کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامادە کردنی مەنشوری داخوازیە لانیکەمەکانی خەڵکی کوردستان  وەک پێوستیەک

Untitled 11 1

  شۆڕسی ژینا بە دروشمی سەرەکی” ژن، ژیان، ئازادی” شور و شەوقی بە جەماوەری ملیۆنی کرێکاران و زەحمەتکێشان، خەڵکی کوردستان، بەلوچستان، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان، ژنان، لاوان، هاوڕەگەز خوازان، ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەخشیوە تا داخوازیە لانیکەمەکان، بنەڕەتی و ئیستراتیژیکەکان جارێکی تر پێناسە و ئامادە بکەن. تازە ترین هەوڵ لەم بوارەدا لە تاریخی ٢٥ ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ بڵاو کرایەوە” مەنشوری داخوازیە لانیکەمەکانی ڕێکخراوە سەربەخۆ سینفی و مەدەنیەکانی ئێران”ە لە لایەن ناوەند و تەشەکولە سەربەخۆکانی نێوخۆی وڵاتەوە. ئەم مەنشورە شاملی کۆمەڵێک داخوازی گرنگە کە خەڵکی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ لاوان، ژنان و کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران ساڵانێکە بۆ دەستەبەر بوونیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشانی سیاسی و چینایەتیدا خەباتیان بۆ کردوە. بەڵام ئەم سەنەدە بە گشت گرنگی و شیاوی داکۆکی لێکردنی، لە باری داخوازیە لانیکەمەکانی خەڵکی کوردستانەوە کەموکورتی هەیە. خەڵکی کوردستان ٤٤ ساڵە بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵاواردن و دەستەبەر کردنی ئازادی و مافە بنەڕەتیەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دستەویەخە بوون و قوربانیان داوە.

  لە هەمان ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕژیمی ئیسلامی خەڵکی کوردستان لە پیوەند لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا داخوازیە لانیکەمەکانی لە لایەن هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردوە، کە کۆمەڵە یەکێک لە ئەندامە هەڵسوڕاوەکانی بوو لە چوارچێوەی مەنشورێکی ٢٦ مادەییدا ئامادە کرا. لەو کاتەدا کۆمەڵە وێڕای بەرنامە حیزبیەکان و سەنەدی مافە بنەڕەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، هەڵسوڕاوانە لە ئامادە کردنی سەنەدی سەرەکی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردا بەشداری کرد. ئەم مەنشورە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە شێوەیەکی بەرین پشتیوانی لێکرا. بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا ئەوی قەبوڵ نەکرد بەڵکو وڵامی خەڵکی کوردستانی بە لەشکر کێشی و کوشتار دایەوە.

  ئێستا کە” مەنشوری داخوازیە لانیکەمەکانی تەشەکولە سەربەخۆ سینفی و مەدەنیەکانی ئێران” ئامادە کراوە، جێگای خۆیەتی لەپاڵ ئەودا مەنشوری لانیکەمی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانیش نوێ و بەڕۆژ بکرێتەوە و بخرێتە بەدەم ڕای گشتی.

  کۆمەڵ کە خۆی خاوەنی بەرنامەیەکی گشتگیری بنەڕەتی خەڵکی کوردستانە، لە هەمانحاڵدا بە پشت بەستن بە ناوەرۆکی هەمان بەرنامە:” پشتیوانی لە هەر بزوتنەوەیەکی ئازادی خوازنانە و هەر جۆڵانەوەیەک کە بەشێک لە ئامانجە ڕاگەیندراوەکانی ئەم بەرنامەیەی تێدا دەستەبەر بێت دەکات و تێیدا بەشداری دەبێت.” لە درێژەی ئەم جیهەت گیرییە بەرپرسانە و شۆڕشگێڕانەدا، ئامادە کردن و دەقیق کردنەوەی ویست و داخوازیە لانیکەمەکانی خەڵکی کوردستان لە پەیوەند لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتی، لەم بارودۆخە تازەدا کە بۆتە بنەمای یەکێتی بەرین تری جەماوەری تێکۆشەر، بە پێویست و لە ڕاستای بەرژەوەندی خەڵک و شۆڕشی ئێستادا دەزانێ و بە شێوەیەکی شێلگیر پشتیوانی لێدەکات.

  ئەزمونی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ دژبە ڕژیمی سەڵتەنەتی و ئەزمونی هەموو شۆڕشە شکست خواردوەکانی ئەم چەند دەیەی ڕابردو ئەوەمان فێر دەکات کە ڕەد کردنەوە و نەویستنی ڕژیم و نیزامێکی سیاسی بەس نیە. پێویستە هێڵە سەرەکیەکانی ویست و داخوازیەکان و بەرنامەی ڕژیمی جێگرەوەش لە پێشدا بە وردی و بە دیقەتەوە خرابێتە بەردەم ڕای گشتی و سەرئەنجام لە جەریانی خەباتدا بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕەش نووسی یاسای بنەڕەتی داهاتوی ئێران ئامادە بکرێت. لە دنیای ئەمڕۆدا پێبەند بوون بە مەنشورە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ڕاگەیاندن و دامەزراندن مەرجی سەرەکی دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگا و بەشداری خەڵک لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆیدایە. بوون و قەبوڵ کردنی مەنشورە دیموکڕاتیک و یەکسانی خوازەکان فاکتۆڕێکی گرنگە بۆ برنە ژێر زەڕەبینی قسە و کرداری ئەمڕۆی ئەو هێز و ڕەوتانەی خۆیان لە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات خۆش کردوە لە ئێران و پێوانەی ڕاستەقینەش بۆ داوەری کردن سەبارەت بە کردارەکانیان ئەدات بە دەستەوە.

  ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان هەڵسوڕاوان و پسپۆڕان لەم بوارەدا بانگەواز دەکەین تا مەنشوری لانیکەمی ویست و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان لە پەیوەند لەگەڵ ستەمی نەتەوایەتیدا هاوتەریب لەگەڵ ناوەرۆکی پێشڕەو، پێشکەوتن خواز، وەحدەت تەڵەبانە و سەرتاسەری” شۆڕشی ژینا” ئامادە و بەڕۆژ بکەنەوە. دیارە کۆمەڵە لەم ڕێگایەدا هەر چەشنە هاوکارییەکی لە ڕاستای ئامادە کردنی وەها سەنەدێکدا لەدەست بێت دەیکات.