کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

     ئامادەکاری ڕژیم بۆ دەستوەردانی هەرچی زیاتر لە ژیانی تایبەتی خەڵک

سخن روز 18

لەم ڕۆژانەدا مەجلیسی ئیسلامی لە پرۆسەی پێداچوونەوە و پەسەندکردنیبەرنامەی حەوتەمی گەشەپێداندایە. ئەم بەرنامەیە گەلێک بابەتی دژە خەڵکی و بە تایبەتی دژە کرێکاریی لەخۆگرتووە کە تیایدا سیمای دزێوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا دەردەکەوێت. ڕۆژنامەیخەبەر جنوبچاپی تاران لە ژمارەی ڕۆژی دووشەممەی خۆیدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی: “مەبەست لەم بابەتە پێوانەکردنی ئاستی دینداریی و ئەخلاقی خەڵک، ڕاگەیاندراوە” .بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە دەقی مادەی ٧٥ دا هاتووە: ” ئەو دام و دەزگا جێبەجێکار و خاوەن داتابەیسە ئینترنێتانەی کە ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە، پابەندن بە پێدانی داتا و زانیاری بەردەوام و تێروتەسەل بەم سیستەمە بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێن“. لە ئەگەری پەسەندکرانی ئەم بابەتە، هەموو ئەو پلاتفۆرمە ئینتەرنێتییە ناوخۆییانەی کە خەڵک بەکاریان دەهێنن، پابەند دەبن ڕاپۆرتی وردترین بابەتی کەسیی هەریەک لە بەکارهێنەرەکانیان، لەوانە هاتوچۆی ناو شار و دەرەوەی شارەکان، هەر ئامێر و کەلوپەلێکی کە دەیکڕن یان دەیفرۆشن، تەنانەت ئەو خواردن و بەرهەمانەش کە لە سۆپێرمارکێتەکان داوادەکرێن، بە بەردەوامی ڕادەستی ئەم سیستەمە بکەن. بەمجۆرە دەبینین کە دەستوەردانی نائاسایی و سادیستیی حکوومەتی ئیسلامی لە ژیانی خەڵک تەنیا جلوبەرگی ژنان ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو بوارەکانی کار و ژیانی مرۆڤەکان لەخۆ دەگرێت. خواردنەوە مەی حەرامە، بەڵام کێشانی تلیاک بۆ مەلاکان و زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت حەڵاڵە، پیاسەکردنی کوڕ و کچێکی لاو لە پارکێکدا غەیرە شەرعییە و سیغە یان لەشفرۆشی ئیسلامی ڕێگەپێدراوە، ئەشکەنجەدان لە زیندان لەژێر ناوی تەمبێکردنی ئیسلامی، ڕێگەپێدراوە و گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی وتنی ژنان حەرامە.

لە ڕوانگەی سیستەمی وەلایەتی فەقیەوە، مرۆڤەکان بچووک و لاوازن لەمڕووەوە بە مافی خۆی دەزانێت کە دەستوەردان نەک تەنها لە تایبەتترین پرسەکانی ژیانی خەڵکەوە بگرە تا گشتی ترین پرسەکانی خەڵک و کۆمەڵگادا بکات، بەڵکوو بە ڕێوشوێن دانان و حەڵاڵ و حەرام کردنەکانی، ژیانی لە بەشی هەرەزۆری خەڵک کردوو بە دۆزەخ. حکوومەتی ئیسلامی لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە تا ڕۆژی مردنی مرۆڤەکان لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکدا، هەر لە خوێندن و پەروەردەوە بگرە تا هاوسەرگیری و تەڵاق، سەفەر و گەشتوگوزار، کار و پیشە، میرات و یاساکانی دادوەری، هەڵبژاردنی ئایین، هونەر و سینەما، کتێب و ڕۆژنامە و تەنانەت لەقیامەت و جیهانی دوای مردنیشیاندا دەستوەردان دەکات. بەڵام ئەم یاسایانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە پایەی ئیدئۆلۆژی ئەم دەسەڵاتەن، ئامرازێکن بۆ بەهێزکردنی بناغەکانی دیکتاتۆرییەتی فاشیزمی ئیسلامیش. ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام لوولەی تفەنگەکانی لەسەر سەری خەڵکی ئەم وڵاتە ڕاگرتووە. هەر لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی دەیان هەزار کەسییەوە بگرە تا پەرەسەندنی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتری ژمارەی ئێعدامەکان، کوشتنی منداڵان و تازه‌لاوان لە سەر شەقامەکان، لە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی ژنان، مامۆستایان و خانەنشینانەوە تا وێرانکردنی ماڵە بەهاییەکان و لەناوبردنی سیستماتیکی ژینگە، ئەم ڕژیمە هەموو شوێنێکی ئێرانی کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە بێگانەیە، وەک ڕێژیمێکی داگیرکەر، دەیەوێت لەدوای خۆی جگە لە سەرزەمینێکی سووتاو هیچی تر بەجێ نەهێڵێت. وەک دەڵێن سەگی هار تەمەنی کورتە، سەرەنجام حکومەتی هار و هەوسارپچڕاوی ئیسلامیش لە ئاگری ڕق و بێزاریی ملیۆنان خەڵکی ئێراندا زەمینگیر دەبێت و لەناو دەچێت. ئەوە مافی سەرەتایی هەموو تاکەکانی دانیشتووی ئێرانە کە ژیانی تایبەتییان لە هەر چەشنە دەستدرێژییەک بپارێزرێت. جیایی دین لە دەوڵەت، کورتکردنەوەی دەستی ئایین لە پەروەردە، یەکسانی بەتەواو مانای ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی، بوونی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسیی، نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی، ئازادی ڕێکخراو و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەهرەمەند بوون لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان، خوێندنی بێبەرامبەر لە هەموو ئاستەکاندا و هتدلە زومرەی ئەو مافانەن و پێویستە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەخێرایی دابین و گەرەنتی بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە ستەم چەوساندنەوە، کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و  پڕ لە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی خۆش بکات.