زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بڵێین كاتێك كه مێژووی پرۆسه‌ی ڕووخاندنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی نووسرا، ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ر، پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌و مێژووه‌دا ده‌بێت. چونكه ئه‌م ئاخێزه، به‌قووڵی سیاسی و له به‌ستێنی هه‌موو ئه‌و باروودۆخه بابه‌تیانه‌دا بوو كه بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین ده‌بات. ئه‌وه ڕاسته كه ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له درێژه‌ی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦دا بوو، به‌ڵام درووشمه‌كان، به‌شداربووان، داخوازییه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ڕژیم له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاخێزه، گه‌لێك جیاوازیی گه‌وره‌ی ده‌رخست. ئه‌گه‌ر ئاخێزی به‌فرانبار، دابڕان له هه‌موو ئه‌و وتارانه بوو كه گیان سه‌ختانه بۆ چه‌ندین ده‌یه كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵگای ئێرانیان داگرتبوو و به‌جۆرێك، هه‌موو ڕووداوه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا به شه‌ڕ و كێشمه‌كێشی نێوان بانده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێ درابوو، ئه‌م ئاخێزه به ئاشكرا ده‌ستپێكی قۆناغێك بوو تا ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵك وتاری خۆیان و شه‌ڕ و كێشمه‌كێشی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی مه‌ودای زه‌مانیی نێوان به‌فرانباری ٩٦ و خهزهوڵوهری ٩٨، له گۆڕانكاریی مێژوویی كۆمه‌ڵگایه‌كدا، یه‌كجار كه‌مه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه له‌و مه‌ودایه‌دا هه‌ڵگیران، هه‌ركامیان ڕێگایه‌كی یه‌كجار دوور و درێژیان بڕی. مانگرتنی كرێكارانی هه‌فت ته‌په، فولادی ئه‌هواز، هێپكۆ و ئازه‌رئاب، مانگرتنی شۆفیر كامیۆنه‌كان و موعه‌لیمان، ناڕه‌زایه‌تیی خوێندكاران، لابردنی حیجاب له لایه‌ن ژنانی بوێر و درووشمی “نان، كار، ئازادی، ئیداره‌ی شۆرایی“، هه‌ر هه‌موویان، نیشانه‌ی ئه‌وه بوون كه له ناخی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، پۆتانسیه‌لی مه‌زنی ڕاپه‌ڕینێك چاوه‌ڕوانی چهخماخهیهكه تا سه‌رهه‌ڵدات و گر و تینی گشت كۆمه‌ڵگا داگرێت. ڕاگه‌یاندنی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣٠٠ له‌سه‌دیی قیمه‌تی بێنزین، له ٢٤ی مانگی خهزهوهڵوهر، ئه‌و چه‌خماخه‌یه بوو كه له ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێردا، پتر له ١٩٠ شاری ئێرانی ڕاپه‌ڕاند. بێبه‌شانی شار و دێ، په‌راوێزنشینان، لاوانی وه‌گیان هاتوو و بێ داهاتوو، پتر له یه‌ك حه‌فته به‌شه‌ڕ هاتن، هێرشیان كرده سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی خورافه‌ی ڕژیم، سهمبۆلهكانی نه‌زمی سه‌رمایه‌دارییان ئاگر تێبه‌ردا، كۆمیته‌ی دیفاع و یارمه‌تییان له گه‌ڕه‌كه‌كان پێكهێنا، تاكتیكی هێرشبه‌رانه و وشیارانه‌یان بۆ بڵاوه‌پێكردنی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به‌كار هێنا. ئاكامی وه‌حشیگه‌ریی ڕژیم، له ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌كدا ، كوژرانی پتر له هه‌زار و ٥٠٠ كه‌س و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی پتر له ٧ هه‌زار كه‌س بوو كه زۆریان هێستاش هه‌ر له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دان. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵك سه‌ركوت كرا به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه، ده‌توانین بڵێین كه شكستیان نه‌خوارد. ئه‌وان پاشه‌كشه‌یان كرد تا چه‌كه‌كانیان بۆ نه‌به‌رده‌كانی داهاتوو ئاماده بكه‌نه‌وه.
سه‌رانی ڕژیم ئه‌م ئاخێزهیان “فیتنه‌ی ئاژاوه‌گێڕان” ناولێنا كه گۆیا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانه‌وه ڕێكخراوه. به‌ڵام خه‌ڵك له ناو ڕیزه‌كانی خۆیاندا، ئه‌و تارماییانه‌ی كه گۆیا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانه‌وه هاتبوون، نه‌ده‌بینی. خه‌ڵك له په‌نا خۆیانه‌وه هاوساكانیان، كرێكار له پاڵ ده‌ستیه‌وه هاوكاری ناڕازیی خۆی، خوێندكار هاوكلاسییهكانی خۆی، موعه‌لیمان، هاوكاران و شاگردانی خۆیانیان ده‌بینیه‌وه. كاتێكیش كه وێنه‌ی ژماره‌یه‌ك له قوربانیانی ڕژیم له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه بڵاو بۆوه، كاتێك كه بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌بوونی به‌ڕێوه‌بردنی ههمووجۆر ڕێوڕه‌سمێك، كوژران و به‌ند كرانی ئازیزانیان ڕاگه‌یاند، مه‌علووم بوو كه هیچ تارماییه‌ك له نیوه شه‌وی ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له جه‌ره‌یان نه‌به‌ردی ڕۆژانی داهاتوودا، له سنووره‌كانه‌وه تێنه‌په‌ڕیوه تا بێت و ئه‌م ئاخێزه ڕێك بخات! له ڕاستیدا داخوازیه‌كانی خه‌ڵك ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی ناته‌با بوو كه نه ته‌نیا ئه‌وان به‌ڵكوو تارماییهكانیشیان نه‌یانوێرا سنووره‌كان ببه‌زێنن و له‌و ئاخێزه‌دا به‌شداری بكه‌ن. له ڕاستیدا، بێبه‌شان، لاوانی وه‌گیان هاتوو، په‌راوێزنشینان، كه له مه‌ودای نێوان ئاخێزی به‌فرانباری ٩٦ تا خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، هه‌زارن ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاران، موعه‌لیمان، ماڵبهتاڵانچووان، خانه‌نشینان و ژنانیان دیتبوو و له هێندێك له‌و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا به‌شدار ببوون، ئه‌مجاره‌یان هاتبوونه مه‌یدان و ببوونه ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی مه‌یدانی نه‌به‌رد.
ئه‌م ڕژیمه خه‌ڵكی له پانتایی ملیۆنیدا به‌ره‌و هه‌ژاریی تۆخ بردبوو، ئه‌م ڕژیمه هه‌موو ڕۆژێ كاڵا ئه‌ساسیه‌كانی سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی به‌تاڵان بردبوو، ئه‌م ڕژیمه منداڵانی له باشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیاندا له جیات ڕۆیشتن بۆ مه‌دره‌سه، كردبووه منداڵانی كار و سه‌رشه‌قام، قه‌یرانی ئابووری له وه‌ها پانتاییهكدا كۆمه‌ڵگای له‌خۆدا نوقم كردبوو كه هیچ تاكتیك و فروفێڵێك له لایه‌ن ڕژیمه‌وه نه‌یده‌توانێ داماوییهكانی داپۆشێ. سه‌رانی ڕژیم خۆیان دانیان به‌وه داده‌نا كه ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهنانی و سه‌نعه‌ت، یه‌ك له‌دوای یه‌ك داده‌خرێ و له ئاكامدا ده‌یان هه‌زار كرێكار ئاواره‌ی سه‌رشه‌قامه‌كان بوون، خۆیان ڕایانده‌گه‌یاند كه ئاماری په‌راوێزنشینان گه‌یشتووه‌ته ٢٤ ملیۆن كه‌س و له جه‌رگه‌ی ئه‌م باروودۆخه‌شدا كرێكاران به ڕوونی ده‌یانبینی كه چلۆن حه‌قده‌سته مه‌مره و مهژێیهكانیان له لایه‌ن خاوه‌نكارانه‌وه، به بیانووی نابووت بوونی ناوهندهكهیانهوه، ده‌فه‌وتێ. خانه‌نشینان ده‌یان بینی كه سندووقه‌كانی ته‌ئمینی ئیجتماعی و سندووقه‌كانی خانه‌نشینی، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی كهسری بوودجه به‌تاڵان ده‌بردرێ و هاوكات هه‌موو ڕۆژێ هه‌واڵی گه‌نده‌ڵی و دزیی ملیاردییان ده‌بیست. كه‌وابوو هیچ دهلێلێك بوونی نه‌بوو كه ببنه ته‌ماشاچیی قوربانی بوونی خۆیان. هه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره ناڕازییه له پانتاییه‌كی به‌ریندا، به یه‌ك حه‌فته خه‌ویان له‌چاوی ڕژیم تاراند و ڕژیم بهخۆفهوه ماشێنی سه‌ركوته‌كه‌ی وه‌ڕێخست. به‌ڵام سه‌ركوتی ئه‌م ئاخێزه به‌مانای شكستی جه‌ماوه‌ری وه‌گیان هاتوو نه‌بوو. ئه‌م ئاخێزه، ئه‌گه‌ر له لایه‌كه‌وه سه‌ركه‌وتنی ئامانج خوازی و شۆڕشگێڕی، سه‌ركه‌وتنی هاوپشتی و موقاومه‌تی بوێرانه بوو، له لایه‌كی دیكه‌وه، داماویی ئه‌م ڕژیمه دژه مرۆییه‌ی بۆ هه‌مووان وه‌ده‌ر خست كه بێجگه‌له زمانی گولله، به هیچ زمانێكی دیكه ناتوانێ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری ناڕازی بدوێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش یه‌كێك له ده‌رسه گه‌وره‌كانی ئه‌م ئاخێزه بوو. ئه‌گه‌ر پێویسته خه‌ڵك ڕزگار بن، ئه‌گه‌ر پێویسته برسییه‌تی نه‌مێنێ، ئه‌گه‌ر ژنان پێویسته شه‌للاقی بێبه‌زه‌یانه‌ی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی بپسێنن و كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری نه‌مێنێ، ئه‌گه‌ر پێویسته مۆری كۆتایی له په‌راوێزنشینی و كاری منداڵان بدرێت، ئه‌گه‌ر خانه‌نشینان له ته‌مه‌نی به‌ساڵاچوویی دا نابێ دیسان ناچار به‌كار كردن ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر خوڵقێنه‌رانی سه‌روه‌ت پێویسته ببنه خاوه‌نانی كارخانه و كارگه‌كان، ئه‌گه‌ر پێویتسه زانست جێگای خورافه بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێدادگای ده‌سه‌ڵاتداران پێویسته ببێته دادگای به‌دواداچوونی جه‌نایه‌ته‌كانیان و ده‌یان ئه‌گه‌ری دیكه، كه‌وابوو، ڕێگایه‌ك بێجگه‌له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری و به‌زه‌بری هێز، له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژیمه، بوونی نییه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه، دوایین نه‌به‌رد له دوایین سه‌نگه‌ردا ده‌بێت. له ئێستادا پێویسته نه‌به‌ردی دیكه ڕێك بخرێت و سه‌نگه‌ری دیكه هه‌نگاو به هه‌نگاو فه‌تح بكرێت. پێویسته فێربین كه شه‌قام و كارخانه نابێ به‌جیا خه‌بات بكه‌ن. پێویسته فێربین كه چۆن ڕێكخراوه سهرتاسهریهكان، كۆمیته‌كانی مانگرتن، كۆمیته‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان پێك بێنین. پێویسته فێری ئه‌وه بین ئه‌گه‌ر چینی كرێكاری شۆڕشگێڕ، ڕێبه‌ری كارخانه و شه‌قام بێت، ڕێگه نادات كه به‌رهه‌می گیانبازییهكانی خه‌ڵك، بكه‌وێته ده‌ست ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازییه‌وه.