بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی تەوەڕوم لە کۆتایی مانگی پوشپەڕيی ئەمساڵدا گەیشتۆتە ٤٠ و ٤ دههۆمی لەسەد کە لە ٢٤ ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە. بەپێی ئەم ئامارە نرخی تەوەڕوم تەنیا لە ماوەی ١ مانگدا ٣ لەسەد بەرز بۆتەوە. بەڵام عەدەدەکانی شاخسی گشتی لە مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا بە نیسبەت مانگی پێشتر نیشانیداوە کە نرخی تەوەڕوم ٤٨ لەسەدە. نرخی تەوەڕومی خاڵ بەخاڵیش لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا ٥٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە. واتە قیمەتی کالاکان بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو لەم مانگەدا، بە شێوەی مامناوەند دوو بەرابەر بووە. لەم نێوانەدا زیاد بوونی نرخی مادەی خۆراکی و خواردنەوە بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لەسەد بووە. لەو راپۆرتەدا هاتووە:” قیمەتی کالا و خزمەتگوزاریەکان نیشانی دەدات کە ڕەوتی بهرز بوونەوەی نرخەکان لە مانگەکانی پێشو کەمێک هێورتر بۆتەوە.” ئەم ڕستە غەڵەت ئەندازەی ناوەندی ئاماری ڕژیم ههندێک کەس، بە گەشەی ئابووری لێکیانداوەتەوە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە قیمەتی کالاکان داشکاوە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە قیمەتەکان هەروا بە خێراییەکی کەمێک کەمتر لە حاڵی بەرز بوونەوەدان.
ئەم خاڵە لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی ئاماری ئێراندا، ئەسحاق جههانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری خستە هەوڵدان تا فرسەت تەڵەبانە بڵێت کە دەوڵەت توانیویەتی ههندێک لە گرێکانی قەیرانی ئابووری وڵات بکاتەوە و قوناغێک بخاتە پشت سەر. هەڵبەت ئەو نەیوت دەوڵەت کام گرێی کردۆتەوە، بەڵام نەیتوانی بیشاریتەوە کە ڕژیم چ هەژاری و فەلاکەتێکی بەسەر خەڵکی ئێران بە تایبەت کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار کۆمەڵگادا سەپاندووە. جەهانگیری بابەتی ئەو گوشارە زۆرانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، بۆ چەندەمین جار تەنیا بەیەک دەربڕینی شەرمەزاری بێنرخ ڕازی بوو. بەڵام شەرمەندە بوونی ڕژیمێکی بێ شەرم بۆ خەڵک نابێتە نان و ئاو. قسە ڕیاکارانەکانی جەهانگیری هەڵگری هیچ وەعدەیەک بۆ باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵک نەبوو. ئەو نەیتوانی هیچ بەرنامەیەک بۆ دەرچوون لەم فەلاکەتە ئابووریە پێشکەش بە خەڵکی بێکار و هەژاری لێدراو بکات. له ڕاستیدا ئامارە بڵاوكراوهكان چ لە لایەن ناوەندی ئامار و چ لە لایەن کاربەدەستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، مەودایەکی زۆریان هەیە لەگەڵ واقعیەتی بارودۆخی ئابووری مەوجود. حەسەن ڕووحانی ناتوانێ خەڵکی ئێران کە لەژێر هێڵی هەژاری و بێکاریدا پشتیان چەماوەتەوە، قانع بکات کە دەوڵەتەکەی گرێیەکی لە گرفتە ئابوورییەکانی ژیانی ئەوان کردۆتەوە. خەڵکی ئێران ئەو کاتیش بڕوایان نەکرد کە نرخی تەوەڕوم بۆتە یەک رەقەمی. خەڵکێک کە خۆی ڕۆژانە نرخی زیاد بوونی قیمەتی کالاکانی جێگای پێداویستیان ئەدەن، درۆکانی بەرپرسانی ڕژیم قەبوڵ ناکەن. چۆن دەتوانن بەم خەڵکەی قەبوڵ بکەن کە خێرایی بەرز بوونەوەی نرخەکان لە مانگی پوشپەڕی ڕابردوودا بە نیسبەت بە مانگەکانی پێشتر هێور بۆتەوە؟ ئێستا دەرسەدیکی زۆر لە بێکاری توانایی کڕینی خەڵکی گەلێک دابەزاندووە. ماوەیەک لەمهوبەر ئەندامێکی مەجمەعی دیاری كردنی بهرژهوهندییهكانی نیزام ڕایەگەیاند کە لە ١٠ مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە ٢٧٥٠ کەس لە کرێکاران لە ئێران کارەکانیان لە دەست داوه و بە ڕیزی بەرینی بێکارانەوە پەیوەست بوون. لەگەڵ ئەوەدا بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخێك كه بە هۆی تەحریمە ئابووریەکانەوە پێكهاتووه و نیازی خەڵک ئێران بە كڕینی پێداویستی ڕۆژانەیان، شایهتی دابەزینی نرخی کالاکانی جێگای پێداویستی ژیانیان نین.
بەرز بوونەوەی نرخەکان لە ئێران تەنیا لە مادەی خۆراکیدا بەرتەسک نابێتەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا کرێی ماڵیش بووهتە گرفتێک بۆ خەڵکی هەژار. تا جێگایەک کە بە ژمارەی کارتۆن خەوەکان و بنەماڵە بێ ماڵەکانەوە کە لە پارکەکان و خیابانەکاندا لە خێوهتدا دەژین زیاتر بووە. لەم پێوەندەشدا، ڕووحانی لەسەر بنەمای ئامارێکی نا واقعی وەزارەتی ڕێگا و شارسازی رایگەیاند کە کرێ ماڵ بە شێوەی مامناوەند ٣٠ لەسەد زیادی کردووە. ئەوەش لەگەڵ ئەو ئامارانەی کە لەم ڕۆژانەدا بڵاو دەبنەوە جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووحانی زیاد بوونی ٣٠ لەسەدی کرێ ماڵی” بە جێگای هیواداری” ناوبردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٦ ملیۆن بنەماڵە واتە ٢٦ لەسەدی بنەماڵەکان لە ئێران کرێ نشینن و بەشێکی زۆریان لە بارودۆخی هەژاری و بێکاریدا توانایی دانی کرێ ماڵەکانیان نییە و دەبێ ماڵ بەکۆڵ بن.
ئەم بارودۆخە فەلاکەت بارەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە. نەکبەت و موسیبەتی ئەم ڕژیمە بۆ خەڵکی ئێران لەوەدایە وێرای ئەوەی کە وەک باقی ڕژیمە سەرمایەداریەکان وەک خۆی لە قەیرانی ئابووری سەرمایەداریدا پەلەقاژەیەتی، لەگەڵ قەیرانی ساختاری زۆریشدا بەرەو ڕوویە. لەم ڕوەوە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک بەرنامەیەکی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵک هەبێت و ناتوانێ وەعدەیەک بۆ تێپەڕ بوون لەم بارودۆخە بە خەڵک بدات. ههر بۆیه دەرچوون لە بارودۆخی ئیستا لەگەڵ درێژەی دهسهڵاتی وەها پیکهاتەیەکی سیاسی مومکین نییە.
بەم جۆرە دەبینین کە تەنانەت ئامار و ئەرقامی ئابوریش نیشانەی بونبەستێکی سیاسی لە دسهڵاتی ئیسلامیدایە. بەڵام له ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی، دهسهڵاتێكی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نییە تا لە بیری ژیان و بەڕێچوونی خەڵکدا بێت. کۆماری ئیسلامی دهسهڵاتی جەنایەتکارانێکە کە لە سەرەوە تا خوارێ نوقمی گەندەڵی و دزییە. حاکمان و دەست ئەندەرکارانی ڕژیم بە دڵخوازی خۆیان دەست لە کورسی دەسەڵات بەرنادەن و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی سەرکوت درێژە بە حاکمییەتیان دەدەن و ژیانی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەروا بە بارمتە دەگرن. بۆ ڕزگار بوون لە دەست ئەم دهسهڵاته دژی ئینسانیە تەنیا ڕیگا، هاتنە مەیدانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە ڕێکخراو لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکاندا و ڕووخاندنی ڕژیم لە ئاخێزێکی کۆمەڵایەتی دایه.