کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی خەباتکارانی بەندکراو لە سەرووی داخوازییەکانەوەیە

Zendani.jgeg

خەباتی سەرتاسەریی مامۆستایان لە ئاستێکی بەرین و سەرتاسەریدا هەروا درێژەی هەیە. کۆماری ئیسلامی نە توانای خامۆش کردنی بڵێسەی ئاگری بزووتنەوەی مافخوازیی مامۆستایانی هەیە و نە دەشیهەوێ ملکەچی خواستی مامۆستایان بێت. سەرانی ڕژیم لەسەر ئەو باوەڕەن کە پاشەکشە لە بەرامبەر خواستی ئەمڕۆی مامۆستایان، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بزووتنەوەی مافخوازی لە بوارەکانی دیکەدا. لە حاڵێکدا کە توانای سەرکوتی ڕژیم لە بەرامبەر تاکتیکی خەباتکارانەی مامۆستایاندا بەکردەوە زەمینگیر بووە، ڕفاندن و زیندانی کردنی چالاکان و ڕێبەرانی ئەم حەرەکەتەی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە و هاوکات هەوڵ دەدات تا چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان “ئەمنییەتی” لەقەڵەم بدات. پەروەندەسازییان بۆ دەکات تا بۆ دەرکردنی حوکمی قورس لەدژیان بەستێنسازی بکات.

لەئێستادا دەیان مامۆستای خەباتکار لە شارە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری ئێران ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم کراون. کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە مامۆستایانی خەباتکار، ڕێبەران و کەسایەتییە خەباتکار و بەرجەستەکانی خۆیان بەتەنیا ناهێڵنەوە و خواستی ئازادیی ئەوان لێبڕاوانەتر لە ڕابردوو دەبێتە یەکێک لە خواستە هەمیشەییەکانی بزووتنەوەی مامۆستایان.

بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی، ژنان و پیاوانی شەریف و ئازادیخوازن کە لە مافی سەرەتایی ئینسانەکان، لە ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنی، لە مافی بەرابەریی ژن و پیاو، لە هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن دژبە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، لە دیفاع لە ژینگە، لە مافی پێکهێنانی ڕێکخراو و حیزب، لە مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن.

ئەم ڕژیمە لە ماوەی پتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتیدا، بەهەزاران بەندکراوی سیاسیی ئێعدام کردووە و سەدان هەزار کەسی دەستبەسەر، ئەشکەنجە و زیندانی کردووە. کام بنەماڵە، گەڕەک، کارخانە، ئیدارە و تەنانەت ئاوایی لە ئێراندا بوونی هەیە کە تێیدا کەس یان کەسانێک لە بنەماڵە، هاوگەڕەکی و هاوکارانیان بۆ ماوەیەک زیندانیی سیاسی نەبووبن و یان ناچار بە دوور خرانەوە نەکرابن؟

جۆراوجۆربوونی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران خۆی نیشانەی جۆراوجۆر بوون و فرەچەشنیی دژایەتی و نەفرەتی توێژ و چینە نەیارەکانی خەڵکە بە بیروباوەڕی سیاسی جیاوازەوە دژبەم ڕژیمە. کۆمۆنیستەکان، مامۆستایان و هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ڕۆژنامەوانان و نووسەران، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، چالاکانی کۆمەڵایەتی و کلتووری، پارێزەران و زانایان، فێمێنیستەکان و چالاکانی مافی ژن، مووزیسیەن و هونەرمەندان، فیلمسازان و هیتر، خۆی دەرخەری ئەوەیە کە بەشێکی بەرین لە خەڵکی ئێران لە هەر توێژ و بە هەر بیروباوەڕێکەوە، دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامین.

ئامارێكی ورد له‌ ژماره‌ی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ئێران بوونی نییه‌.  ڕژیم ئه‌ساسه‌ن حاشا له‌ بوونی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ئێران ده‌كات و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی سیاسی به‌ زیندانییانی ئه‌منییه‌تی ناو لێده‌بات. كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنییه‌وه هه‌موو زیندانه‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تیی ته‌حویل وه‌رگرت و له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌دا به‌ سه‌دان زیندانی نهێنی و بێ ناو و نیشانی به‌م زیندانانه‌ زیاد كرد. ڕژیمی ئیسلامی نه‌ته‌نیا ژماره‌ی به‌ندكراوانی یه‌كجار برده‌ سه‌رێ به‌ڵكوو تۆمه‌تی به‌ندكراوانیشی به‌ بیانووی ئه‌منییه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئه‌منیه‌تی نیزام یه‌كجار په‌ره‌پێدا. ڕژیم هیچ جۆره‌ جیابیری و دژایه‌تییه‌ك له‌ هیچ بوارێكی ژیانی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ ڕه‌سمییه‌ت ناناسێت و ئه‌م ئاراستانه‌ به‌ مه‌ترسییه‌كی جیددی بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێناسه‌ ده‌كات.

زیندان جێگای هیچ ئینسانێکی شەریف و ئازادیخواز کە بۆ دیفاع لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی، بۆ بەرابەری و هەڵوەشاندنەوەی ستەم و هەڵاواردن، بۆ مافی ئینسان و ژیانێکی باشتر بۆ ئینسانەکان خەبات دەکات، نییە. زیندان جێگایەکی یەکجار گونجاوە بۆ دەسەڵاتدارانی جەنایەتکاری ئیسلامی، بۆ ئەشکەنجەدەران و ئاخوندە قیزەون و فریوکارەکان کە کارەسات و نەهامەتییان بەسەر ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێراندا سەپاندووە.

دیفاع لە بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت خەبات بۆ ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی مامۆستایانی بەندکراو، دیفاع لە بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی، ئەرکی خێرا و ئینسانیی هەموومانە.

هیچ كه‌س نابێ به‌ تاوانی خه‌بات بۆ مافی خۆی، به‌ تاوانی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژبه‌ فه‌لاكه‌ت و سته‌م، به‌ تاوانی هه‌بوونی بیروباوه‌ڕی جیاواز و ئه‌نجامدانی چالاكیی سیاسی ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی بكرێت. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت كه‌سێك بخرێته‌ گۆشه‌ی زیندانه‌وه‌، ئه‌وه‌ هۆكار و خوڵقێنه‌رانی ئه‌م باروودۆخه‌ن كه‌ ده‌بێ بڕۆنه‌ زیندان. واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆڵه‌كانی خه‌ڵك زیندانی  و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی وا جگه‌رگۆشه‌كانی خه‌ڵك ده‌كوژن و له‌ گۆڕه‌ بێ ناو و نیشانه‌كانی ده‌هاوێن، ئه‌وانه‌ی وا سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا به‌تاڵان ده‌به‌ن و ڕه‌نج و بێبه‌شی و بێمافیی به‌رین به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنن. پێویستە خواستی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی خەباتکارانی بەندکراو بکەوێتە سەرووی داخوازییەکانەوە.

بارگه‌ و بنه‌ی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامی، واته‌ ده‌سه‌ڵاتی تیرۆر و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ پێویسته‌ به‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش و سته‌ملێكراوی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵبگیرێت و له‌ دواڕۆژی سه‌ركه‌وتندا، ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسی وه‌ك به‌شێك له‌ جاڕنامه‌ی شۆڕش، به‌ هێزی ڕاپه‌ڕیو له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات ڕاگه‌یه‌ندرێت و به‌ڕێوه‌بچێت.