کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئابووریی داڕماوی ڕژیم به‌ هه‌ر بایه‌ك وه‌له‌رزه‌ ده‌كه‌وێ

d934b6b1 d9f0 46cf 98de 5eb6f770391c 300x169 1

d934b6b1 d9f0 46cf 98de 5eb6f770391c 300x169 1

پاش په‌سه‌ندكرانی بڕیارنامه‌ی شۆاری حۆكامی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی دژبه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو، ئه‌رزشی تمه‌ن له‌ بازاڕه‌كانی ئێران، به‌رده‌وام هاتووه‌ته‌ خوارێ. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٣ی مانگی پووشپه‌ڕ، هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكا ڕۆیشته‌ سه‌رووی ٢٠ هه‌زار تمه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ مێژووی ئێراندا بێ وێنه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت سه‌رچاوه‌ ناڕه‌سمیه‌كان باسیان له‌ ڕه‌قه‌می له‌وه‌ سه‌رتریش كردووه‌. حه‌سه‌ن ڕووحانی و ناسر هێمه‌تی، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕایانگه‌یاند كه‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی دراو، ڕیشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئابووریی نییه‌ و هۆكاره‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هاندان و كرده‌وه‌ی ده‌روونیی له‌ ئاست نێونه‌ته‌وه‌ییدا و وتیشییان كه‌ ئه‌و شۆكانه‌ی‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌ بازاڕی دراو دراون، كاتین. به‌ڵام كارناسانی ئابووری هۆكاری هاتنه‌خوارێی ئه‌رزشی تمه‌ن و هۆكاری ئه‌وه‌یكه‌ خه‌ڵكی ئێران ڕوویان كردووه‌ته‌ كڕینی زیاتری دراوی ده‌ره‌كی ، ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی.

ابه‌دوای په‌سند كرانی بڕیارنامه‌ی شۆرای حۆكامی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی كه‌ به‌ده‌نگی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ندامانی په‌سه‌ند كرابوو، دابه‌زینی ئه‌رزشی تمه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی دیكه‌دا‌‌ ده‌ستی پێكرد. خه‌ڵك، به‌ بێ بایه‌خدان به‌ وته‌ی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم، ڕوویان كردووه‌ته‌ كڕینی دۆلار و یۆرۆ. ئێسحاق جه‌هانگیری جێگری یه‌كه‌می ڕووحانی جه‌ختی كردبووه‌وه‌ كه‌ په‌سه‌ندكردنی وه‌ها بڕیارنامه‌یه‌ك، كاریگه‌ریه‌ك له‌ سه‌ر ئابووریی ئێران دانانێ. جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و غه‌ریب ئابادی، نوێنه‌ری كۆماری ئیسلامی له‌م ئاژانسه‌، پێشتر وێڕای هه‌ڕه‌شه‌ی پڕوپووچ، وتبوویان كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاڕنامه‌یه‌ په‌سند بكرێ، كۆماری ئیسلامی وڵامێكی گونجاو و كرده‌وه‌یه‌كی پێویست ئه‌نجام ده‌دا. له‌ بڕیارنامه‌كه‌ی شۆرای حۆكامدا داوا له‌ كۆماری ئیسلامی كراوه‌ كه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژانسه‌ به‌ته‌واوی هاوكاری بكات و له‌ پشكنینی كارناسانی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌ دوو سایته‌ نوێیه‌كه‌‌ ڕێگری نه‌كرێت. به‌ باوه‌ڕی ئاژانس، له‌م سایتانه‌دا، ڕژیم هه‌وڵی داوه‌ كه‌ چه‌كی ئه‌تۆمی به‌رهه‌م بێنێت.

له‌و جێگه‌وه‌ كه‌ بڕیارنامه‌كه‌ی شۆرای حۆكام له‌ لایه‌ن سێ وڵاتی سه‌ره‌كیی ئۆرووپا واته‌ ئاڵمان، فه‌ڕانسه‌ و ئینگلیسه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ” به‌ باوه‌ڕی ئێمه‌، لابردنی گه‌مارۆی چه‌ك و چۆل، كاریگه‌ری ئه‌ساسی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ داده‌نێ“، نیگه‌رانیی خه‌ڵكی ئێران له‌ خراپتر بوونی باروودۆخی ئابووری به‌هۆی توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆكان زیاتر بووه‌ و له‌خۆرا نییه‌ كه‌ خه‌ڵك زیاتر ڕوویان كردووه‌ته‌ دراوه‌ به‌نرخه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌، به‌دوایدا، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٣ی پووشپه‌ڕ، ئه‌مریكا پێشنووسێكی‌ خسته‌ ئیختیار هاوپه‌یمانانیه‌وه‌ كه‌ تێیدا داوای له‌ ئه‌ندامانی شۆرای ئه‌منییه‌ت كردووه‌ كه‌ گه‌مارۆی چه‌ك و چۆڵی سه‌ر كۆماری ئیسلامی، به‌ شێوه‌ی بێسنوور دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها، حه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ڕاپۆرتێكدا ته‌ئیدی كرد كه،‌ ئه‌و مووشه‌كانه‌ی كه‌ له‌ هێرش بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كانی عه‌ره‌بستاندا به‌كارهاتبوون، “سه‌رچاوه‌ی ئێرانیان” بووه‌.

كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر توندبوونه‌وه‌ی گوشاره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆكان، به‌ خۆگێل كردن له‌ باروودۆخی فه‌لاكه‌تباری بژێویی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، له‌سه‌ر درێژه‌ی سیاسته‌كانی هه‌تا ئێستایان پێداگری ده‌كه‌ن كه‌ ئابووریی ئێرانیان بردووه‌ته‌ سه‌ر لێواری داڕمان. هه‌ڵبه‌ت بۆ زۆرێك له‌ به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم درێژه‌ و توندبوونه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزیه‌كان، كه‌ش و هه‌وایه‌كی گونجاوتریان بۆ دزی و گه‌نده‌ڵی بۆ ده‌خوڵقێنێ و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ چاو له‌ باروودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن. قالیباف، سه‌رۆكی دز و جه‌نایه‌تكاری مه‌جلیسی ڕژیم، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، پاش په‌سندكرانی بڕیارنامه‌ی ئاژانس، له‌ دانیشتنێكی مه‌جلیسی ئیسلامیدا ڕایگه‌یاند كه‌: “ئه‌و سێ وڵاته‌ ئۆرووپاییه‌ چیی وا له‌ ئه‌مریكا كه‌متر نین. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، به‌رپرسانی نیزامی ئیسلامی ته‌واوه‌ن هاوده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ موقاومه‌تی چالاكانه‌، بژارده‌یه‌كی ستراتێژیكه‌”. ئاشكرایه‌ كه‌ درێژه‌ی داسه‌پاندنی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ بووه‌ته‌ هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و بێكاری و گرانیی و برسیه‌تیی به‌رده‌وامی خه‌ڵك و ئاستی كێشه‌ و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشی بردووه‌ته‌ سه‌رێ. بێگومان، درێژه‌دانی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ به‌ڕوونی نیشانی ده‌دا كه‌ ژیانی و گوزه‌رانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بۆ سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه‌ هیچ بایه‌خێكی نییه‌.

به‌ڵام هۆكاری ئه‌م باروودۆخه‌ فه‌لاكه‌تباره‌ ئابووریه‌ و هاتنه‌خواره‌وه‌ی نرخی تمه‌ن، ناكرێ ته‌نیا بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ گه‌مارۆكان و بڕیارنامه‌كان. به‌ڵكوو هۆكاری دیكه‌ش له‌وانه‌ قه‌یرانی ئابووری سه‌رمایه‌داری، هاتنه‌خواره‌وه‌ی قیمه‌تی نه‌وت و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رچاوی قه‌باره‌ی نه‌خدینه‌ی ناو بازاڕ و دابه‌زینی بێ وێنه‌ی توانای كڕینی خه‌ڵك، له‌ په‌نا گه‌نده‌ڵی و دزیی هه‌زاران ملیاردی و گه‌نده‌ڵیی جێكه‌وتوو له‌ گشت ئه‌م سیستمه‌، له‌ زومره‌ی باقیی هۆكاره‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابووریه‌ دێنه‌ ئه‌ژمار. هه‌ڵبه‌ت بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌رگباری ویرووسی كۆرۆناش له‌ ئێران، كه‌ ڕژیم هه‌وڵێكی جیدیی بۆ نه‌داوه‌، به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی پێشوو زیاد بووه‌.

له‌ ڕاستیدا ئابووریی ڕژیم له‌وپه‌ڕی خراپی خۆی دایه‌. سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ وێڕای ئاماژه‌ به‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی پاشكه‌وتی دراوی ئێران،  پێشبینیی كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵی داهاتوودا، ئه‌و پاشكه‌وته‌ دیسان ئه‌وه‌نده‌یكه‌ش كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گاته‌ نزیك به‌ ٦٥ ملیارد دۆلار. به‌ ئیعترافی عه‌باس مووسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، له‌ ئێستادا ته‌نانه‌ت كۆره‌ی باشووریش به‌ڕه‌چاوكردنی ڕێوشوێنی ئه‌مریكا، پاره‌ی فرۆشی نه‌وته‌كه‌ی بلۆكه‌ كردووه‌ و نایداته‌وه‌ به‌ ڕژیم. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا، حه‌سه‌ن ڕووحانی، به‌وپه‌ڕی بێ هیواییه‌وه‌، هه‌وڵ ده‌دات كه‌ له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دراوی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ هه‌نارده‌ی ڕانتخۆران و سه‌رمایه‌داران بۆ ئێران و یان له‌ ڕێگه‌ی فرۆشی به‌ڵگه‌ی قه‌رز‌ و هه‌ڕاج كردنی دارایی و زه‌ویه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان، بتوانێ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نه‌خدینه‌‌ كۆنتڕۆڵ كات. ئه‌وه‌ش بێجگه‌له‌ داماویی و مایه‌پووچ بوونی دسه‌ڵاتی ئیسلامی هیچ مانایه‌كی دیكه‌ی نییه‌. ڕووحانی، به‌و په‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه‌، داوا له‌ خه‌ڵكی كرێكار و هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا ده‌كات كه‌ بارودۆخ و كێشه‌ی بژێوی ده‌رك بكه‌ن. ئه‌وه‌ش بێجگه‌له‌ سه‌پاندنی باری سه‌ره‌كیی قه‌یرانی ئابووری به‌سه‌ر شانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و هه‌ژاری و برسیه‌تیی زیاتر، مانایه‌كی دیكه‌ی نییه‌.

به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا، خه‌باتی كرێكاران و باقیی زه‌حمه‌تكێشان دژبه‌و هه‌ژاری و بێكاریه‌ی كه‌ ڕژیم دایسه‌پاندووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. له‌ ئێستادا، مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسنی زاگرۆس، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی موعه‌لیمانی تاران، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كاشی كارانی ئیسفه‌هان و ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دیكه‌ له‌ جه‌ره‌یان دایه‌. بێ گومان، كرێكاران له‌ ده‌سه‌ڵاتداران و خاوه‌نكارانی سه‌رمایه‌ خۆش نابن و مافی خۆیانیان لێده‌ستێنن.