کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخێزی خەڵکی مهاباد و پشتیوانی خەڵکی باقی ناوچەکانی تری کوردستان

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی گوڵان خەڵکی تێکۆشەری شاری مهاباد لە نارەزایەتی بە دەور و نەخشی کەسانی سەر بە رژیمی کۆماری ئیسلامی لەبه‌رامبه‌ر مەرگی فەریناز خوسرەوانی، لینسانس و ٢٥ ساڵ و کارمەندی هوتێل تارا، رژانەسەر شەقامەکان. بەپێی ئەو زانیارانەی لەبەردەستدان، رۆژی دووشەممە ١٤ ی مانگی گوڵان بۆ رزگار بوون لە پیلانێک کە لەلایەن خاوەن هۆتێل و مەئمورێکی رژیمەوە دارێژرابوو، تا دەستدرێژی جنسی بکەنە سەر هەڵدێتە نێو باڵکۆنی نهۆمی چواری هۆتێلەکە و بە تەلەفون کەسوکاری ئاگادار دەکاتەوە. ئەو کەسانەی دەچن بەهانەیەوە لە لایەن خاوەن هۆتێلەکەوە بەریان پێدەگرێ و ناهێڵێ بچنە قاتی چواری هۆتێلەکە. هاوڕێیه‌کانی فەریناز بەناچار دەچنە باڵکۆنی نهۆمی سێ و بانگی دەکەن. کچەش بە بینینی هاوڕێ و کەسوکاری خۆ بە نەردەکانەوە هەڵدەواسێ تا بە یارمەتی ئەوان بتوانێ خۆی بگەیەنێتە باڵکۆنی نهۆمی سێ. بەڵام بە هۆکارێك کە هێشتا روون نییە، دەکەوتەخواره‌وه‌ و بەهۆی زەربەی مەغزی گیان لەدەست ئەدات. دیارە بۆ ئاشکرا بوونی راستی و دروستی وردەکاری رووداوەکە و ئەو ره‌وایەتانەی لێی دەکرێت، کات پێویستە.بەڵام شتیک بۆ ئەو خەڵکەی لە خیابانەکانی مهاباد دا ئامادە بوون ئاشکرا بوو. ئەوان دەیانزانی کە هوتێل تارا هی یەکێک لە مۆرە بەدناوەکانی رژیمە و هوتێلەکەی شوێنی هاتوچۆی کاربەدەستانی ئیتلاعاتی، سپایی و مودیرانی ئیداراتی دەوڵەتی بووە و لە رێگای بەکرێکیراویەوە بۆتە خاوەنی سەروەتێکی کەڵان، باخ و باخاتی بەرین، گاوداری و مورغداری.

خەڵک سێ رۆژ مۆڵەتیان دا تا رەنگە خودی کاربدەستانی لە راستای گرتن و سزادانی ئەم پیلانگێڕانەدا هەنگاو بنێن. لەو ٣ رۆژەدا دەرکەوت کە چەقۆ دەسکی خۆی نابڕێ و کاربەدەستانی دەوڵەتی و ئیتلاعاتی لە مهاباد بە بڵاو کردنەوەی درۆ و وەک خۆکوشتن نیشاندانی مەرگی ئەم کچە، ئامانجی پەرەدەپۆش کردنی دەور و نەخشی مۆرە ئیتلاعاتیەکانیان هەیە.427
رۆژی ١٧ی مانگی گوڵان خەڵکی ناڕازی سەرەتا لە مەیدانی “مەلاجامی” کۆبونەوە و بەدەم وتنەوەی دروشم بەرەو هوتێل تارا وەڕێکەوتن. ئەوە راست رۆژێک بوو کە موعەلیمانی شاریش، وەک موعه‌لیمانی باقی شارەکانی تری ئێران، مانیانگرتبوو بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان لەبەردەم ئیدارەی ئاموزش و پەوەرش دەستیاندابووە دەربڕینی ناڕەزایەتی. ناڕازییان، کە بەهۆی پەیوەست بوونی بەردەوامی خەڵک بە ریزیانەوە ببونە هەزاران کەس، سەرەتا هوتێلەکەیان چۆڵ کرد و ئاگریان تێبەردا.رژیم هێزی ئینتیزامی، سپایی و بەسیجیەکی زیاتری بۆ بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی ناڕازی بەڕێکرد و ئەوانی بە تفەنگی ساچمەیی کردە نیشانە. خەڵک بەدەستی بەتاڵ بەڵام بە ئیرادەیەکی پوڵایین لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم تێکهەڵچوون. لەم بەرەوڕوو بوونەوەدا دەیان کەس بریندار بوون کە ژمارەیان بەتەواوی روون نییە. کاربەدەستانی رژیم ئاماژەیان بە بریندار بوونی ٢٥ کەس کردووە کە ٧ کەسیان لە کەسانی سەربە رژیمن. بەپێی زانیاری شاهیدانی عەینی، ژمارەی کەسانی بریندار گەلێک لەوە زیاترە. کێشمەکێشی خەڵکی تێکۆشەر و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تا سه‌عات ٢ ی بەرەبەیانی رۆژی ١٨ی گوڵان درێژەی بوو.کاربەدەستانی ئەمنیەتی دوای هێنانی هێزی کۆمەکی لە میاندواو، ورمێ و تەورێزەوە بۆ توند کردنەوەی کەش و هەوای خەفەقان و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی بۆ شارەکانی تر، كۆمه‌ڵێك لە خەڵکیان گرت کە هێشتا ژمارەیان نادیارە. رژیم کە نیگەرانی پەرەسەندنی نارەزایەتیەکان بوو، بۆ شارەکانی تری کوردستان، هێزێکی زۆری لە ئۆستانەکانی دەوروبەرەوە هێنایە شارەکانی کوردستان و بە دامەزراندنیان لە شەقام و مەیدانی شارەکان، بەکردەوە حکومەت نیزامیەکی رانەگەیەنراوی دامەزراند. سەرەڕای ئەم کردارانە کۆمەڵێک حەرەکەتی پڕژوبڵاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەنجامدران. لە شاری سەردەشت ئێوارەی رۆژی شەممە ١٩ ی گوڵان سەدان کەسی خۆپیشاندەر بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مهاباد لە مەیدانی “سەرچاوە” بەرەو مەیدانی “سەلاحەدینی ئەیوبی” رێپێوانیان کرد و قین و بێزاری خۆیان سەبارەت بە جەنایەتەکانی رژیم نیشاندا. مەئمورانی رژیم بە تیرئەندازی و هێرش بۆسەر خەڵک، چەند کەسێکیان بریندار و ژمارەیەکیشیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.رۆژی ١٨ی گوڵان لە شاری دیاربەکری تورکیە، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مهاباد کۆبونەوە رێکخرا و پیلانێک کە بوو بە هۆی مەرگی فەریناز خوسرەوانیان مەحکوم کرد. لەم رۆژەدا لە شاری سولەیمانی کوردستانی عێراق لەسەر بانگەوازی سازمانە مەدەنیەکان و ژنان، لە پارکی نالی کۆبونەوە رێکخرا و دەور و نەخشی مۆرەکانی رژیم لە مەرگی فەریناز خوسرەوانی و سەرکوتی خەڵکی تێکۆشەری مهاباد لە لایەن هێزی تایبەتەوە مەحکوم کرا و داوا لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرا پشتیوانی لە داواکاری رەوای خەڵکی مهاباد بکەن.جێگای ئاماژەیە کە هاوکات بوونی ئەم ناڕەزایەتیانە لەگەڵ ساڵگەردی ئێعدامی جەنایەتکارانەی موعەلیمی ئازادیخواز “فەرزاد کەمانگەر” و چوار کەس لە هاوبەندیەکانی بە ناوەکانی: “عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان” کە لە بەرەبەیانی ١٩ ی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩، مەخفیانە و بەبێ ئاگاداری وەکیل و کەسوکاریان لە مەحه‌وەتەی پارکینگی زیندانی ئیوین لە لایەن دەزگای قەزاییەوە ئێعدام کران و بەشوێنیدا مانگرتنی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە ٢٣ی مانگی گوڵانی هەمان ساڵدا، زیاتر لە پێشوو رژیمی کۆماری ئیسلامی توشی ترس و وەحشەت کردووە.ئاخیزی خەڵکی تێکۆشەری مهاباد و دیفاع لە کچێکی لاو و بوێر کە تەسلیمی بەکرێگیراوانی کاسەلێسی رژیم نەبوو یەکێکی تر لە نیشانەکانی زیندوو بوونی رۆحیەی خۆڕاگرییە لە خەڵكێکدا کە بە خەباتی زیاتر لە ٣٠ ساڵەی خۆیان ئامرازەکانی سەرکوتی رژیمیان کول کردووە. پشتیوانی خەڵکی باقی شارەکانی کوردستان لە خەڵکی مهابادیش لەسەر ئەم راستیە جەخت دەکاتەوە. هەستیاری ئەم خەڵکە سەبارەت بە چارەنووسی ژنان، نیشانەی شکستهێنانی ئەو کردارە دژبە ژنانەیە کە لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا بە تەبلیغات، قانون، پۆلیس، پاسدار و ئەشکەنجە هەوڵیدا ژنان وادار بە تەسلیم بوون بکات، پیاوسالاری بەهێز بکات و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان دابەزێنێ. خەڵک لە مهاباد، وەک ژنان و پیاوانی تێکۆشەری دانیشتوی ئیسفەهان کە دوای ئەسید پاشیەکان رژانەسەر شەقامەکان و بەکرێگیراوانیان ناچاربە راگرتنی کردارە جەنایەتکارانەکانیان کرد، دەتوانن بەکرێگیراوان وادار بە قەبوڵ کردنی داواکاریەکانیان بکەن. ئەمرۆ خەباتکاران لە کوردستان بە شێوەی دیاریکراو داواکاری ئەوەن کە:سەبەبکارانی جەنایەتی قەتڵی فەریناز، بناسڕێن، محاکەمە بکرێن و سزای شایستەی خۆیان وەربگرن. سەرجەم ئەو کەسانەی كه‌ لە نارەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، هه‌رچی خێراتر ئازاد بکرێن. حکومەتی نیزامی رانەگەندراو لە کوردستان هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی بە حزوری بەرینی هێزەکانی رژیم بهێندرێت کە بە ئامانجی سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە شارەکاندا جێگیر کراون.