کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه له‌ ناوچه‌كه‌، قه‌یرانی ناوخۆیی قووڵتر ده‌كاته‌وه‌

16241926529446

ده‌ستدرێژیی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ زه‌وی و ئاسمانه‌وه‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. ژماره‌ی پێگه‌ نیزامییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌ قووڵایی هه‌رێمی كوردستاندا یه‌كجار زۆر بوون و سه‌دان گوندی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ژێر گوشاری بۆمباران و تۆپبارانی ئه‌رته‌شی توركییه‌دا چۆڵ كراون. هه‌موو نیشانه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌ره‌ده‌ستێنێت. چاوپۆشیی ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریكا و چرای سه‌وزی ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌ردۆغانی وه‌سوه‌سه‌ كردووه‌ تا هه‌م ناوچه‌ داگیركراوه‌كان په‌ره‌پێبدات و هه‌م حزووری ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌م ناوچانه‌ سه‌قامگیر و دایمی بكات.

ئه‌رته‌شی توركییه به‌شێك له‌ شار و گونده‌كانی كوردستانی سووریه‌ له‌وانه‌ عه‌فرینی داگیر كردووه‌ و هاوپه‌یمانه‌ جه‌هادییه‌كانی ده‌ستیان داوه‌ته‌ جه‌نایه‌تی جه‌نگی دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان. بیانووی ده‌وڵه‌تی توركییه مه‌ترسییه‌كه‌ كه‌ گۆیا له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی توركییه ده‌كات، به‌ڵام واقعییه‌تی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ بانتر له‌م ئیدیعایه‌یه‌. ده‌ستدرێژیی توركییه بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان و كوردستانی سووریه‌ به‌شێك له‌ نه‌خشه‌ی گشتی و ناوچه‌یی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغانه‌. نه‌خشه‌یه‌ك كه‌ ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته‌ له‌ لیبی ده‌رگیر ده‌كات و له‌ وڵاتێكی دیكه‌ ڕاسته‌وخۆ دژبه‌ خه‌ڵكی بێدفاع تووشی شه‌ڕ و خراپكاریی ده‌كات.

حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ شه‌ڕی نێوان ئه‌رمه‌نستان و ئازه‌ربایجان له‌ ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ، پشتیوانیی له‌ ئازه‌ربایجان كرد و دژبه‌ ئه‌رمه‌نستان چووه‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌ و جه‌هادییه‌كانی هاوپه‌یمانی خۆی بۆ پشتیوانی له‌ ئه‌رته‌شی ئازه‌ربایجان نارده‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌.

توركییه له‌گه‌ڵ یونان، میسر، ئیسرائیل و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش له‌ شه‌ڕێكی سارد و دیپلۆماتیك دایه‌ و به‌رده‌وام به‌شێك له‌ قێبرێسی داگیر كردووه‌ و خه‌ڵكی ئه‌رمه‌نیی ئه‌م وڵاته‌ ناچار بوون ماڵ و كار و زه‌وییه‌كانی خۆیان جێبهێڵن.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ماوه‌ی ١٦ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا، پێگه‌ و وێنه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركییه‌ی به‌جۆرێك گۆڕی كه‌ تۆركییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌چاو توركییه‌ی ١٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زیاتر گۆشه‌گیر بووه‌ و له‌ بواری ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه‌ پڕ له‌ گرژی و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ییه‌. داڕێژه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركییه “داوودئۆغڵو” كه‌ ساڵه‌ها كه‌سی ده‌ستی ڕاست و مێشكی ئه‌ردۆغان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بوو و له‌ئێستادا لێی بووه‌ته‌ دوژمن، ڕۆژگارێك باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ گرژی و ناكۆكیی توركییه له‌گه‌ڵ هاوساكان و وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر سفر له‌سه‌ده‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه‌ توركییه به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ورووبه‌رییه‌كانی ڕاوه‌ستاوه‌ و له‌ هێندێك شوێن له‌گه‌ڵیان له‌ حاڵی شه‌ڕ دایه‌. حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان ئه‌گه‌رچی ئه‌ندامی ناتۆ بووه‌، به‌ڵام ساردترین و لێڵترین په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئۆرووپا و ئه‌مریكا هه‌یه‌ و حكوومه‌تی ڕووسیه‌ش حازر نییه‌ زه‌مانه‌تی پێویست به‌ توركییه بدات. ئابووریی توركییه و ئه‌رزشی لیره‌كه‌ی ڕۆژ به‌ ڕۆژ دێته‌ خوارێ و نه‌خۆشیی كۆرۆنا سه‌نعه‌تی تووریستی توركییه‌ی زه‌مینگیر كردووه‌.

ئه‌ردۆغان بێجگه‌له‌ په‌ره‌پێدانی ڕانتخۆری و گه‌نده‌ڵیی ئیداری و ماڵی بۆ هاوده‌ست كردنی به‌شی گه‌نده‌ڵی ده‌زگای حكوومه‌ت، له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵات ناچار به‌ دانی ئیمتیاز به‌ ناسیۆنالیسمی توندئاژۆ و شۆوێنیستی توركییه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ و به‌هێز كردنی ده‌زگای مه‌زهه‌ب له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌یه‌.

له‌ ئاكامی ئه‌م سیاسه‌تانه‌، جه‌مسه‌ربه‌ندی له‌ناو كۆمه‌ڵی توركییه‌دا په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و كۆنه‌په‌رستیی مه‌زهه‌بی و ناسیۆنالیسمی توندڕه‌وی تورك له‌ ئاست كۆمه‌ڵدا به‌هێز بووه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ مانای شه‌ڕ له‌ كوردستان، داسه‌پاندنی بێ مافیی زیاتر به‌سه‌ر ژنان، به‌هێزكردنی مه‌زهه‌بییه‌ توندئاژۆكان و چاندنی تۆوی بیرۆكه‌ی جه‌هادی له‌ناو كۆمه‌ڵ دایه‌. هاوكاری به‌رینی توركییه له‌گه‌ڵ تیرۆریسته‌كانی داعش، پێكهێنان و به‌هێزكردنی گرووپه‌ جه‌هادییه‌كان به‌ئاسانی بۆ توركییه ته‌واو نابێت و ئه‌م بناژۆخوازییه‌ مه‌زهه‌بییه‌ و ناسیۆنالیسمی توندڕه‌وی تورك، كۆمه‌ڵی توركییه به‌ره‌و ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌بات.

ئازادی و مافی تاكه‌كه‌سی له‌ كۆمه‌ڵی توركییه‌دا تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو سنووردار كراوه‌. ژماره‌ی به‌ندكراوانی سیاسی و به‌تایبه‌ت چالاكانی كورد، ژماره‌ی ئه‌و بڵاوكراوه‌ و میدیایانه‌ی كه‌ له‌ژێر گوشار و ده‌خاڵه‌تی حكوومه‌تدا داخراون، گوشار خستنه‌سه‌ر ژنان و نه‌ریت‌شكێنان و جیابیران، كۆمه‌ڵی توركییه‌ی به‌ره‌و سیستمێكی دیكتاتۆری و تاكه‌كه‌سی بردووه‌ كه‌ دواهات و ئاسه‌واره‌كانی له‌ هه‌موو بوارێكی‌ سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بینین.

حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان شه‌ڕێكی به‌ته‌واو مانای دژبه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ ناوخۆی توركییه، له‌ عێراق و سووریه وه‌ڕێخستووه‌ و بۆ ڕازی كردنی ناسیۆنالیسمی تورك و جه‌هادییه‌كانی هاوپه‌یمانی، هه‌موو ڕۆژێ زیاتر له‌ ڕابردوو دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان په‌ره‌پێده‌دات تا ئه‌م كۆنه‌په‌رستانه دڵخوش بكات.

پارتی دیمۆكراتی گه‌لان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ریدا سه‌ره‌ڕای كارشكێنی، ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و زیندانی كردنی نوێنه‌رانی یاسایی شاره‌وانییه‌كان و پارله‌مانی توركییه و سه‌ره‌ڕای زیندانی كردنی به‌رینی لایه‌نگرانی ئه‌م حیزبه‌، توانیی سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاو به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌ دیمۆكراتیكدا ڕێبه‌رانی كاریزمای ئه‌م حیزبه‌ی له‌وانه‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشی زیندانی كرد.

خه‌ڵكی خه‌باتكاری كورد له‌ توركییه كه‌ نزیك ٤٠ ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین ئه‌رته‌شه‌كانی ناتۆ به‌شه‌ڕ هاتوون، له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ڕابردوو بوونه‌ته‌ وه‌زنه‌یه‌كی گرینگ و قورس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كاندا و بێگومان حكوومتی ئه‌ردۆغان ناتوانێ خه‌باتی مافخوازانه‌ و ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كورد كه‌ هێزێكی گرینگ و چاره‌نووس سازی سیاسه‌تی ناوخۆیی توركییه‌ن، له‌گه‌ڵ شكست و ناكامی به‌رو‌وڕوو بكات.

خه‌ڵكی كوردستان، ژنان و هێزه‌ چه‌پ و دیمۆكراتیكه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌ردۆغان و حیزبی ئاك پارتی به‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ و به‌هێزن و له‌ خه‌باتێكی یه‌كگرتووانه‌دا ده‌توانن حكوومه‌تی گه‌نده‌ڵ و ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ شكست و ناكامیی زیاتر له‌ئاست توركییه و ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ره‌وڕوو بكه‌نه‌وه‌.