینی بەفری قورس بووەتە هۆی شادی و دڵخۆشیی خەڵک، لە باروودۆخێکدا کە ئەم ناوچەیە کەم و زۆر لە مەترسیی وشکەساڵیی خۆفناک ڕزگاری بووە و بارینی بەفری قورس هەواڵی باشتر بوونی سەرچاوەکانی ئاوی لەمساڵدا پێیە، ڕێک لە وەها باروودۆخێکدا ئاژەڵ و باڵندەکان لەگەڵ مەترسیی مەرگ و ڕەق هەڵاتن بەرەوڕوون.
پێویستە گرووپەکانی خەڵک لە بەرامبەر پاراستنی ژینگە و دیفاع لە مافی ئاژەڵەکان هەرچی زووتر و خێراتر دەست بدەنە پشتیوانی لە ئاژەڵ و باڵندە سەرمالێدراو و برسییەکان. کوشتن و ڕاوکردنی ئەم ئاژەڵانە پێویستە لە لایەن خەڵکەوە لەگەڵ دژایەتیی جیددی بەرەوڕوو بێتەوە و کەسانێک کە زەربە لە ئاژەڵەکان دەدەن پێویستە گۆشەگیر و ڕسوا بکرێن.
ئاژەڵەکان بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی سەر گۆی زەوین. دنیا بە بێ ئاژەڵەکان قابیلی تەسەور نییە. پاراستنی دنیای ئاژەڵەکان، پاراستنی سرووشتێکی ڕەنگینە کە مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی لێی بەهرەمەندن. ئەگەر ئاژەڵەکان لەگەڵ ئێمە لە بەهرەوەرگرتن لە ئیمکاناتی سەر گۆی زەویدا هاوبەشن، کەوابوو پێویستە مافەکانیشیان بە ڕوونی لە یاسادا بگونجێنین و بەڕێوەیان بەرین.
لە کۆمەڵگایەکدا کە ئاژەڵەکان مافی ژیانیان هەیە و مافەکانیان دابین دەکرێت، دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرست و هێزە سەرکوتگەرەکان ناتوانن بە ئاسانی مافی خەڵک زەوت بکەن. دیفاع لە ئاژەڵەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە مافی ئینسانەکانەوە گرێی خواردووە و ئەگەر مافی ئینسانەکان پێشێل بکرێت، بەئاسانی ئاژەڵەکانیش مافی ژیانیان نابێت.
لەم زستان و لەم سەرمایەدا، ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان پتر لە هەموو کاتێک پێویستییان بە یارمەتی هەیە. پێویستە خەڵکی شەریف بە هەر شێوەیەک کە لەدستیان دێت بۆ ڕزگار کردنی ئاژەڵ و باڵندەکان هەوڵ بدەن.