کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاژاوه‌ نیزامییەکانی ئیسرائیل چ ئامانجێکیان لە پشتەوەیە؟

 ئالۆزیی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لەم یەک دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر بووە. ئەم شەڕ و ئالۆزیانە بە هێرشی ئیسرائیل لە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی رێبەندان بۆسەر واحیدێکی نیزامی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا، لە ناوچەی “قونه‌یتەره‌” هەڵکەوتوو لە بەرزاییەکانی جه‌ولان لەسەر سنوری نێوان سوریە و ئیسرائیل دەستیپێکرد. بەپێی راپۆرتەکان، لە جەریانی ئەم هێرشە ئاسمانیەدا لانیکەم ٦ کەس لە ئەندامانی پایه‌به‌رزی حیزبوڵڵا لەوانە “جیهاد موغنیە” كوڕی “عیماد موغنیه” کە یەکێک لە فەرماندە پایه‌بەرزەکانی حیزبوڵڵا بوو و هەروەها ٦ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رژیم لەوانە سەرتیپی پاسدار “محەممەد عەلی اللە دادی” کوژران.352

بە تۆڵەی ئەم هێرشە، رۆژی چوارشەممە ٨ی مانگی رێبەندان حیزبوڵڵای لوبنان بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی بە هاویشتنی چەند موشەک، ئۆتۆمۆبیلێكی گەشتی ئیسرائیل لە ناوچەی “شەبعا” لە سنوری لوبنانی کردە ئامانج کە بەهۆی ئەم هێرشەوە ٤ تا ٦ کەس لە نیزامیەکانی ئیسرائیل کوژران و بریندار بوون. دوای ئەوە ئیسرائیل دەستیکرد بە تۆپباران کردنی ئاواییه‌كانی باشووری لوبنان کە بەهۆیەوە یەکێک لە سەربازانی ئاشتی پارێزی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان کوژراوە و کەسێکی تریشیان بریندار بووە.

حیزبوڵڵا و شەخسی حەسەن نەسروڵڵا کە دەست پەروەردەی کۆماری ئیسلامین، پێوەندی و هاوکاری نزیکیان لەگەڵ رژیمی ئیسلامی دا هەیە. کۆماری ئیسلامی دوای هاتنە سەرکاری بە ئامانجی پته‌و کردنی پایەکانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی هەوڵی دا بە یارمەتیدان بە پێكهاتنی جەریاناتی شیعە لە ناوچەکەدا بە تایبەت لە لوبنان و عێراق، بەشی خۆی بەسەر هێزە دەرگیرەکان لە کێشەکانی ناوچەکەدا بسەپێنێ. رژیم لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە خه‌رج کردنی چەندین ملیارد دۆلار لە سەروەتی خەڵکی ئێران دەستی داوەتە بەهێز کردنی ئەم گروپانە و ده‌خاڵەت کردن لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا و بۆتە هۆی بڵێسەدارتر کردنی ئاگری شەڕێک کە تەلەفات و خەسارەتی زۆریان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتانە بەشوێنەوە بۆوە. حەسەن نەسروڵڵا دەبیری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە مەراسمێکدا کە بە به‌شداری هه‌ندێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ رێزگرتن لە کوژراوانی حیزبوڵڵا و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو بوو، لە سوخەنرانیەکەیدا ئیسرائیل و تەکفیریەکان کە مەبەستی گروپە ئیسلامیە سونیەکانە، لە بەرەیەکدا و رژیمی سوریە، کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵاشی کە بە بەرەی خۆڕاگری ناودەبەن خستە بەرەیەکەوە. ئەو، بە پێداهه‌ڵگوتن بە کۆماری ئیسلامی و هێرش کردنەسەر یەکیه‌تی وڵاتانی عەرەب، وتی : “تێکەڵ بوونی خوێنی ئێرانی و لوبنانی لەسەر خاکی قونه‌یتەرە نیشانه‌ی یەک بوونی كۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵایە لە مه‌سایلی چارەنووس سازدا”. بەمجۆرە نەسروڵڵا ویستی تۆوی دووبەرەکی و دوژمنی زیاتر لەنێوان خەڵکی ناوچەکەدا بچێنێت.

بەڵام سەبارەت بە تێکهەڵچونەکانی ئەم دواییە هەم هەڵوێستی نەسروڵڵا و هەم هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەرا و هوریا و جەنجاڵە تەبلیغاتیەکانیان بەتەواوی دیفاعیی بووە. “محەممەد علی جەعفەری” فەرماندەی سپای پاسداران رۆژی جومعه‌ ١٠ی مانگی رێبەندان لە سوخەنرانییەک دا وتی: “ئێمە لەگەڵ حیزبوڵڵا یەکین و وڵامەکانیشمان یەکە. وڵامی حیزبوڵڵا بۆ ئیسرائیل وڵامێکی لانیکەمیی بوو. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل کاردانەوەی بەم وڵامدانەوەیە هەبێت، دەبێ چاەڕوانی وڵامی دیکەش بێت.” كاناڵی تەلەویزیۆنی “ئەلمیادین”یش تەئیدی کرد کە “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سپای قودسی پاسدارانی ئێران دوو رۆژ دوای هێرشە ئاسمانیەکەی ئێسرائیل بۆسەر ناوچەی “قونه‌یتەرە” چۆتە لوبنان و لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا چاوپێکەوتنی بووە و هێرشی تۆڵە کرەوەكه‌ی سنورداری حیزبوڵڵا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەودا داڕێژراوە. دوای ئەنجامدانی ئەم عەمەلیاتە کاربەدەستانی ئیسرائیلیش رایانگەیاند کە پەیامێكیان لە حیزبوڵڵاوە پێگەیشتووە سەبارەت بەوەیکە حه‌زیان لە توندبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ ئیسرائیل نییه‌. بە سەرنجدان بە جێگه‌ و پێگه‌ی ئێستای حیزبوڵڵا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و رەوتی موزاکه‌راتی هەستەیی لەگەڵ گروپی ١+٥ ، ده‌كرێ هەڵوێستی دیفاعیی ئەوان قابیلی دەرک بێت.

هەروەک وترا دەوڵەتی ئیسرائیل دەستپێکەری هێرشی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی رێبەندان بوو بۆسەر واحیدێکی نیزامی “هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا ” لە ناوچەی قونه‌یتەرە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەمجۆرە عەمەلیاتانە دەیەوێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بخاتە روو. دەوڵەتی ئیسرائیل بە به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئەم ئامانجە ویستی بە دنیا و بەتایبەت بە ئامریکای نیشان بدات کە دەتوانێ بەر بە ماجەراجوییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دروست کردنی نائەمنی لە سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل بگرێت. دیارە کە دەوڵەتی جه‌نایەتکاری ئیسرائیلیش وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و جەره‌یانە کۆنەپەرستەکانی وەک حیزبوڵڵا بە پشت بەستن بە شەڕ و خوێنڕشتن لە ناوچەکەدا ئامانجە سیاسیەکانی دەباتە پێش. نه‌تانیاهوو وێڕای تاوانبار کردنی کۆماری ئیسلامی بە دروست کردنی کێشە و ئالۆزی لە ناوچەکەدا و بەشداربوونی لەم هێرشەی دوایی حیزبوڵڵا دا، سەرلەنوێ لەسەر مەترسی ئەم رژیمە بۆسەر مەوجودیەتی ئیسرائیل پێداگری کردەوە. ئەو بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە درێژەی موزاکه‌راتی هەستەیی ئێران لەگەڵ گروپی ١+٥، وتی: “ئەمە هەمان ئەو ئێرانەیە کە هەوڵدان بۆ رێكه‌وتنی هەستەیی ئەو ئیمکانەی ئەداتێ تا توانایی تەسلیحاتی ئەتۆمیه‌كه‌ی بپارێزێت. ئێمه‌ لەگەڵ ئاوا رێكه‌وتنێكدا دژایەتیمان هەیە و وەک جاران درێژە بە دیفاع کردن لەخۆمان ئەدەین”. نه‌تانیاهوو دیهەوێ نیشانی بدات کە ئەویش وەک کۆماری ئیسلامی بە کۆسپ خستنە بەردەم ئیجرای سیاسەتەکانی رۆژئاوا و ئامریکا، دتوانێ ئەوان لە راستای ئامانجەکانیدا بخاتەژێر گوشارەوە. بەڵام لە کاردانەوە بەم کردارەی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئامریکا رایگەیاند کە رووداوەکانی “شەبعا” کاریگەری لەسەر وتووێژە هەستەییەکان لەگەڵ ئێران دانانێت.

هەڵوێستی شەڕخوازانەی دەوڵەتی لیکود لە ناوخۆی ئیسرائیلیشدا کەوتۆتەبەر رەخنەی زۆر. رۆژی جومعه‌ ١٠ی مانگی رێبەندان “شیمۆن پرێز”، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل لە مەراسمی ساڵیادی مەرگی “ئاریێل شارۆن”دا بە رەخنەگرتن لە سیاسیەتە شەڕخوازانەکانی نه‌تانیاهۆ وتی: “گرینگترین بابەت ئەوەیە کە بڵێسەی ئاگری شەڕ دامرکێنینەوە نەک ئەوەی دەست بکەین بە سوخەنڕانی شوورئەنگێز.” لە لایەکی ترەوە هەڵوێستی حیزبوڵای لوبنانیش یەک زه‌ڕە لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی لوبنان نوینەرایەتی ناکات، ئەمانە هیچ ئاسۆیەکی روون بێجگه‌ له‌ له‌ناوبردنی داهاتووی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە دیاری ناهێنن.

خەڵکی ئێران لەگەڵ خەڵکی ئیسرائیل و لوبنان و سوریە و عێراق و شوێنەکانی دیكه‌ هیچ دوژمنایەتیەکیان نییە. دوژمنی سەرەکی خەڵکی ئەم وڵاتانەش وەک خەڵکی ئێران، ئەو رژیمە دیکتاتۆرە سەرمایەدارانەن کە ئەمنیەتی گیانی و ماڵی و هەستیی ئەوانیان بە بارمتە گرتووە. ئەم رژیمە جه‌نایەتکارانە بەجێگای دابین کردنی نیاز و پێداویستی رۆژانەی بەڕێچوون و دابین كردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئینسانی ئەمرۆ، ئیمکانات و سەرمایەی خەڵک و وڵات سەرفی تەوسعە تەڵەبی و دەسەڵاتخوازی لە راستای بەرژەوەندی چینەکەی خۆیاندا دەکەن. بۆ رزگار بوون لە شەڕی ئەم جه‌نایەتکارانە، رێگایەک بێجگە لە رووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم رژیمانە و بەرپا کردنی ده‌سه‌ڵاتی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش نییە.