“هوشمەند عەلیپوور”، زیندانیی سیاسی خەڵکی سەردەشت، پاش پێنج ساڵ و نیو بهندكران له زیندانی سنه و پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەکانی، ئازاد کرا.
“هوشمەند عەلیپوور”، چەند جار لە زیندان وەك ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی مافی پارێزبەندی و هەروەها ڕەتکردنەوەی مافی مۆڵەت بۆ بەشداریکردن لە پرسەی براکەی، مانی لە خواردن گرتبوو. “ژیان عەلیپوور”، برای هووشمهند كۆڵبەر بووه و لە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ بە تهقهی هێزهكانی ڕژیم له سنووری سهردهشت كوژراوه. “هوشمەند عەلیپوور” ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەگەڵ “محەممەد وهستاقادر”، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەقز، لەلایەن ئیدارهی ئیتلاعاتهوه لە دەوروبەری سەقز دەستبەسەر و بۆ گرتووخانهی ئیتلاعاتی سنه گوازرانهوه. دوای ١٠٨ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ زیندانی سەقز و دواجار بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزران. جهلهسهی دادگاییكردنیان ڕۆژی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە نهیارهكانی ڕژیم” بەڕێوەچوو. لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵدا، حوکمی ئێعدام بۆ “هوشمەند عەلیپوور” و پێنج ساڵ زیندان بۆ “محەممەد وهستاقادر” ڕاگەیەندرا. دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانگی خەرمانانی ٩٨، دادگای باڵای وڵات ئەم حوکمەی هەڵوەشاندەوە و ڕەوانەی لقی دووی دادگای ئینقلاب لە شاری سنە کرا و ناوبراو بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا.