کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامانجی پشتی پەردەی ڕژیم لە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی فریوکارانەی “بێنزین بۆ هەمووان”

51370358 303

سەرەنجام پاش چەندین ڕۆژ کێشمەکێش و وتەی ناتەبای بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، محەممەدڕەزا لەواسانی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی کیش وردەکارییەکانی گەڵاڵەی ناڕوونی “بێنزین بۆ هەمووان”ی ڕاگەیاند کە قەرارە بۆ تاقیکردنەوە لەم ناوچەیە و پاشان لە سەرتاسەری ئێران بەکردەوە دەربێت.

بەوتەی ناوبراو  “نزیکەی ٥٠ لەسەد لەو بنەماڵە و کەسانەی کە ماشێنیان نییە” و لە یارانەی وزەش بێبەرین، ئەم یارانەیەیان بەردەکەوێت. بە پێی ئەم گەڵاڵەیە، بۆ کەسانی خاوەن کۆدی میللی “مانگانە ٢٠ لیتر بێنزین” تەرخان دەکرێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوت لە ٨٥ ملیۆن لیتر بێنزینی ڕۆژانە لە ئێران، نزیکەی ٧٠ لەسەد بێنزینی سەهمییەبەندی بە قیمەتی هەزار و ٥٠٠ تمەن و باقییەکەشی بە قیمەتی سێ هەزار تمەن دەخرێتە ئیختیار بەکارهێنەرانەوە.

بە واتایەکی تر لەئێستادا بۆ هەر کەس نزیکەی یەک لیتر بێنزین لە مانگدا تەرخان دەکرێت، بەڵام پاش بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی “بێنزین بۆ هەمووان” مانگانە ٢٠ لیتر بۆ هەر هاووڵاتییەکی خاوەن کۆدی میللی تەرخان دەکرێت کە بەگشتی دەبێتە ڕۆژانە ٥٥ ملیۆن لیتر بێنزین بۆ نزیکەی ٨٣ ملیۆن کەس لە جەمعییەتی ئێران. بەمجۆرە ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن لیتر بێنزین زیاد دەمێنێتەوە کە چارەنووسی نادیارە و لە لایەکی دیکەشەوە مەعلووم نییە کە ئەگەر ڕۆژانە ڕێژەی بەکارهێنانی بێنزینی ماشێنەکانی ئێران ٨٥ ملیۆن لیترە، بەکارهێنەران چۆن بە ٥٥ ملیۆن لیتر بێنزینی یارانەیی کە دەبێتە تەنیا دوو سێهەمی قەبارەی ئێستای بێنزین، پێداویستییەکانیان دابین دەکەن. لێرەدا ئاماژە کردن بە چەند خاڵ پێویستە. یەکەم ئەوەیکە ئەم گەڵاڵەیە درێژەی هەمان گەڵاڵەی هەدەفمەندکردنی یارانەکانە چونکە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا زۆری باس لێ دەکرا. ئەوکات کە باسی یارانە و هەدەفمەند کردنی یارانەکان لە ئارادا بوو، دەیانگوت کە بە هەر کەس بڕی ٤٥ هەزار تمەن وەک یارانەی وزە دەدرێت بەڵام بەم دەلیلە کە هەمووان بەشێوەی یەکسان لەم یارانە و سەهمییەی بێنزینە بەهرەمەند نابن، وەشوێن ڕێگاچارەیەکی دیکەوە بوون.

پاشان بەرەبەرە و لەگەڵ تێپەڕینی کات و لەناوچوونی بەهای پارە ئەم مەسەلەیە بەگشتی فەرامۆش کرا کە ئەم بڕی ٤٥ هەزار تمەنە بۆ چی هات و چ چارەنووسێکی بەسەر هات. تا ئەوەیکە نیهایەتەن ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لەناکاو و یەک شەوە دەوڵەتی ڕووحانی قیمەتی بێنزینی لە هەزار تمەنەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ تمەن بێنزینی سەهمییە و ٣ هەزار تمەن بێنزینی ئازاد بەرز کردەوە  و ئەم بابەتەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرین لە ئێران. ناڕەزایەتییەک کە لە سەرەتادا دژبە چوونەسەرەوەی قیمەتی بێنزین بوو، بەڵام بەخێرایی گشت نیزامی کردە ئامانج و درووشمەکانی دژبە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە و بابەتی بێنزین بەتەواو مانا گۆڕانی بەسەر هات و ئەم بابەتە بە خەزەڵوەری ٩٨ەوە گرێ درا.

دووهەم ئەوەیکە ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن مۆحسێن ڕەزاییەوە ئامادە کرا ( واتە کەسێک کە تێگەیشتن و شعووری لەو ئاستەدا بوو کە پێشنیاری دەکرد کە بە مەبەستی یارمەتی گەیاندن بە ئابووریی ئێران، بڕۆین ئەمریکاییەکان بە بارمتە بگرین و بۆ ئازاد کردنی هەر کامیان داوای یەک ملیارد دۆلار بکەین و لەم  ڕێگەوە بۆ وڵات داهاتی دراوی بەدەست بێنین” کە ئەوەش خۆی یەکێک لە گاڵتە تاڵەکانی مێژووی ئێرانە. لەئێستادا تەوەرۆم لە ئێران بێداد دەکات و لەو جێگەوە کە قەرارە بەشێکی بەرین لە خەڵکی ئێران ئەم یارانەیە بەشێوەی نەغدی وەربگرن، بێگومان دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی ڕێژەی نەختینە و لە ئاکامدا تەوەرۆمی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. بەڵام تەورۆم تەنیا بە مەسەلەی بێنزینەوە سنووردار نابێت. هەڵکشانی قیمەت لە بواری مەسکەندا کەم وێنەیە. قیمەتی خۆراک و باقیی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەخێرایی لە حاڵی چوونەسەرەوە دان. بەڵام ئەوەیکە خەڵک لە بەرامبەر گرانتر بوونی بێنزیندا هەستیارن و کاردانەوەی زیاتر لە خۆیان نیشان دەدەن بەخاتری ئەوەیە کە بێنزین کاڵایەکە لە ئیختیار دەوڵەتدا و خەڵک بەدرووستی لەم بابەتە دەگەن و دەڵێن کە بۆچی دەبێ ئەم گوشارە بەسەر خەڵکدا دابسەپێنێت.

خاڵێکی دیکەی جێگای سەرەنج لەم گەڵاڵەیەدا ئەوەیە کە دەڵێن کەسێک کە بێنزین بەکار نەهێنێت دەتوانێ سەهمی خۆی لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە بفرۆشێت. بەرپرسانی ڕژیم کە لە سەردەمی کۆرۆنادا نەیانتوانی بۆ بەشی فێرکاریی خوێندکاران مێکانیزمێک پێک بێنن تا منداڵان لە دەرس و خوێندن وەدوا نەکەون، چ زەمانەتێک بۆ کەڵک وەرگرتنی بەکارهێنەران لە وەها مێکانیزمێک بوونی هەیە. ئەو خەڵکەی کە لە ناوچە دوورەدەستەکانی ئێران دەژین، ئەو ژن و پیاوە پیرانەی کە نە مۆبایلی هۆشمەند و نە ئینتێرنێتیان هەیە  و نە تەنانەت لە زۆرێک لە باسەکانی ڕۆژ ئاگادارن، چۆن دەتوانن ئەم کڕین و فرۆشتنە ئەنجام بدەن.

هەروەها ئەم گەڵاڵەیە دەتوانێ ببێتە هۆی پێکهاتنی داهاتی کازب و پیشەی کازبی دیکە و بەرینایی گەندەڵی و کەڵکی نابەجێ وەرگرتنی ماڵی زیاتر دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی نەبوونی ڕێرخانی پێویست، ئەم گەڵاڵە “ئەپڵیکەیشێنی”یە هەر لە ئێستاوە لەگەڵ شکستی حەتمی بەرەوڕووە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ڕژیم بە ئیدیعای درۆیین دەیانهەوێ وای بنوێنن کە زەروورەتی ئەم گەڵاڵەیە ئاوڕدانەوە لە توێژی بێبەشی کۆمەڵگا و ئەو بەشە لە خەڵکە کە لە یارانەی بێنزین بێبەرین، بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی ئەم گەڵاڵەیە بردنەسەرەوەی قیمەتی بێنزین و بەدەستهێنانی داهاتی زیاترە بۆ دەسەڵات و لەپێناو پڕ کردنی کەسریی بوودجەی دەوڵەت دایە و هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک نییە.

دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لەئێستادا لەگەڵ قەیرانی کەسریی گاز بەرەوڕووە و ناوەندە سەنعەتی و وزەخانە بەرقییەکانی ئێران بەکارهێنانی مازووت و گازۆئیلیان یەکجار بردووەتە سەرێ. دەوڵەت لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا کە بە فەڕزی درێژەی گەمارۆکان ئامادە کراوە، هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ١٨٦ هەزار ملیارد تمەن بەراورد کردووە کە ٣٣ لەسەد لەمساڵ زیاترە. هەر بۆیە هەوڵی دەوڵەت  بۆ دابین کردنی ئەم ئاستە لە داهات، وێڕای بردنەسەرەوەی قیمەتەکان، هێنانە خوارەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ناوخۆیی بێنزین و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی دابەزینی هەناردەی بێنزین و مازووتە.

کەوابوو وەها بەرزبوونەوەیەکی قیمەت بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەت توێژە بێبەشانی کۆمەڵگا کارەساتبارە. لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ناوەندە چکۆلەکانی بەرهەمهێنان. لەبەر ئەوەیکە توانای زیادکردنی حەقدەست و ڕاگرتنی هاوسەنگییان لەگەڵ ئەم چوونەسەرەوەی هەزینەیە نابێت و بەمجۆرە شایەدی شەپۆلێکی بەرین لە بێکاریی کرێکارانی ئەم ناوەندانە دەبێن. ئاکامی ئەم گەڵاڵەیە بەپێچەوانەی ئیدیعاکان، نەتەنیا  هیچ یارمەتییەک بە کرانەوەی ژیانی بنەماڵەکان  و ئەو بەشە لە کۆمەڵگا کە یارانەی بێنزین وەرناگرن، ناکات، بەڵکوو بە پێکهێنانی تەوەرۆم و گرانیی زیاتر گەرووی جەماوەری هەژار و نەداری ئێران زیاتر دەگوشێت.