به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به كۆڵبه‌رنیووز، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، “سووسه‌ن ڕازانی” چالاكی كرێكاری و مه‌ده‌نی خه‌ڵكی شاری سنه پاش ١٦ ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ركران، به دانانی وه‌سیقه و به‌شێوه‌ی كاتی له زیندانی سنه ئازاد كرا.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، “سووسه‌ن ڕازانی” له به‌رواری ٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات ڕاگوێزرا. ناوبراو پێشتریش له ١١ی گوڵانی ١٣٨٧ی هه‌تاوی و له ڕۆژی جیهانی كرێكار دا هاوڕێ له‌گه‌ڵ “شیوا خه‌یرئابادی”، “عه‌بدۆڵڵا خانی” و “سه‌ید غالب حسێنی” له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌لایه‌ن دادگاوه به ٩ مانگ زیندانی ته‌علیقی و ٧٠ زه‌ربه شه‌لاق مه‌حكووم كرابوو. شایانی باسه كه “شیوا خه‌یرئابادی” به ٤ مانگ زیندانی ته‌علیقی و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق و “عه‌بدۆڵڵا خانی” به ٩١ ڕۆژ زیندانی ته‌عزیری و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق و “سه‌ید غالب حسێنی” به شه‌ش مانگ زیندانی ته‌عزیری و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق مه‌حكووم كرابوون.