ڕۆژی چوارشه‌ممه ٤ی به‌فرانبار هاوكات له‌گه‌ڵ چله‌مین ڕۆژی گیان به‌ختكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتییان له خۆپیشاندانه‌كانی دژه ده‌وڵه‌تی له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ، كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكی شاره‌كانی ده‌ورووبه‌ر له‌سه‌ر گڵكۆی ئه‌م قوربانییانه كۆبوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكی شاره‌كان و بنه‌ماڵه‌ی قوربانییان به ئاماده‌بوون له‌سه‌ر گڵكۆكه‌یان، ڕێزیان له یادیان گرت. شایانی باسه، به سه‌دان كه‌س له خه‌ڵك له ئاوایی “له‌دراز”ی له‌ردێگان له‌سه‌ر گڵكۆی “فه‌رشاد حاجی پووی میلاسی” كۆبوونه‌وه و ڕێزیان له یادی ئازیزی گرتووه. “فه‌رشاد حاجی پووی میلاسی” ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٦ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له ئه‌نجامی كوشتاری خه‌ڵكی ماه‌شه‌هر و به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كان گیانی له‌ده‌ستدا. هاوكات، ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ناوچه‌ی “بازفت” له ئۆستانی چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، بۆ ڕێزگرتن له چله‌مین ڕۆژی گیان به‌ختگرتنی “سه‌فه‌ر عه‌یدی وه‌ندی” له‌سه‌ر گڵكۆی ناوبراو كۆبوونه‌وه. هه‌روه‌ها له سه‌روبه‌ندی چله‌مین ڕۆژی كوژرانی دوكتور “بۆرهان مه‌نسوورنیا” به ده‌ستی هێزه‌كانی ڕژیم له كرماشان، كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكی ئه‌مشاره بۆ ڕێزگرتن له یادی ئازیزی له‌سه‌ر گڵكۆی ناوبراو كۆبوونه‌وه و ڕێزیان له یادی گرت.